سەردێڕ:

مەرگی بریار و ئەسڵی کێشەکە !

8/26/2019 12:06:46 PM
10101 جار خوێندراوەتەوە
دڵشاد ئەنوەر
+ -

نابێت مەرگی بریار بەسادەیی تەماشا بکەین، ناکرێ مەرگی بریار نەکەینە ھەلێک بۆ قوڵبوونەوە لە ئەسڵی کێشەکە. بریار ھەمووانی گریاند، بریار ھەمووانی ھەژاند، بەڵام گەر تەنھا بە شێوەیەکی عاتفی لە کۆچی بریار بروانین، ئەوا دوو سبەی تۆزی عاتیفەمان دەنیشێتەوە و بریارمان لە یاد دەچێت، دەیان بریاری تر بێ باوک دەبن.

دەبێت تێبگەین، بریار تەنھا منداڵ نیە، کۆچی باوکی گڕی لە ناخی بەردا بێت، دەیان منداڵە شەھیدی تر ھەیە، شەو تا بەیانی ناخیان دەسوتێ، بێ باوکی دەیانکوژێت، بەڵام کەس پێیان نازانێت، چونکە زومی ئیعلامیان لەسەر نیە.

دەبێت مەرگی بریار و سوتانی ناخی مناڵە شەھیدەکان بکەینە دەرفەت، تا پەنجە بخەینە سەر برینەکان و قسە لەسەر ئەسڵی کێشەکان بکەین، چونکە تا پەنجە نەخەینە سەر برینەکان، ھەموو ساتێک دەبێت چاوەروانی بێ باوک بوونی دەیان جگەرگۆشەی تری وەکو بریار بکەین.
لێرەوە دەبێت بپرسین؟

-ئەرێ ئێمە ٤٠٠ ھەزار پێشمەرگەمان ھەیە، بۆ سنورەکانی ھەرێم واڵان بە ڕووی تیرۆردا و بە ئاسانی دەستیان دەگاتە کۆمەڵگەیەکی کورد نیشینی چەند ھەزار کەسی ؟

- ئەرێ بۆ بەرپرسێکی ئاسایی، ٣٠ پاسەوانی ھەیە و بە وەجبە پاسەوانێتی ماڵەکەی دەگرن، بۆ ناحیەیەکی گەورە و گران، چوار رەبیەی تۆکمەی لە دەوروبەر نیە؟

- ئەرێ بۆ باخی ھەر مەسئولێک، چوار پێنج شێفی بۆ دانراوە و موچەکانیان لەسەر وەزارەتی پێشمەرگەیە، کەچی سنورەکان گرفتی بێ پاسەوانیان ھەیە؟

- ئەرێ تاکەی پیشمەرگە ناکەنە ھێزێکی نیشتیمانی؟ تاکەی مەشق و راھێنانیان بێ ناکەن ؟ تاکەی بە بێ چەک و تەقەمەنی و کەرەستە و کەل و پەل ، دەیانخەنە نێو کورەی ئاگرەکە؟.

ئاخر مەعقول نیە، رەبیەیەکی سنور چوار پێشمەرگەی تیا بێ، بەر ماڵی مەسئولێک ٢٠ دابەستەی تیابێ!

یانی مەعقول نیە، ھێرشی داعش کەبەچەند سەد چەکدارێکەوە ھاتبنە ھەولێر، بە بیست سی چەکدارێکەوە جەلەولا بگرن، ئەمە دەسەڵاتی کوردی رانەچڵەکاندبێ !

بۆیە دەبێت کۆتایی بە فرمێسک و گریانی کاتی بێت لەمەودوا قسە لەسەر ئەسڵی کێشەکان بکەین .

دەبێت ھێزەکان مەشق و راھێنانیان پێ بکرێت، پێشمەرگە لەنێو باخ و بەردەمی ماڵی بەرپرسان دووربخرێتەوە و ئەرکە سەرەکییەکەی رادەست بکرێ کە پاراستنی نیشتیمانە، بێگومان گەر ئەمەش کرا، ئاسان نیە بۆ ھێزێکی نامۆ، دزە بکاتە نێو ناحیەیەکی کورد نشین و بریارەکان بێ باوک بکات.