سەردێڕ:

یەکێتی زمانی "نەخێر"ی نیە، لە سیاسەتیشدا ئەوەی نەخێر نەزانێت دۆڕاوە

6/30/2019 7:51:47 PM
5445 جار خوێندراوەتەوە
خالید سلێمان
+ -

یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ھەر ڕۆژەی ژمارەیەک کاندید بۆ پارێزگاری کەرکوک دەگۆڕێت و ھەمویان بە "جوملە" ڕەتدەکرێنەوە، لە کۆتاییشدا حزبەکە کاندیدی بۆ ئەم پۆستە نامێنێت. ئەمە باجی ئەوەیە کە کادێرەکانی یەکێتی لە کەرکوک ھاواریان کردو وتیان ڕێفراندۆم بەرەو ھەڵدێرمان دەبات، کەس بەقسەی نەکردن و بەتەنھا بەجێیان ھێشتن، دەرەنجامەکەی ئەوەبوو کە ڕویدا. یەکێتی لە کەرکوکدا شەڕیشی بکردایە حاڵی لە ئێستا باشتر نەدەبوو، شەڕیشی نەکردو دەرگاو  پەنجەرەی خوێن ڕشتنێکی گەورەی داخست، بەڵام ھەر وەک ئەوەیە ھۆکارو دۆڕاوی شەڕێک بێت و کەس گوێی لێ ناگرێت.

خۆی لە ڕاستیشدا یەکێتی دۆڕای سەر ساحەکەیە، چونکە تا ئێستا ئەوەی خواستی بووە، جگە لە دەسکەوتنی سەرۆکایەتی کۆمار کە باجەکەی زۆر قورسە، ھیچی تری دەست نەکەوتووە. ئەوانەی کەرکوکیان بەم ئاستە گەیاند، وا یەک بەیەک دەگەڕێنەوەو دوریش نیە جارێکی تر بببنەوە بەحاکمی شار، ئەوەی دۆڕاوەو ھەمو ڕۆژێک تەنازولات پێشکەش دەکات تەنھا یەکێتییە نەک لایەنێکی تر.

باشە ئەم حزبە جارێک پرسیار لە خۆی ناکات بۆ وایلێھاتوە و گەیشتوەتە ئاستێک ئەندام پەرلەمانێک وەڵامی ھەموو سەرکردایەتیەکەی بداتەوە، بیر لەوە ناکاتەوە سبەی خەڵکی کەرکوکیش دەنگی ناداتێ، بیر لەوە ناکاتەوە گۆڕانکارییەکی قوڵ لە ناو ڕوبەرە کۆمەڵاتییەی خۆیدا دەرکەوتوە و ئیتر سەرمایە ڕەمزیەکەی لە کەرکوکدا، بەبێ دیدگای نوێ و بوێری و توانای پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە گەورەیەی چەند ساڵە لەگەڵ پارتیدا لە شارەکەدا دروستی دەکەن، بەرەو تەواوبون دەچێت؟ ئەوەی گەڕانێکی بچوک بەناو گفتوگۆو قسەی ئەو ڕوبەرە سیاسییەدا بکات کە کادێر و لاینەگران و خەڵکی نزیک یەکێتی قسەی تیا ئەکەن، دەگاتە دەرەنجامێک دەکرێ ناوی لێبنرێت: وەھم

وەھم لەوەی کە یەکێتی تا ئێستا ئەو ھێزە سیاسییەیە کە بڕیار دەدات

وەھم لەوەی کە ھەموو ھەرێمی کوردستان ڕوبەری مومارەسەی سیاسی ئەوە

وەھم لەوەی بە سیاسەتی نەرم ئەتوانن ھاوشانی پارتی بن

وەھم لەوەی سەرمایەی ڕەمزی بەشی زۆریان دەکات

وەھم لەوەی ئەتوانن لە یەک کاتدا باسی سۆسیال ئەنتەرناسیۆنال بکەن و فێستڤاڵ خێڵ و ئێل ڕێکبخەن.

وەھم لەوەی ئەڵتەرناتیڤ نەبێت و ئیتر کۆمەڵگا دەستەوەتان دانیشێت.

وەھم لەوەی ھێشتا ئیمکانی ئەوە ھەبێت بە ھەرێم بووترێت "مێرگی" دیموکراسی ناو ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.

وەھم لەوەی نەوت سەرچاوەی مانەوە بێت لە دەسەڵاتدا.

وەھم لەوەی تەل-بەندکردنی سلێمانی بە ڤێللا و شوققە، مانادای ئاوەدانی بێت

وەھمی تری زۆر ھەن و لە ژمارە نایەن، بەڵام دەرەنجامەکانی سیاسەت دەژمێردرێن، وەک چۆن بوێری و ئازایەتی سیاسیش دەژمێردرێت.

بەکورتیەکەی ئەگەر یەکێتی، تەنانەت گۆڕانیش، بۆ جارێکیش بێت بوێریی ئەوەیان ھەبێت لە وەھمی "ھەرێم"ێکی یەکگرتوو ڕزگاریان بێت و باوەڕ بەوە بھێنن کە حوکمڕانییەکی سەرکەوتوو، ئەگەر لە لادێیەکی دورەدەستی شارباژێریشدا بێت، زۆر لە حوکمڕانییەکی ھیچ بەدەست نەبوو باشترە، ئەوا ئەتوانن خۆراکی سیاسیی بۆ دواڕۆژیان تەرخان بکەن. بەپێچەوانەی ئەوەوە، لە خێری سیاسی زیاتر ھیچیان پێناکرێت.

یەکێتی، ساڵانێکی زۆر بوێریی ئەوەی لە دەستداوە بڵێ نەخێر با ژەمی سیاسی دابەش بکەین نەک بەشم بدەیت، بە مەرجێک ناوچەی ژێر نفوزی ئەم لە ڕوی سەرچاوەی سروشتیییەوە دەوڵەمەندترە و لە نیوەی ژەمەکە زیاتر دابین دەکات، بەڵام ئیرداەی سیاسی و بوێریی نەبو ، ئیتر سەرچاوە بەشەری و سروشتیەکانیش بەئاسانی لەدەست ئەچن.