سەردێڕ:

فەرهاد و زیاد

7/15/2019 2:29:20 PM
8155 جار خوێندراوەتەوە
پەیکار عوسمان
+ -

وابزانم فەرھاد جنسییەی فەرەنسی ھەیە، جا لەبەرئەوەی دەسەڵات و کۆمەڵگای ئێمە لەو حاڵەتەی فەرھاد تێناگەن، ھیوادارم قونسوڵخانەی فەرەنسا بیبەنەوە و ئەوان خەمێکی لێبخۆن!

کە ئەڵێم ئێمە لێ ی تێناگەین، مەبەستم ئەوە نیە کە فەرھاد پەیامێکی ھەبێت و تێینەگەین (وەک ھەنێک وا ئەڵێن)! ئەسڵەن لەم دۆخەیدا، فەرھاد ھیچ پەیامێکی نیە و ئەگەر ھەشیبێ، پەیامەکەی تا خواحەزکا ھیچە، ئەسڵەن ھیچیش نیە، چونکە ھیچ لەنێوان باش و خراپدا بێلایەنە، بەڵام پەیام و ئەتوارەکانی ئێستای فەرھاد، تابڵێ ی نزم و ناشرین و سلبییە و ئەگەر لە گۆشەی لایەنداری خۆشیەوە سەیریبکەیت و خاتریشی بگریت، ھێشتا جوانیی تیانادۆزیتەوە!

بەڵکو مەبەستم ئەوەیە کە لە (دۆخی) ئەو تێناگەین نەک لە (پەیامی) ئەو.

بەو مانایەی کە ئەو، ئەگەر بەدەست فەرەنسییەکانەوەبێت، بیگومان بە پلەی یەکەم ئەوەی بۆئەکەن کە بۆ حاڵی ئەو باشبێ و یارمەتی بدات، بە پلەی دووەمیش ئەوە ئەکەن کە بۆ ئەوانیتر باشبێ و لە زەرەری ئەم حاڵەتەی فەرھاد بیانپارێزێت.

دەی ئێمە چونکە تێناگەین، ڕێک عەکسەکەیمان کردوە، ڕێک ئەوەمان کردوە کە بۆ فەرھادو بۆ ئەوانیتریش خراپە، ڕێک ئەومان بەرداوەتە گیانی خۆی و گیانی ئەوانیتریش!

ئێمە تێناگەین لەبەر ئەوەی خۆمان لە دۆخێکی ھاوشێوەی فەرھادداین، یەعنی ئەگەر دەسەڵات و گۆمەڵگای ئێمە بکەیت بە ئینسانێک، ئیسانێکی وەکو ئێستای فەرھاد دەرئەچێ، ڕەنگە شێواوتریش، دەی ئەم کەسە ناتوانێ ئاگای لەو کەسەبێ چونکە خۆی حاڵی باش نیە!

لەڕاستیدا فەرھاد پێویستی بە دوو شتە، گرنگیپێدانێک و گرنگیپێنەدانێک!

وەکو کەسایەتییەکی گشتی و پەبڵیک فیگەر، ڕێک پێویستی بە ئیھمالکردنە، وەکو کەسێکی ئاسایی و ئینسانێک، زۆر پێویستی بە چارەسەرو گرنگیپێدانە.

ڕێک بەعەکسی ئەمەوە، ئێمە ئێستا لە ھەرکات زیاتر، کردومانە بەبابەتی ڕاگەیاندن و تۆڕی کۆمەڵایەتی و شۆی سەر جادەکان، وەکو کەسێکی ئاساییش کە پیویستی بە ھاوکاری وچارەسەرە، ھیچی بۆ ناکەین!!

(ھەر بۆ نمونە ئەم نوسینەی منیش لەبارەی فەرھادەوە گرنگیپێدانێکی زیادەو ناپێویستە)

ئینسانی ئێمە خۆی لە دۆخی داکشاندایەو ئێمەش پێویستمان بە وەستاندنی ئەم داکشانەو جارێکی تر ھەڵکشانەوەیەتی!

کەسانێکی وەکو (ھەڵکەوت زاھیرو مەلا عەلی کەڵەک و فەرھاد پیرباڵی ئێستا) ئەم دۆخی داکشانەکەیان ئیستغلالکردوە بۆ زیاتر داکشان و نزمکردنەوەی ئینسانی ئێمە!

جا بە ھەر ڕێگایەکی جگە لە ڕێگای توندوتیژو نائینسانی، گرنگە ئەم نەوعانە بوەستێنرێن!

کە ئەڵێم بوەستێنرێن مەبەستم ئەوەنیە زوڵمیان لێبکرێ، مەبەستم ئەوەیە چاوی کامێرایان لەسەر لابرێ و گرنگیپێدانیان و مارکێتینیان بوەستێنرێ!

کە ئەلێم فەرھادی ئێستا، مەبەستم ئەوەیە فەرھادەکەی جاران زێڕەو ڕەمزێکە لە ڕەمزەکانی ھەڵکشانی عەقڵ و ئینسانی ئێمە لە ڕێگەی کتێبەکانییەوە.

بەڵام ئەمەی ئێستا زبڵێکە کە ئینسانی ئێمە دائەبەزێنێتە ناو زەلکاوی ڕق، ڕۆژێک ڕقی حیزبایەتی، ڕۆژێک ڕقی شارچێتی، ڕۆژێک ڕقی قەومچێتی، ڕۆژێک بێحورمەتیکردن بەم، ڕۆژێک بێحورمەتیکرد بەو، ڕۆژێک بێحورمەتیکردن بەخۆی، کە ئەمانە ھەمووی بێحورمەتکردنی ئینسانەو ئێمەش ئەبێ ئەم بێحورمەتکردنە بوەستێنین!
ئاخر ئێمە بۆیە دژی ئەو دەسەڵاتەین لەبەر ئەوەی حورمەتی ئینسانی شکاندوە، دەی فەرھادیش چ ئەوکاتەی کە بێحورمەتی بە کەسێک ئەکاو چ ئەوکاتەی کە بێحورمەتی پێئەکرێت، لە ھەردو حاڵەتەکەدا ئەو خەریکی بحورمەتکردنی ئینسانەو ئێمە لەبەردەم بێحورمەتکردنی ئینسانداین، بۆیە پێویستە بوەستێنرێت!
ئێمە لە داکشانێکی عەقڵییداین و دوخی عەقڵیی کۆمەڵگاش بە عیلم و مەعریفەت و ھونەر ئەپێورێ، جا نە ئەمەی ئێستای فەرھاد ماریفەتە، نە ئەوەی ھەڵکەوت ھونەری باڵایە، نە ئەوەی مەلا عەلی عیلمە. بەڵکو ھەرسێکیان و ھاوشێوەکانیان لە پاڵەوانەکانی ڕاگەیاندن و تۆڕی کۆمەڵایەتی؍ نوێنەرایەتی قۆناغی داکشانی عەقڵیی ئێمە ئەکەن!
ئینجا ڵایک بۆ زیاد ئەسعەد ئەگەر ساغە ئەگەر نەخۆشە، چونکە ئەو کەنارێکی گرتووەو کێشەی تایبەتی خۆی لە کۆمەڵگا بارناکات، ئەگەرچی ھەوڵیش ئەدرێ بھێنرێتە ئەو مەیدانە!
ئەنڵایک بۆ فەرھاد پیرباڵ ئەگەر ساغە ئەگەر نەخۆشە، چونکە ئەو چەن ساڵێکە، ڕێک خەریکی بارکردنی کێشە تایبەتییەکانی خۆیەتی لە کۆمەڵگایەک، کە خۆی باری گرانەو دنیایەک کێشەی ھەیە.