سەردێڕ:

بۆچی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە دەستپێکی قوناغێکی نوێدایە؟

7/18/2019 11:58:12 PM
18555 جار خوێندراوەتەوە
مەسرور بارزانى
+ -

 دوای ١٦ ساڵی ئاڵۆزیی و پشێوی و پێنج ساڵی جەنگێکی خوێناوی لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستی داعش، کە مەترسی خستە سەر تەواوی مرۆڤایەتی، قۆناغێکی نوێمان لە پێناو بنیاتنانی کوردستانێکی بەھێزتر دەستپێکردووە.

چوار ساڵی داھاتوو، کاتێکی گرنگ دەبێت بۆ ئێمە و دراوسێ و ھاوپەیمانەکانمان، بە جۆرێک وەک حکومەتی ھەرێمی کوردستان، چاو دەبڕینە تێپەڕاندنی ڕووداوە شۆکھێنەرەکانی ئەم دواییانە، ھەروەھا کار بۆ پتەوکردنی پێگەکەمان لە ناوچەکە و مسۆگەرکردنی بوون و ئامادەییمان لە سەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی دەکەین. بە کورتی، دەمانەوێت سەرەتاییەکی نوێ دەستپێبکەینەوە.

ھەفتەی رابردوو حکومەتێکم بۆ بەڕێوەبردنی ھەرێمی کوردستان پێکھێنا. ئەرکی من ئەوەیە، لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەوەدا، ئەو شێوازە بگۆڕم کە کارەکانی پێ ئەنجام دەدەین. وەک سەرۆک وەزیران، رێگایەکی جیاواز بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان دەخەمەڕوو، کە پشت بە دەستکەوتەکانمان دەبەستێت و وەڵامگۆی داینامیکییەتێکی جیھانی پێشکەوتووە.

شەڕکردن لە ‌دژی داعش، کە لەبری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕابەرایەتیمان کرد، لە ‌ڕووی ئابوورییەوە زیانی پێ گەیاندین. بارگرانییەکە بە جۆرێک بوو بەرگەی ناگیرێت. تێچووی جەنگ و کەمکردنەوەی بڕی بودجەی فیدراڵی لە لایەن حکومەتەوە لە بەغدا، ھەروەھا کۆچی بە کۆمەڵی پەنابەر و ئاوارەکان بۆ ھەرێمەکەمان، ھەموو ئەمانە، چەندین ملیار دۆلار قەرزیان بۆ جێ ھێشتووین.

‎لە ھەموو ئەو سەختی و ئازارانەی چەشتمان، وەک ھاوڕێ و ھاوپەیمانی ڕۆژئاوا و ھاوبەشێک لە ناوچەکەدا ماینەوە. لەو کاتەی داعش لە ناوەڕاستی ٢٠١٤ـدا، دەستی بەسەر ڕووبەرێکی فراوان و بەشێکی گەورەی رۆژئاوای عێراق و رۆژھەڵاتی سووریادا گرت، سەلماندمان، کە جەنگی ئێمە لە دژی تیرۆریستان، بە قەد ئەوەی پەیوەندیی بە پاراستنی خۆمانەوە ھەبوو، ئەوەندەش پەیوەندیی بە پاراستنی ھاوپەیمانەکانمانەوە ھەیە.

‎زانیارییە ھەواڵگرییەکانمان چەندین ھێرشی تیرۆریستیان لە وڵاتانی دەرەوە پووچەڵ کردەوە، داڵدەی نزیکەی ‌٢ ملیۆن کەسمان دا کە لە دەستی ستەم و زۆردارییەوە ڕایان کردبوو. زۆر بەڕوونی نیازپاکیی خۆمان وەکو ھاووڵاتییەکی جیھانیی نیشاندا، ئەمە جیا لە پەنادان و پاراستنی عەرەب، کورد، موسڵمان، ئێزدی، کریستیان، تورکمان و پێکھاتەکانی تر. بە ‌دووریی تەنیا ١٠ کیلۆمەتر لە باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان، ناوچەیەکی کریستییانەکان ھەیە کە لە ھەموو سووچێکی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستەوە ھاتوون، کڵێسا درووست دەکەن و بە ئاشتی رێورەسمە ئایینییەکانیان بەجێ دەگەیەنن.

لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا، تێچووی پەنابەرانی دیکە ‌روو لە زیادبوونە و بە شێوەیەکی نیوەچڵ کۆمەک دەکرێن. لەم نێوەدا ناتوانین بە تەنیا وەک خانەخوێی میواندۆست ڕۆڵی خۆمان بگێڕین، بەڵکو پێویستیمان بە مسۆگەرکردنی ‌داھاتووی خۆمان و ئاوارەکانە، بۆ ئەمەش چاومان لە ھاوکاریی ھەمەجۆری ‌دۆست و ھاوڕێکانمانە لە ‌ڕۆژئاوا.

ئالنگارییەکان لە ‌ناوخۆی ھەرێمی کوردستانەوە ‌دەستپێدەکەن، کە بە ‌درێژایی مێژوو نیشتمانی ئێمە بووە. وەک سەرۆک وەزیران، بەرمەبنای باشترین رێکار و رێوشوێنە جیھانییەکان، کۆمەڵێک چاکسازی دەکەم کە تەواوی کەرت و باڵە خزمەتگوزارییەکان بگرێتەوە و ئەنجومەنی وەزیرانیش ڕووبەڕووی لێپرسینەوە بکاتەوە.

حکومەتەکەم ئابورییەکی ھەمەچەشن بونیاد دەنێت، کە خۆشگوزەرانیی زیاتر بۆ ھەمووان بەدی بھێنێت. یاساگەلیک دادەڕێژین بۆ ئەوەی کوردستان پێگەیەکی سەرنجڕاکێشی ھەبێت بۆ ڕاکێشانی وەبەرھێنەرەکان. ھێزە چەکدارەکانمان دەکەینە یەک و رێکیان دەخەینەوە و نوێیان دەکەینەوە. کار بۆ ئەوە دەکەین خزمەتگوزارییە گشتییەکان و چارەسەکردنی گەندەڵیی، ببنە زامنی ئەوەی کە حکومەت خزمەتی ھاونیشتمانیان بکات، نەک ‌پێچەوانەوەکەی. بۆ ئەم گۆڕانکارییەش، دۆستەکانمان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە رووی سیاسی و داراییەوە ھاوکارمان بن.

بۆ دووبارە ریکخستنەوە و راگرتنی ‌پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، کە ‌لە ‌ماوەی ١٦ ساڵی رابردوو بەردەوام لەگرژیدا بووە، ھەنگاوی پێویست دەگرمەبەر. زۆربەی ئەو ماوەیە بە شێوەیەکی سەرەکی، پشتمان بە خۆمان بەست، بەبێ ئەوەی پەیوەندییمان لەگەڵ عێراق ببڕین.
بە رێککەوتن پشکێکمان لە ‌بودجەی عێراق ‌بەدەست دەگەیشت، بەڵام زۆر بە دەگمەن دەرماڵە و ھەقە داراییەکانی دیکەمان بە تەواوی وەرگرتووە. ئێستا کاتی ‌ئەوە ھاتووە ھاوبەشی و پەیوەندییەکی بنیاتنەر ‌و ھاوسەنگ و سەقامگیرمان لەگەڵ بەغدا ھەبێت.

وەک سەرۆک وەزیران، ئەم ھەفتەیە سەردانی عادل عەبدولمەھدی، سەرۆک وەزیرانی عێراقم کرد و بە ئامانجی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوانمان لە پەیوەست بە نەوت، ناوچە جێناکۆکەکان، بودجە و ڕۆڵی ھێزە چەکدارەکانمان، کۆمەڵیک پێشنیازم خستنە روو. دەمەوێ لە رێگای دابەشکردنی ھاوسەنگ و دادپەروەرانەی بودجەوە، رێز لە ڕێککەوتنەکانمان بگیرێت. ئەم بڕیارەش دەتوانێت بناغەیەکی پتەوی ھاوکاریی نێوانمان بێت بۆ ئاییندە. دواڕۆژی ئێمە پەیوەستە بە عێراقێکی سەقامگیر و دیموکرات.

ساڵی ٢٠١٧، ھەرێمی کوردستان ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامدا، دەنگدانەکە ھیچ پابەندبوونێک یان مولزەم نەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ٩٣%ی خەڵک، بە (‌بەڵێ) دەنگیان دا. ئەمە لەکاتێکدا بوو کە چاوەڕوانی ئەوەمان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکرد، لە پەیوەست بە مافی بڕیاردانی چارەنووس، پشتگیریی زیاترمان بکات. کاری لەپێشینەمان بونیادنانی کوردستانێکی بەھێز و سەقامگیرە، بۆ ئەمەش چاومان لە پشتگیریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە. لەم ڕووەوە چاوەڕوانی ددانپێدانان بە ڕۆڵی جیھانی و بونیادنەرانەمان لەوانە دەکەین، کە لە پاراستنیاندا ھاوکاریان بووین، ئەمەش بە ھاوکاریکردنمان لە بونیادنانی ئابوورییەکەمان.

بەدرێژایی تەمەنی چەندین نەوە، بە ھۆی شەڕو ئاڵۆزی، ھەموو خێزانێک لە ‌ھەرێمی کوردستانی عێراق، زیانی کەسیی بەرکەوتووە. چیتر نامانەوێ و ناشتوانین بە ھۆی شەڕو ناکۆکی لایەنەکان و دراوسێکان، کە دەرھاوێشتەیەکی خراپی بە جێھێشتوە، دەستبەرداری ھەماھەنگی و ھاوسۆزیی بین، یان ئەو قوربانییانە لەبەرچاو نەگرین، کە خەڵکێکی زۆر داویانە.

لەنێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا ھاوڕێ و دۆستی زۆرمان ھەن، کە ھیوای باشمان بۆ دەخوازن، بەڵام ھەنووکە کاتی ئەوە ھاتووە ھەوڵی زیاتر بدەن و کاری لەمە زیاتر بکەن. سەر لەنوێ ڕۆڵی نێوەندگیرێکی پاک دەگێڕین، کە ھەمووان متمانەی پێ بکەن. ئەمەش لە روانگەی دۆستایەتی و ھاوڕێیەتی راستەقینەوە دەکەین. دوای ئەوەی پاڵشتیی نەگۆڕی خۆمان بۆ بەرژەوەندیی ھاوپەیمانەکانمان نیشاندا، لە نێویاندا ئەمەریکا، ھەروەھا پابەندیی خۆمان بە بەھا و پرەنسیپە دیموکراتییەکان سەلماند. ئێستا پێویستیمان بەوەیە دۆستەکانمان، ھاوکارمان بن لە سەرلەنوێ دەستپێکردنەوە.

سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان

رۆژنامەی واشنتن پۆست