سەردێڕ:

خۆشەویستی و بە مرۆڤکردنەوەی جەستە

7/4/2019 1:48:12 PM
4390 جار خوێندراوەتەوە
هەرێم هادی
+ -

بە گیروگرفتکردنێکی فەلسەفییانەی مرۆڤ و خۆشەویستی و پەیوەندی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، مرۆڤ کێیە یان چییە؟ لەم چوارچێوەیەدا مرۆڤ ئەوەیە کە فرەرەھەندە. ھەرلێرەشەوە، مامەڵەی ئەخلاقی لەگەڵ مرۆڤ، واتە دانپێدان بە فرەرەھەندی مرۆڤ و ‌ھێشتنەوەی فرەرەھەندییەکەی. ئایە مەبەست لە فرە رەھەندی مرۆڤ چییە؟

فرە رەھەندی واتە مرۆڤ چی لە ئاستی پێکھاتنداو چی لە ئاستی کۆمەڵایەیەتیدا فرە رەھەندە. لە ئاستی پێکھاتندا مرۆڤ فرە رەھەندە چونکە لەپاڵ بوونێکی مادی/بەرجەستەدا، بوونی نامادی/نابەرجەستەیی ھەیە. واتە لەگەڵ ئەوەی کە جەستەی ھەیە، خاوەن ئایدیا و ئەفکاریشە. لەپاڵ جەستەیدا، خاوەن سۆز ھەست و ئەحساسەکانە. لەئاستی کۆمەڵایەتیدا مرۆڤ فرەرەھەندە لەبەرئەوەی سەر بەتۆرێکی پەیوەندی فراوەنە کە لە یەک کاتدا زیاد لە شوناسێکی پێدەبەخشێت. بۆ نمونە مرۆڤ لەگەڵ ئەوەی کە تاکە، بەڵام ئەندامی خێزانیشە. لەگەل ئەوەی کە تاکە، بەڵام بە تۆرێکی بەرفراوەنەوە لە پەیوەندەی خزمایەتی و ھاورێیەتییەوە بەستراوەتەوە. لەگەڵ ئەوەی تاکە، بەڵام بە تۆرێکی پەیوەندەی لە وەزیفی/پرۆفێشناڵی (کارەوە) بەستراوەتەوە. ھەرلەبەر ئەم فرە رەھەندی مرۆڤە کە کاتێک کەسێک کۆچی دوای دەکات، لەگەڵ خۆیدا دڵی دەیان و سەدان لە ئازیزەکانی نوقمی ئازارێکی درێژخایەن دەکات.

ئەگەر بە ئارگۆمێنتی فرەرەھەندی مرۆڤ رازیبین، کەواتە مرۆڤ ھەمیشە تۆپەڵەیەکە لە دیو، لە لەیەر. لەم تێگەیشتنەدا بۆ مرۆڤ، مرۆڤ پیازییە. بەومانایەی ئەوەی کە دەیکات بە مرۆڤ یەک توێکل نییە، بەڵکو کۆی توێکڵەکانە پێکەوە. باشە، پەیوەندی مرۆڤی پیازی یان مرۆڤی فرەرەھەند بە خۆشەویستییەوە چییە؟ یان چۆن خۆشەویستی جەستە بە مرۆڤ دەکاتەوە؟

خۆشەویستی وادەکات مرۆڤ بە فرەرەھەندی بھێڵێتەوە، چونکە خۆشەویستی بە پێچەوانەی حەزەوە، مرۆڤ وەکو بوونێکی تاک رەھەند نابینێت کە جەستەیەکی رووتە بۆ لەزەت وەرگرتن. حەز وادەکات پەیوەندی سێکسی مرۆڤ بە مرۆڤەوە لە پەیوەندییەکەوە کە مرۆڤ لەپاڵ جەستەیدا، رێز لە سۆز و ئەحساسەکانی، ئەفکارو بیرکردنەوەکانی دەیگیرێن و دەویسترێن، دەگۆرێت بۆ مرۆڤێک کە جەستەیەکە و لەودیو جوانی روکەشەوە، سۆز و ئەحساس و ئەفکارێک نین کە بوەسترێن و رێز لە وجودیان بگیرێت. حەز مرۆڤ لە بەرپرسیارێتی نازکێشانی دوای سێکس دوردەخاتەوە. خۆشەویستی مرۆڤ دەخاتە بەردەم نازکێسانی دوای سێکس. دروستکردنی خێزان چونە ژێربەرپرسیارێتی ئەو نازکێشانەیە تائەوپەری (لانی کەم لە ئاستی پرەنسیپدا).

حەز وادەکات مرۆڤ لە سەربەگروپبوونەوە، بگورێت بۆ تاکێک کە ھیچ رەگێکی نییە بەوانی ترەوە ببەستێتەوە. پەیوەندی سێکسی بەرمەبنای حەز، مرۆڤ نابیبێت وەکو ئەوەی کە سەر بەخێزانێکەو خۆشیان دەوێت، وەکو ئەوەی کە سەر بە تۆرێکی گەورە لە خزم و ھاورێ کە ئازاردانی ئەو تاکە ئازادانی ئەوانیشە. حەز مرۆڤ لە مرۆڤ دەخات وەکو بونەوەرێکی فرەھەندی کۆمەڵایەتی. بەکورتی و بەکوردی لەپەیوەندیدا بە حەزەوە، جەستە لە مرۆڤخراوە. پرسیاری جەوھەری لێرەدا ئەوەیە: ئایە خۆشەویستی چۆن دەتوانێت جەستەی لە مرۆڤخراو بە مرۆڤبکاتەوە؟

خۆشەویستی لەپاڵ جەستەدا، نەک ھەردان بە وجودی ھەست و سۆزو ئایدیاکانی بەرامبەردا دەنێت، بەڵکۆ سەرسامیشە پێیان. خۆشەویستی وادەکات مرۆڤ وەکو چۆن لێوێک دەبینین بۆ ماچ، ئاواش ناوچەوانێک ببینێت بۆ ماچ. وەکو چۆن دەستێک دەبینت بۆ دەستبازی، ئاواش دەستێک دەبینیت بۆ گرتن و پیاسەکردن. وەکو چۆن سینەیەک دەبینێت بۆ یاریکردن ئاواش سینەک دەبینیت بۆ ئارامی تا ھێزێ دووبارە چونەناو ئەم ژییانە دڵرەقەی پێبدات. خۆشەوسیتی وادەکات، وەکو چۆن حەز لە ماچکردنی دوولێوی سور دەکەیت، ئاواش، ئەو وشانەت خۆشبوێت و رێزیان بگرێت کە لەو لێوانەوە دەترازێن. خۆشەویستی وادەکات رووبەری دابەشکردنی ژیان لە ژوری نوستنەوە گەورەبێت بە ئەندازەیەک کە ژووری دانیشتن و موتبەخ و شەقام و باخ و تادوای دەگرێتەوە. خۆشەویستی وادەکات کە بوونی ئەو تۆرە گەورەیە لە پەیوەندی کە بەرامبەر بەوانی ترەوە دەبەستێتەوە، ببینێت و رێزی بگرێت. خۆشەویستی دەزانین کە ئازاردانی یەک مرۆڤ واتە ئازاردانی تۆڕێکی بەرفروان لە مرۆڤ.
ئایە پەیوەندی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رۆڵیان ھەیە لە لەمرۆڤخستنی جەستە؟ لەبەر کۆمەڵێک ھۆکار، بەڵێ. لێرەدە بەخێرای لەسەر دوو ھۆکار دەوەستم؛ ماسکپۆشین و خەیاڵ.

لە پەیوەندی تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا، مرۆڤ زۆر ئاسانتر دەتوانێت ئەوە بشارێتەوە کە ھەیە، بانگەشەی ئەوە بکات کە نییە، وەک لە ژیانی واقیعیدا. ماسکپۆشین لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکاندا زۆر ئاسانترە وەکو لە پەیوەندەی رووبەروو لەبەر زۆر ھۆ، گرنگترینییان زمانی جەستەیە. زمانی جەستە کە رۆڵێکی ھێجگار گرنگی ھەیە لە کۆمیونیکەیشندا، لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا وونە. مرۆڤی پشت شاشەکان، مۆرڤێکی ماسکپۆشە. مرۆڤی ماسکپۆش، ماسکەکەی بەکاردەھێنێت بۆ لەمرۆڤخستنی جەستە لە رێگەی دانپێدانانێکی موزەیەفانە بە فرەرەھەندی بەرامبەر کە ئامانج لێی بەتاکڕەھەندکرنی مرۆڤە لە رێگەی بەسەنتەکردنی جەستەوە.

ھۆکاری دووەم، بریتییە لە خەیاڵ. خەیاڵ چی رۆڵێکی ھەیە لە لەمرۆڤخستنی جەستەدا؟ مرۆڤی پشتشاشە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە سێ شێوە ناواقیعییە. یەک بەوەی کە ماسک دەپۆشێت، ئەوە دەشارێتەوە کە ھەیە و ئەوە پیشان دەدات کە نییە. دوو، بەرامبەر، کە ھەنوکە ماسکی پۆشیوە و پلەیەک دوورە لە واقیعەوە، بە فلتەری خەیاڵدا دەیبات و پلەیەکی تر دووری دەخاتەوە لە واقیع. تێپەڕاندنی بەرامبەر بە فلتەری خەیاڵدا، بەروونی دیارە بەتایبەت لە پەیوەندییەکدا کە بەرامبەر بەتاکرەھەندکراوەتەوە لە پێناو تێرکردنی حەزێکی جنسی کاتی. ھەموو ئەو فلتەر و بژاردانەش کەھەن بۆ دەستکاریکردنی ئەو وێنانەی کە لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەکرێنەوە، زیاتر و زیاتر مرۆڤ لە وێنە راستەقینەکەی دادەماڵن و زیاتر ھانی بە فلەتەری-خەیاڵدا-رۆیشتنی بەرامبەر دەدەن. مرۆڤی پشت شاشە لەبەرئەوەی یەک، بە ماسکێک نیازە بەدەکانی شاردۆتەوە؛ دوو، وێنەکانی بە فلتەری جوانکردندا بردووە؛ سێ، وێنەیەک کە ھەنووکە ھەم ماسکی پۆشیوە و ھەم بە فلتەر جوانکراوە، بە فلتەری خەیاڵدا دەیبات پلەیەکی تر لە واقیع دووری دەخاتەوە. مۆرڤێک کە سێ پلە لەواقیع دوور بێت، بە ئەندازەیەک وروژێنەرە، بە ئەندازەیەک سیحراوییە، زۆر ئاسان جەستەی لەسەر حیسابی رەھەندەکانی تر زاڵدەکرێت و دەکرێت بە بوونێکی تاکرەھەند. ھەرلێرەوەیە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان رۆڵدەگێرن لە لەمرڤخستنی جەستەدا.

ئەم نوسینە دەکرێت زۆر زیاتر درێژبکرێتەوە بەڵام لێرەدا بە یەک تێبینی کۆتای پێدێنم. تۆرە کۆمەڵایەتییەکان ئامرازن و خاوەن یەک جەوھەری نەگۆ نین. واتە وەکو ئامرازێک کراوەیە بۆ بەکارھێنانی جیاواز و دژبەیەکیش. واتە مەرج نییە ھەموو پەیوەندییەکی سۆزداری تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بریتیبێت لە بەتاکرەھەندکردنەوەی مرۆڤ و لە مرۆڤخستنی جەستە. بەڵام بەبێ بوونی ھۆشیاری، وەکو ئامرازێک دەشێت خراپ بەکاربھێرێت. کەم نین ئەو روداوە زۆر نەخواز و بگرە دڵتەزێنانەش کە ھۆکارەکەی سۆشیاڵ میدیایە. من خۆم ئەگەر شانسی دووبارە بەکارھێنانەوەم ھەبێت لەسەرەتاوە، بە دڵنییایەوە جیاواز بەکاری دەھێنمەوە.