سەردێڕ:

ئەوجا پارتی دەسەڵاتی گرتە دەست

7/15/2019 7:19:43 PM
15419 جار خوێندراوەتەوە
رێبوار کەریم وەلی
+ -

(١)

زۆرجار کە لەگەڵ رەوانشاد نەوشیروان مستەفادا دادەنیشتین، پرسیاری وەزعی دەکرد (بەتایبەت ئەو کاتانەی کە بە فیتی یەکێتی گرژییەکی زۆر لە نێوان پارتی و گۆڕاندا ھەبوو) و لەسەر ھەندێک شت دەیویست بزانێ ھەڵوێستی پارتی چییە؟ ئێمەش کەم تا زۆر ئەوەمان بۆ نەقڵ دەکرد کە لە دەوروبەری سەرۆک نێچیرڤان بارزانییەوە دەمانبیست و زۆربەیان ئیجابی بوون. ئەو دەیگوت: "ئەوەیان دەزانم، پارتی دەڵێ چی؟".

بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ھێڵە گشتییەکانی سیاسەتی ئەو حکومەتە کە رۆژی ١٠ی مانگ لەلایەن سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانییەوە راگەیەندرا، ئەگەرچی بەرنامەی ھاوبەشی ھەموو حزبە بەشداربووەکانە تا ھەڵبژاردنی داھاتوو، بەڵام روانگای پارتی بەسەریدا زاڵە. روانگای پارتیش بۆ حوکمڕانی تەنھا پەیوەست نییە بە حکومەتی ھەرێمەوە، بگرە روانگایەکی ستراتیژییە بۆ ئیدارەدانی پارتیش لە داھاتوودا کە ئێرە دەبێتە خاڵی وەرچەرخان. ئەگەر ئەم روانگایە، بەو ستاف و بەرنامەیەوە سەربگرێ، ئەوە بۆ ئاییندەی پارتیشە کە ساڵانێکە کاری بۆ دەکرێت.

کابینەی نۆیەمی حکومەت وەکو میلادێک وێنا دەکرێت کە ھیچ رەبتێکی بە رابردووی حوکمڕانیی پارتییەوە نییە. رێک وەک ئەوە وایە کە تازە پارتی حوکمی گرتبێتە دەست. وەک ئەوە وایە کە پارتی قەت لە کۆی ٨ کابینە، سەرۆکایەتی ٥ کابینەی نەکردبێت و ١٢ ساڵیش سەرۆک بارزانی، لە لووتکەی دەسەڵاتی جێبەجێکردندا نەبووبێت، وەک ئەوە وایە کە قەت لیژنەی جیاجیا بۆ قەڵاچۆکردنی گەندەڵی و چاکسازی و پاکسازی پێکنەھێنرابێت و گەندەڵیش نەکرابێتە فەرھەنگ، چونکە فەرھەنگسازی لە سەرەوەڕا دەکرێت!

لە پشکی پارتی لە حکومەتدا، ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێم، گوازراوەتەوە بۆ ناو حکومەت و لە پێناو راگرتنی باڵانسی ناوچەییش، کارەکتەرەکانی کابینەکانی پێشوو بەلاوە نراون. لە کاتێکدا حکومەتی نوێ دوو کەسی بە پلەی وەزیر تێدایە کە ھیچیان قۆناغی ناوەندیشیان تەواو نەکردووە، بەڵام بە ئەمری واقیع و تەحەددای پێکھێنانی حکومەت، بە ناچاری قەبوڵ کران.

پارتی غەدر لە خۆی دەکات ئەگەر بیەوێ ئەو کابینەیە وەکو میلادێک وێنا بکات، چونکە ئەوەی ئەمڕۆ دەستی کەوتووە بەرھەمی رابردووە، بەرھەمی ھەستانەوەی دوای ریفراندۆمە و بەرھەمی کرانەوەی دەرگاکانی دنیایە بەسەر کوردستاندا. کەچی ئەوەی لە دەرەوەڕا دەبینرێ، ئەوەیە کە پارتی لەناوخۆیدا کودەتایەکی سپی کردووە نەک جێگۆڕکێی کارەکتەرەکان.
 
تا قوباد، قوبادی مام بوو

(٢)

دەنگدان بە کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش بۆ جێگری سەرۆکی حکومەت، نمایشێکی قودرەت و ھەندێکیش تۆڵەسەندنەوە بوو. قوباد تاڵەبانی لە ھەڵبژاردنەکاندا وەکو سەرۆکی لیستی یەکێتی زۆرترین دەنگی ھێنا بۆ ئەوەی پێگەی خۆی وەکو جێگری سەرۆکی حکومەت بپارێزێت و لە ئەگەری بەستنی کۆنگرەشدا بچێتە جێگەی مام جەلال. لە کابینەی ھەشتەمدا بە تکاو رجای کۆسرەت رەسوڵ و سەرۆک بەرھەم ساڵح، پارتی رەزامەندیی نیشان دا کە ببێتە جێگری سەرۆک وەزیران، بەڵام ئەمجارە لە دەستنیشانکردنی پۆستەکانی یەکێتی بۆ حکومەت، ھەر ئەم دوو ناوە تەنگیان پێ ھەڵچنی! ئەگەرچی ماوەیەکی زۆر یەکێتی لە دانوستاندن لەگەڵ پارتیدا شەڕی ئەوەیان بۆ قوباد کرد کە تاکە جێگر بێت، بەڵام دوایی وەرەق ھەڵگەڕایەوە.

قوباد تاڵەبانی کە لە دەنگدانی پێشوو بە کابینەی ھەشتەم لە سەرکوەزیرانیش دەنگی زیاتر ھێنابوو، ئەمجارە (گوایە لەبەر ئەوەی یەکێتی دەنگیان بە سەرۆکی ھەرێم نەداوە) لەلایەن پەرلەمانتارانی پارتی و گۆڕانەوە سزا درا.

راستییەکەی بەرنامە وابوو کە قوباد تاڵەبانی بە ھیچ شێوەیەک ھاوتای سەرۆک وەزیران دەنگ نەھێنێ. رەنگبێ پارتییەکان لە ھەندێک ھەڵوێست و لێدوانی پێشووتری قوباد تاڵەبانی تووڕە بووبن، بەڵام مەعقولیش نەبوو، بێگەرد تاڵەبانی کە یەکێک لە عەڕابەکانی ٢٣ی حوزەیران بوو، ئەو ھەموو دەنگە بھێنێ!

ئێستا قوباد تاڵەبانی تاکە نوێنەری سەرۆک نێچیرڤان بارزانییە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا. پەسن و مەدحەکانی سەرۆک نێچیرڤان لە کاتی ماڵئاوایی لە حکومەت بۆ قوباد تاڵەبانی کە بە "پیاوی دەوڵەت" وەسفی کرد، رەنگبێ وایکردبێت کە کەوتبێتە بەر غەزەبی پەرلەمانتارانی پارتی. ئیتر قوباد قوبادی مام نەماوە و، ئەو ناز و دەسەڵاتەشی نامێنێت کە لەسەردەمی سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانیدا ھەیبوو.

پارەکە دەدەن بە کێ؟

(٣)

وەزارەتی رۆشنبیریی حکومەتی ھەرێمی کوردستان گوایە بە نیازە لە بەرامبەر سەیرکردنی تەلەڤزیۆن پارە لە ھاووڵاتیان وەربگرێت. مەوزووعەکە دەبرێتە پەرلەمان و لە لیژنەی پەیوەندیدار باس دەکرێت. لە بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپا باجی سەیرکردنی تەلەڤزیۆن ھەیە، ھەموو ئاپارتمان و ماڵەکان دەتوانن سوود لە چەند کەناڵێکی رەسمیی دەوڵەت (نەک حکومەت) وەربگرن. ئەو کەناڵانە دەزگای پڕوپاگەندەی ھیچ حزبێکی سیاسی یان لایەنی دەسەڵاتدار نین و کارمەند و بودجەی کەناڵەکانیش لە باج دابین دەکرێت. ئەوەش ھی ئەمڕۆ و دوێنێ نییە و ساڵانێکە ھەیە.

لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و ئامرازەکانی گەیاندن، خەڵک کەمتر سەیری تەلەڤزیۆن دەکەن و لە ھەندێک وڵاتیش تەنانەت بیر لە لابردنی ئەو باجە دەکەنەوە. تازە بە تازە لە کوردستان ئەو باسە تەڕح دەکرێت. ئەوەش لە کاتێکدایە لە کوردستان نەک دەوڵەت بگرە حکومەتیش یەک کەناڵی تەلەڤزیۆنیی نییە. تەلەڤزیۆن و میدیا نەک ھی حزبەکانن، بگرە لەناو حزبەکانیشدا ھی چەند لایەنێکن. کەواتا ئەوە بیرۆکەیەکە لە رابردوو ماوەتەوە و باسکردنی بۆ ئێستا نەک ھەر مومکین نییە، ئەگەر مومکینیش بێت، دیار نییە داخۆ ھاووڵاتی پارەی سەیرکردنی کام کەناڵ دەدات.