سەردێڕ:

مەلا بەختیار بۆچی مام جەلال بەخیانەتکار دەشوبھێنێت؟

9/2/2019 3:32:46 PM
8792 جار خوێندراوەتەوە
سەرکەوت مەلا ئەفەندی
+ -

کاتێک وتارێک لەسەر ئاکاری مەلا بەختیار بنوسم زۆر ھەوڵ دەدەم بەرێگایەک نوسینەکەم داڕێژم کە ھیچ نەبێ بتوانم یەک دو سیفاتی جوانی بنوسمەوەو ھاوسەنگیەک ڕاگرم، بەڵام کاتێک ئاکارو کردارەکانی و مێژووی شاخ و شاری لەبەردەستدایەو ھیچ سیفاتێکی ئیجابی تێدا نیە ناچار دەبێ بگەڕێمەوە بۆ ئەو پێناسەیەی کە فەیلەسوفی یۆنانی سوقڕات بۆ پیاوەتی دەیکات و دەڵێت" پیاوەتی زانستە و پووچایەتی نەزانیە، واتە مرۆڤ کاتێک پەی بە پیاوەتی دەبات، ئیدی بەدەستی دەھێنێت، مەحاڵە مرۆڤ پەی بە پیاوەتی ببات و پیادەشی نەکات. 
لێرەدا سوکرات داوامان لێ دەکات روو لە زانین بکەین، جا ئەگەر ئێمە لە ئاکارناسی بکۆڵینەوە، ئەوا روو لە مەردایەتی و پیاوەتی دەکەین و پشت لە پووچ و چرووکی دەکەین.لەسەر ھەمان دیدو بۆچونەکانی سوقڕات و لەژێر ڕۆشنایی پێناسەکەی ئەودا بۆ مەلا بەختیار وگەڕانەوە بۆ ساڵانی رابردووی تەمەنی و ئێستای دەردەکەوێت کە مەلا لەکۆنەوە تائێستا ھەڵگری ھەمان عەقڵیەت و بیرکردنەوەو ھەمان ئەخلاق و پیاوەتیەک بوە کە سوقڕات بە چروک و پوچ ناویھێناوە.
لەکتێبی دیداری تەمەن داو لە لاپەڕە ،۱۱٦ دا، مام جلال دەنوسێت: لەکاتی گرتنی نەوشیروان مستەفا لەلایەن حزبی سۆسیالیستەوە، ویستییان ( مەبەستی مەلا بەختیار و ھاوریکانیەتی) سود وەرگرن، کەوتنە ئیستفزازکردنی سۆسیالیست و وایان دەویست بەڵکو نەوشیروان بکوژن،چونکە ئەوان ھەرچی بۆ یەکیەتی خراپ بوایە و دژی یەکیەتی بوایە ئەوەیان پێباشبوو، لە روودا خۆیان بەدۆست و لە بنەوە ھەرچییان پێبکرایە دەیان کرد.
ئەم وتانەی مام جەلال لەسەر مەلا بەختیار تەواو ئەو راستیەمان بۆ روندەکاتەوە کە مەلا پیاوێکی ھەلپەرست بووە، ھەمیشە بەدوای دەرچەیەکدا گەڕاوە تا دۆستەکانی پێش نەیارەکانی پێ تاوانباربکات و پاشقولیان لێبگرێت و بیاندات بەزەویدا، ھەموو ئەمانەش لەکۆنەوە تائێستا بۆ ئەوەبوە کە بیەوێ زەوی لەبەر پێیدا تەخت بێت و ببێتە کەسی یەکەمی حزب، بەڵام ئەوەی ئەو دەیویست بۆی نەچوە سەرو لەم کۆتاییانەی تەمەنی دا خراوەتە دەرەوەی حزب و گۆشەگیر کراوە، ھەربۆیە جاروبار بەناوی پێشنیارکردنی پڕۆژەو نوسینی چەند سەرەقەڵەمێکەوە دەیەوێ ناوبھێنێتەوە نێو ناوان، ئەو ھەمیشە دەیەوێت بە دروستکردنی گومانی خراپ لەسەر ھاوڕێ دێرینەکانی مێژووی پڕ لە ھەلپەرستی و سیخوڕیکردن و کوشتنی نەیارەکانی لەسەر سفرەی میوانداری بشارێتەوە، ڕێک وەک ڤایرۆسێکی مشەخۆر کە بەسەر جەستەی ئەوانی دیکەوە دەژیت مەلا بەختیاریش دەیەوێ بەسەر مێژووی ھاوڕێکانیەوە بژی و لەپێناو تێرکردنی خۆیدا ئامادەیە دەست بۆ ھەناوی ئەوان ببات و دایڕزێنێت، ئەوەتا دوێنێ لەنوسینێکدا کە لەژێر ناونیشانی "یادی ئازاد ھەورامی و بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسی " لەپەیجی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بوک بڵاویکردووەتەوە بەشێوەیەکی سیستماتیک و لە ساڵیادی گەورەترین خیانەتی ۳۱ ئابی پارتی دا بەرامبەر بە گەلی کورد ھێرشی توند دەکاتە سەر مام جەلال و بەخیانەتکاری ھاوشێوەی خیانەتی ۳۱ی ئاب دەیشوبھێنێت!
لەنوسینەکەیدا مەلا بەختیار دەڵێت "یەکێتی و پارتی، لەکۆبونەوەی رەسمیدا، رێککەوتوین کە نە ئەوان باسی سەردەمی جەلالی بکەن و نە ئێمەش باسی ٣١ی ئاب بکەین "!
ھەروەھا دەشڵێت "نامەوێ سەرئەنجام ببمە ھۆی ئەوەی، پارتیەکانیش، باسی روداوی جەرگبڕی تر بکەن دژی یەکێتی !"
گەر تێفکرین بۆ وتەکانی مەلا بەختیار بکەین و ھێنانەوە بەرباسی سەردەمی جەلالیەت و ھاوتاکردنی مام جەلال و جەلالیەت بە خیانەتێکی وەک ۳۱ی ئاب گەورەترین ناحەقیە کە بەمام جەلال و مێژووی پڕخەبات و تێکۆشانی کراوە، دەستبردن بۆ جەلالیەت و دروستکردنی گومانی خراپ و ناشیرینکردنی ئەو مێژووەیە کە لەزەمەنێکدا لوتکەی قارەمانێتی و وەستانەوە بوە لەدژی خێڵ و یاسا پاوانخوازیەکانی بنەماڵەیەک کە نەک ھەر عەیبە نیە، بەڵکو شانازیەکی گەورەیە.
مەلا بەختیار کە خودی خۆی خاوەنی مێژوویەکی جوان نیە، ئەوکاتانەی لەشاخ بوو لەپێناو مانەوەی خۆیداو پەیداکردنی عەزەمەت و خۆدەرخستن بەدەرلەوەی کە خەریکی حزب جیاکردنەوەو تەکەتولات و بڵاوکردنەوەی وتاری دژی شۆڕش بوو بەناوی خوازراوەوە ئامادەیی ئەوەشی تێدابوو کەسیخوڕی بۆ قیادە موەقەتە بکات و لەگەڵ جەوھەر نامیق و قادر دوبزی دا کۆببێتەوەو ھەموو نھێنیەکانی سەرکردایەتی شۆڕشیان پێبدات و دەستی لەگەڵیان تێکەڵکردبوو، ئەمەش لەکاتێکدا بوو کە قیادە موەقەتە دەستیان سوربوو بەشەھیدکردنی دەیان پێشمەرگەی یەکێتی و وەگ گەڕیدەیەک لەھەرچوارپارچەی کوردستان دەگەڕان تا کەسێک بدۆزنەوە کە ھاوخەباتی سەرکردایەتی شۆڕش بێت و بیکوژن، وەک ئەوەی لە کوردستانی باکوردا دکتۆر شڤانیان بەشەھیدکردن دا، ھەرئەوەش وایکردبوو کەلە ترسی ئاشکرابوونی کارە بەدناوەکانیدا بۆ قیادە موەقەتە و دواتریش پارتی لەکۆتاییەکانی خەباتی شاخ دا لەیەکێتی جیاببێتەوە، گەڕانەوە بۆ مێژووی شاخ کارێکی زەحمەت نیە، وە مێژوویەکیش نیە دووربێت و لەئێستادا لەبیری کەسمان دا نەمابێت!
لەدوای راپەرینیشەوە مەلا بەختیار کاتێک ساڵی ۱۹۹۵کە بەتەواوی واز لە زەحمەت کێشان دەھێنێت و دەگەڕێتەوە نێو ڕیزەکانی یەکێتی بەھەمان نەفەسی شاخ و ھەوڵدان بۆ بچوککردنەوەو تەسلیمکردنی یەکێتی دەست بە جموجوڵ و نوسینی بێ بنەماو قسەی زۆرو زەوەندی بێ کردار دەکاتەوە، زۆرێک لەوکێشانەی ئێستاش یەکێتی پێیانەوە دەناڵێنێت لەدوای کۆنگرەی سێی یەکێتیەوە دروست دەبوون کە مەلا بەختیار سەرپەرشتی دەکرد، لەوکاتەوە تاھەنوکە ئەم پیاوە نەیتوانیوە قەناعەت بە دووکەس بکات کە لەھەڵبژاردنەکان دا دەنگ بەیەکێتی بدەن، بەپێچەوانەوە بووەتە ھۆی دەرپەڕاندنی ھەزاران کادرو ئەندامی حزب، ئاخر ھەر ئەمەش وایکردبوو کە کاتێک نەوشیروان مستەفا بزوتنەوەی گۆڕانی جیاکردەوەو زۆرێک لەئەندامانی یەکێتی لەگەڵ خۆی برد ئەونوکتەیە بڵاوبوویەوە کە دەوترا "مەلا بەختیار چووەتە لای مام جەلال و پێی گوتوە چیبکەین یەکێتیەکان ھەموویان جێیان ھێشتین و چونە لای نەوشیروان مستەفا، لەوەڵامدا مام جەلال گوتبوی مەلا تۆ بڕۆ بۆلای نەوشیروان مستەفا ھەموو یەکێتیەکان دێنەوە" !