سەردێڕ:

ئارامی هەولێر و شەڕی ئامۆزاکان

7/17/2019 10:11:22 PM
35153 جار خوێندراوەتەوە
سەرکەوت مەلا حەمید
+ -

ڕەنگە ئیتر ململانێی ئامۆزاکان پێی نابێتە قۆناغێکی نوێوە،قۆناغێک کە ئیتر دەبێ یەکێکیان ئەوی دیکە بدات بەزەویدا، ئەو قسانەی چەند ساڵ لەسەر ململانێی ماڵباتی بارزانی کران ئەگەر تا چەند ساڵێک پێش ئێستا تەنھا قسە بووبن ئەوا لەدوای جیاکردنەوەی دەزگا میدیایی و رێکخراو کۆمپانیاکانیان قسەکان بوونە راستی و لەمڕۆشەوە ململانێکان بە ئاراستەیەکی تردا دەڕۆن و قوڵتر دەبنەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی دەبێتە سەرۆکی ھەرێم بەڵام ئەنجومەنی ئاسایشی لێدەسەندرێتەوە و دەسەڵاتێکی تەشریفاتی کرچ و کاڵی بۆ دەمێنێتەوە.

ماوەیەک بوو ھیواکان لەسەر دروستبوونی کابینەیەکی بەھێز ھەڵچنرابوون،تائێستاش لەگەڵ بێ لەوێبسایت و پەیجە سێبەرەکانیەوە وێنەیەکی مسرور بارزانی دانراوە و لەسەری نوسراوە پیاوێکی بەھێز، بۆ حکومەتێکی بەھێز، دوو ھەفتە بەسەر کابینەی ئەم پیاوە ئەمنیەدا تێنەپەڕی و لەشەقامی نێچیرداو لەپایتەخت ھێرش کرایە سەر نوێنەرایەتی تورکیای نزیکترین دۆستی نێچیرڤان بارزانی !

ئەو ڕۆژەی مەسرور بارزانی وەک سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان سوێندی یاسایی خوارد نێچیرڤان بارزانی و کوڕەکەی لە کۆشکی ئیلیزێ بوون لە فەڕەنسا، دوای یەک رۆژ لەدەستبەکابوونی مەسرور بارزانی ھەموو ئەرشیفی چەند ساڵەی نێچیرڤان بارزانی و کابینەکانی پێشوتری سڕیەوە، لەکۆی ۱۱وەزیر کەپشکی پارتین ھیچ یەکێک لە وەزیرەکان نزیکایەتیان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی دا نیەو رونتر بڵێم کوتلەی ئەو نین، ئەمە لە کاتێکدایە کە نێچیرڤان بارزانی پێداگری لەسەر مانەوەی ئاشتی ھەورامی و بوون بە وەزیری نەوزاد ھادی کردبوو لە کابینەی نوێدا، بەڵام نەک نەکرانە وەزیر بەڵکو لە ئێستادا باسلەوە دەکرێت کە مەسرور بارزانی دۆسیەی گەندەڵی ئاشتی ھەورامی و۲۰ دۆسیەی لەسەر نەوزاد ھادی و براکانی ئامادەکردوە تا دادگایان بکات.

مەسرور بارزانی لەگەڵ دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی حکومەت، لەیەکەم کۆبونەوەدا لەگەڵ وەزیرەکان دا بە شێوەیەکی پۆلیسیانە ھەڕەشەی لێکردوون کە دەبێ بەدڵی ئەو بن و دوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی حکومەت پێچەوانەی نێچیرڤانی ئامۆزای پشتی لە بەرژەوەندیە ئابوری و سیاسیەکانی تورکیا کردوو رووی لە بەغداد کرد، وەھەروەھا پلانی بڕینەوەی دەستی تورکیا لەھەرێم و ھەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ۵۰ ساڵی و دەرکردنی ڕاونانی کۆمپانیا تورکیەکانی بۆ نزیکەکانی ئاشکراکردبوو،وەھەروەھا تەسفیە حساباتی باڵەکەی نێچیرڤان ی لەحکومەت و حزبیشدا دەستپێکردووە.

ناکرێ ئەو رووداوانەی روودەدەن بە ئاسایی لێیان بڕوانین، ئەوەی مەسرور لەماوەی یەک ھەفتەدا بەرامبەر بە ئامۆراکەی کردی کارێکی ئاسایی نەبوون، بەڵکو کاری لە مێژینەن و لەھەناویدا پەنگیان خواردبوویەوە تا ڕۆژێ زووتر ببێتە سەرۆکی حکومەت و تۆڵەی چەند ساڵەی ململانێی سیاسی لەگەڵ بکاتەوە.

ئەوەی ئەمڕۆ لەھەولێر ڕوویدا رووداوێکی ئاسایی نیە،ھەرچەندە لەسەرەتادا پارتی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی پڕکرد لەوەی کە پەکەکە و ئێران بۆ تێکدانی دۆخی ئەمنی ھەولێرو لەمپەر دروستکردن بۆ کابینەی نوێ ئەوکارەیان ئەنجام دابێ، بەڵام ھەرزوو پەکەکە رەتی کردەوەو ئێرانیش ھیچ گرنگیەکی بە بابەتەکە نەدا و قسەی لەسەر نەکرد.

ئەنجامدانی کارێکی ئەمنی و لەناو جەرگەی ھەولێرداو لەناو ریستۆرانتێکدا کە مەتین دلۆڤان بارزانی برازانی نێچیرڤان بارزانی لێبوە لە دژی وڵاتێکی دراوسێی وەک تورکیا کارێکی وەھا ئاسان نیە تا ھێزێک لەدەرەوەی پارتیەوە بێت و بتوانێت ئەنجامیبدات، تورکیا لەھەولێر بەدەیان بارەگای میتی بەئاشکراو نھێنی ھەیە، جەندرمەکانی تورک چەند کیلۆمەتریک لەشوێنی رووداوەکەوە دوورن، ھەربۆیە ئەوەی روویداوە زیاتر پلانێکی تاکتیکیە، پلانێکە ھاوشێوەی کودەتا دروستکراوەکەی ئەردۆگان دەچێت، سیناریۆیەکی دروستکراوی ھاکان فیدان و نێچیرڤان بارزانیە، مەبەست لەمە شەرعیەتدانە بەھاتنە ناوەوەی تورکیا بۆ زیاتر بەکارھێنانی ھەرێم لەدژی پەکەکە، دوورنیە سبەی جەندرمە بەبیانوی پاراستنی کۆمپانیا و دیپلۆماتکارانی تورک چەندین بارەگای خۆی لەسەنتەری ھەولێردا بکاتەوە، وەھەروەھا یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی ھێرشەکە وەستاندنی مەسرور بارزانیە بەجۆرێک کە تورکیا دەیەوێت پێی بڵێ پشت کردنە تورکیا و رووکردنە بەغداد کارێکە کە باجی دەوێت.