سەردێڕ:

وەزیر و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و ئیراەی گۆڕانکاری

7/16/2019 7:10:48 PM
6710 جار خوێندراوەتەوە
یادگار سدیق گڵاڵی
+ -

کابینەی نۆی حکومەتی ھەرێم متمانەی پەرلەمەنی لە ١١/٧/٢٠١٩  وەرگرت بەبێ ئەوەی کاندیدی یەکێک لە گرنگترین وەزارەتی  حکوموتی تیابێت کە سامانە سروشتییەکانە. ئەوەی جێی سەرنج وھەڵوێستە لەسەرکردنە ئەم وەزارەتەو وەزیرەکەی لەماوەی بەلانی کەم دوو  کابینەی رابووردوودا زۆرترین مشتوومڕوو قسەی لەسەر کراوە، چ لە لایەن بەرھەڵستکارانی جاران( ئۆپۆزسیۆن)یان دەستەڵات وە چ لەلایەن میدیاو چاودێرانیشەوە، کەچی ئێستا بێدەنگییەکی سەیر لە ھەموو لایەنەکانەوە ھەیە بە تایبەت ئەولایەنانەی کە لە رابردوودا زۆرترین قسەیان ھەبوو لەسەری!!تەنانەت میدیا و میدیای سێبەریش تارادەیەکی باش بێدەنگیان ھەڵبژاردووە.

تا ئێستا نەکراوەتە پرسیاری جدی کە بۆچی وەزارەتێک کە زۆرترین داھاتی ھەرێم لەرێگەی ئەوەوە دابین دەکرێت و بەشیکە لەو کێشە و گرفتانەی کە لەنێوان ھەرێم و ناوەندا ھەیە  بێ وەزیرە؟! لەکاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان (کە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان پشکی ئەوە) بەردەوام بەر لە پێشکەشکردنی ناوی کاندیدەکان بۆ پەرلەمان رایدەگەیاند کە دیاریکردنی وەزیرەکانی ئەوان زۆر بە ئاسانی یەک لادەکرێتەوە لەناو حیزبدا.

ئایا دانەنانی وەزیر تا ئێستا سەلمێنەری ئەوە نییە کە پەیوەندی بەکێشەی باڵی دوو ئامۆزاکەی ناو پارتییەوە ھەیە (سەرۆکی ھەرێم و سەرۆک وەزیران) یان نەخێر ئەمە بەشێکە لە بەڕێوەبردنی ئەو گەمەیەی ھەولێر لەگەڵ بەغدا پەیرەوی دەکات؟ تا لەڕێیەوە بتوانێت کات بەدەست بێنێت (وەکو لە بابەتێکی پێشومدا ئاماژەم پێ داوە) تا کاتی ئامادەکردنی  بوجەی ٢٠٢٠ بەچەند ڕێگایەک لەوانە؛  دیاری کردنی  تیمی دانوستانکار سەرەتا تیمی سیاسی و پاشان تەکنیکی کە نەبوونی وەزیر و یا لە ئەگەری گۆرینی وەزیر بە کەسێکی نوێ بیانوی زیاتر و کاتی زیاتر دەستەبەردەکات بۆ ھەولێر.هەرەها دەکرێت تێھەڵکێشێک بێت لە ھەردوو ئەگەرەکە، واتە ناکۆکی و شیوازی ئیدارەدانی کێشەکانیش بێت.  

خاڵێکی تر کەمن ئەمەوێ باسیبکەم زیاتر پەیوەندیدارە بە شیوازی کارکردنی وەزیر و وەزارەت ،یان بەڕێوەبردنی سێکتەری نەوت لە ھەرێم. پێش ھەموو شتێک بۆ ھەموو گۆرانکاری یان چاکسازییەک پێویستمان بە ئیرادەی چاکسازی ھەیە،رادەی سەرکەوتنی پەیوەستە بە رادەی جدی بوونی ئەو ئیرادەیە و زەمینە سازی بۆی، وە دەبێت لە زمانی درووشمەوە بگۆڕرێت بۆ کردار، بۆیە  گەر بەھەمان ئەو شێواز و ئامرازانەی کە لەرابوردوودا کارکراوە کاربکرێت ھەمان دەرئەنجامی دەبێت، نەک وەزیرێک چەند وەزیریش  بگۆڕێت، هەوەها چەند ئەو وەزیرە لە رووی پیشەییەوە لێھاتوو بێت، ھیچ نەکراوە، بۆیە لە غیابی ئیرادەی جدی و ھەنگاونان بەرەو سیستەمێکی بەڕێوەبردنی درووست ئەو دەرەنجامە کارەساتبارەی لێ دەکەوێتەوە کە لە رابوردوودا بینیمان.   

تا ئێستا ھەیکەلییەتی وەزارەتی سامانەسروشتییەکان و شێوازی کارکردنی روون نییە چۆنە، بەڵام دەرەنجامەکان پێمان دەڵێن ھەڵەی گەورە و کارەساتبار ھەیە، مۆنۆپۆلی دەسەڵات ھەیە، بریار لە سەکتەری نەوت گوماناوییە، چۆنیەتی بەڕیوەبردنی کێڵگەکان نادیارە، گرێبەستی فرۆشتنی نەوت چۆنە وە لەسەر چ بنەمایەک دەکرێت؟ زۆر و زۆری تر پرسیار و گومان.. بۆیە پێویستمان بەدارشتنەوەی ھەیکەلیەت ھەیە لەسەر بنەمایەکی زانستی درووست و روون، شۆڕکردنەوەی دەستەڵاتەکان بەشێوەیەکی ئاسۆیی بۆ بەشە تایبەتمەندەکان، پەلەکردن لە درووستکردنی ئەو کۆمپانیایانەی لەیاسای نەوت و گازی ساڵی ٢٠٠٧ دا ھاتووە کە دەبێتە بەشێک لە ژێرخانی نەوتی ھەرێم بەکەسانی تەکنۆکرات و پیشەیی نەک حیزبی . 

شەفافییەت لە ھەموو پرۆسەکانی نەوت لە ھەرە پێداویستییەکانی چاکسازییە، بەدڵنیایی شەفافییەت بریتی نییە تەنھا لە ئاشکراکردنی چەند ژمارەیەک کە لەماوەی رابوردودا ھەوڵێک ھەبوو بەو ئاراستەیە بەڵکو پرۆسەیەکی وورد و گشتگیرە، کاتێک شەفافییەت دەبێت لە سیستەمێکی بەڕێوەبردنی دروستدا ئەوکات زۆر بەئاسانی دەستنیشانی خاڵی لاواز دەکرێت و چارەسەری بۆ دادەنرێت. تەجروبەی زۆر ھەیە کە سودی لێ وەربگیرێت لە پێش ھەمویانەوە تەجروبە لە ھەڵەکانی ١٢ ساڵی رابوردوی وەزارەت.   

 پەیوەندی وەزارەتی سامانەسروشتییەکان لەگەڵ وەزارەت و دەزگا پەیوەندیدارەکانی تر خاڵێکی ترە دەبێت پیاچونەوەی پێدابکرێت، لە لەوانە  ژینگە، زانکۆکان لە رێی وەزارەتی خۆێندنی باڵاوە، گواستنەوە، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، کشتوکاڵ، ئەنجومەنی پارێزگاکان..... دوبارە دارشتنەوەی چۆنییەتی کارکردن پێکەوە، دەبێت ئەو لایەنانە قسەی جدییان ھەبێت و گوێیان لێبگیرێت لە ئاستی وەزارەت، بەدەرئەنجام وەزارەتی سامانەسروشتییەکان ببر و بکوژ نابێت وەک لە رابوردودا خۆی حکومەتێک بوو لە ناو حکومەتدا.   

لە کۆتایدا ماوەتەوە بڵێم گەر ئیرادە و پلانی گشتگیر ھەنگاوی کرداری  بنرێت ئەوا لە ماوەیەکی کەمدا دەتوانین زاڵبین بەسەر کۆسپەکاندا و گۆرانکاریی ریشەیی بکەین، ئەوەی جاران بە چەند سالێک دەکرا ئێستا بەھۆی زۆری ئەو ئامرازانەی بەردەستن لەچەند مانگێکدا دەکرێت.