سەردێڕ:

پەروەردە بۆ کوێ؟!

7/23/2019 11:15:38 AM
6515 جار خوێندراوەتەوە
سیروان حاجی ئەمین
+ -

دروستکردنی تاکێکی سەربەخۆ و ئازاد لە رووی پەروەردەیی و زانستیەوە ئەرکی دامەزراوەی پەروەردە و پەروەردەکارانە ، زۆر بەداخەوە لێرەدا نازانرێت فەلسەفەی وەزارەتی پەروەردە لە کوردستان چیە و ئامانج و پلانیان چیە ،بۆیە پرۆسەی پەروەردەکردن لە کوردستاندا لە قۆناغی شڵەژان و ھەرەمەکیدایە، کە نازانرێت لە ئەنجامدا چی ڕوودەدات و بگرە کارەساتی پەروەردەییشی لێ دەکەوێتەوە،بۆ نموونە
١-گرنگیدانی وەزارەتی پەروەدە بە کەرتی تایبەت(قوتابخانە ئەھلیەکان) و پشتگوێخستنی کەرتی حکومی، لە ھەمان کاتدا ھەمان مامۆستا کە بە پارەیەکی زۆر کەمتر لەو پارەیەی وەریدەگرێت لە کەرتی حکومی ، پابەندە بە ھەموو رێنماییەکانی دەزگاکە و بە دەوامێکی زۆر زیاترەوە، یان ڕاستەوخۆ کەسێک کە تەنھا بڕوانامەیەکی ھەبێ دەکرێتە وانەبێژ بە بێ ئەوەی ھیچ جۆرە تێستێکی زانستی و پەروەردەیی  بۆ بکرێت و  بە بێ ئەوەی بەشداری خولێکی پەرەوەردەیی توکمەی پێ بکرێت. ئایا ئەمە نەبوونی پلان و سەرلێشێواوی نەبێت چیە؟!
٢-بە چ لۆژیکێک پرۆگرامی قوتابخانە و خۆێندنگاکان بە خولێکی ھاوینەی یەک دوو مانگی لە بەناو ”پەیمانگا”کان تەواو دەکرێت؟!بەڵام بە زیاتر لە ھەشت مانگ خۆێندن لە قوتابخانە و خۆێندگاکانی حکومی تەواو ناکرێت و فێر ناکرێن.
٣-بوونی مەلزمە و نەمانی پەرتووکی قۆناغەکانی خۆێندنی وەزارەتی پەروەردە کە لە ئێستادا وای لێ ھاتووە لە پۆلی یەکی بنەرەتیەوە تا دوانزەی ئامادەیی ھەمووی بووەتە بازرگانیکردن، ئەویش بە کردنی پەرتووکەکان بە مەلزمەیەکی سارد و سڕ کە ئەم کارە دوور لە ھەموو بنەما پەروەردەییەکانە.
٤-ئایا رۆڵی مامۆستا چیە لە دەزگا پەروەدەییە حکومیەکان؟ کە نەتوانێت بە نۆێترین شێوازی فێرکردن و فێربوون فێرخواز پەروەردە بکات، لەولاشەوە بە خولێکی ماوە کورت و لە مەلزەمەیەکی ساردوو سڕدا،لە کابینەیەکدا بە ژمارەیەکی زۆر فێرخوازەوە لە پۆلێکدا فێرکردن ڕوو بدات؟!.ئەگەر وایە بۆچی دەوامی فەرمی پەروەردەکان بۆ تەواوکردنی قۆناغێکی خۆێندن ساڵێکی پێویستە! ئەگەر بە پێێ خولەکان بێ پێویستە فێرخواز چوار ساڵی خۆێندن بە ساڵێک ببرێت.
لێرەدا پێویستە وەزارەتی پەروەردە و پەروەردە گشتیەکان دەست بخەنە سەر کێشەکان ، ئایا پرۆگرامی خۆێندنە یان مامۆستایە یان نەبوونی رێنمایی و یاسا یان ھەبوونی یاسا و رێنماییە بەڵام تەنھا نووسینە ناکرێتە کردار(کارگێری بێ توانا)، پێویستە وەزارەتی پەروەردە ریفۆرمێکی زانستی و پەروەردەی بەپەلە ئەنجام بدات، ئەگەرنا تاکێک دروست دەبێت کە روو لە دەزگا نافەرمی و نازانستی و نا پەروەردەییەکان بکات، ئەمەش لە ئایندەدا دارووخان و کارەساتی پەروەردەی و زانستی و نیشتیمانی گەورەی لێ دەکەوێتەوە.