سەردێڕ:

ئایا ھەرێم نەوت ڕادەستی بەغدا دەکات؟

6/24/2019 11:01:42 PM
5540 جار خوێندراوەتەوە
یادگار سدیق گڵاڵی
+ -

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستمان بە پێشەکییەکە و پاشان ھەڵسەنگاندنی بەرھەمی ھەرێم و قەرزەکانی نەوتی ھەرێمە. 
ھەرێمی کوردستان ھەروەک وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەراست دەوڵەمەندە بە سامانی سروشتی سەر زەوی و ژێر زەوی. یەکێک لەو سامانە سروشتییانەش نەوت و گازە، کە بە زێڕی ڕەش ناسراوە. لە بەرواری ١ی حۆزەیرانی ٢٠٠٩ دا سەرۆکی ھەرێمی ئەوکات بارزانی و سەرۆک کۆماری کۆچکردوو تاڵەبانی بەفەرمی بۆری نەوتی ھەرێمیان لە ڕێوڕەسمێکدا لە ھەوڵێر کردەوە، بەڵام بە دڵنیایی ئەم بەروارە سەرەتای بەرھەمی نەوتی ھەرێم نییە، بەڵکو سەرەتای دەگەڕێتەوە  بۆ ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی ڕابوردوو لە ئیدارەی سلیمانی، بەدیاری کراوی بیرەکانی شیواشۆک کە لە ڕێگەی پاڵاوگەیەکی کواڵیتی نزم لە شەکرەکەی سلیمانی دەپاڵێوراو بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکاردەھات. 

پاشان لە ساڵەکانی ٢٠٠٢ و ٢٠٠٤ ھەریەک لە کۆمپانیای گەنەڵ ئێنرجی تورکی و دی ئێن ئۆی نەرویجی لە کێڵگەکانی تەق تەق و تاوکی گرێبەستی وەبەرھێنانی ھاوبەشیان لەگەڵ ھەرێم کرد. ئەمە بەدەسپێکی وەبەرھێنان لە سەکتەری نەوتی ھەرێم دادەنرێت. پاشان چەندین گرێبەستی تر ئیمزاکراوە لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکانی نەوت و گاز. لەساڵی ٢٠٠٧ یشدا وەزارەتی سامانە سرووشتێەکان پێکھێنرا، ھاوشان لەگەڵ ئەوەشدا گرێبەستی گازلەگەڵ کۆمپانیای دانا گازدا کرا، کە جۆری گرێبەستەکە جیایە لەوانی تر. بەھاوتەریب لەگەڵ ئەمەدا حکومەت کاری کردووە لە سەر بنیاتنانی بۆری نەوتی ھەرێم بۆ تورکیا، وەکو لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد لە مانگی ٦ی ٢٠٠٩ دا تەواو بوو. 
پێش تەواوبوونی بۆری نەوتەکە بۆ ماوەیەکی درێژ ھەرێم پاش ئەوەی پێداویستی ناوخۆێ پڕکردەۆتەوە دەستی کردووە بە ھەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی تەنکەرەوە بەدوو ئاڕاستەی جیا، یەکێکیان بە تەنکەر بۆ تورکیا وبەندەری جیھان، ئاڕاستەی دووەمیش بۆ ئێران و بەندەری ئیمام خومەینی لە سەرکەنداو وە لەوێشەوە ساغکاروەتەوە لە بازاڕی نەوت دا. 

بە پلەبەندی ھەرێم ئاستی بەرھەمی زیادکردووە بۆ ٦٠ ھەزار بەرمیل ڕۆژانە، کە بەتەنکەر گەیندراوەتە جیھان وە لەوبڕە کەمتر گەیندراوەتە کەنداو لە ڕێگای ئێرانەوە. پاشان بەرھەم زیادیکردووە بۆ ٢٥٠ ھەزار و لەساڵی ٢٠١٤دا بۆ ٤٥٠ ھەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. وەزیری سامانە سروشتێ یەکان پلانی زیادکردنی بەرھەم بۆ یەک ملێۆن بەرمیل تا کۆتای ٢٠١٥ راگەیاند.

تەنھا لە ٢٠١٤ دا ئاستی بەرھەمی ھەردوو کێڵگەی تاوکی و تەقتەق ٢٥٧ ھەزار بەرمیل بووە بە پێی ڕاپۆرتی گەنەڵ ئێنرجی. لە ساڵی ٢٠٠٨ دا ھەرێم توانی کۆنترۆڵی  کێڵگەی خۆرمەڵە بکات کە ئەوکات مەزەندە دەکرێت بەرھەمی (٧٠ بۆ ٩٠) ھەزار بەرمیل بوبێت وەئێستا بەرھەمی لەنێوان (١٥٠-١٧٠) ھەزار دادەنرێت.  لە پاڵ بەرھەمی نەوتیش دا ھەرێم داھاتی ناوخۆ و داھاتی دەروازە سنوریەکانیشی ھەبوو. وەل ە ساڵی ٢٠٠٣ بەدواوە پشکی ١٧٪ ی بودجەی عێراقی وەرگرتووە. وە ٣،٨٤٥ سێ ملێارو ھەشت سەدو چل و پێنج ملیۆن دۆلار پارەی شیرینی نەوتی وەرگرتووە لە نێوان ساڵەکانی ٢٠٠٧ – ٢٠١٣ بە پێ ی ڕاپۆرتی وەزارەتی سامانە سروشتێ یەکان. 

ھەر لەو ماوەیەدا واتە ٢٠٠٧ – ٢٠١٣ ھەندێک کات ھەرێم بەشێک لە نەوتی ڕادەستێ کۆمپانیای سۆمۆ کردووە کە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عیراقە، وە بەشەکەی تری خۆی فڕۆشتویەتی ( زانیارێەکانی ڕاپۆرتی سامانە سرووشتیەکانی ئەو ماوەیە تا ئێستا لە لایەن وردبینی دەرەکی یەوە وەردبینی بۆ نەکراوە).

لە ھەموو ئەم ماوەیەدا حکوومەتی ناوەند چاوپۆشی و بێدەنگی ھەڵبژاردووە. سەرەتا چەند جارێک ناوەند تانەی لە گرێبەستەکانی ھەرێم داوە کە بە پێ ی دەستور مافی ئیمزاکردنی گرێبەستی نیە، بەڵام ھەرێمیش لێکدانەوەی خۆی بۆ دەستور ھەیەوە و بە یاسایی ئەزانێت، بەڵام بەکرداریی ھیچ نەکراوە دژی ھەڕێم تا ساڵی ٢٠١٢ وەزارەتی نەوتی عێراق داوایەکی لە دادگای دەستوری تۆمارکرد دژی ھەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتی یەکان سەبارەت بە نادەستوری بوونی دەرھێنانی نەوت لە ھەرێم، لەوکاتەوە تا ئێستا ئەو داوایە یەکلانەکراوەتەوە، ھۆکارەکەی بۆ رێکەوتنە سیاسییەکان لە کاتی ھەڵبژاردن و پێکھێنانی حکومەتی عێراق ئەو داوایە دەکەوێتە بەر باس و خواستی حزبە سیاسی یەکان.

سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ ھەرێم بڕیاری دا کە نەوتی خۆی ھەناردە بکات و داھاتەکەشی بۆ بەغدا نەنێرێت، چونکە پێ ی وایە بەغداد شایستە داراییەکانی ھەرێم بە تەواوی نادات.  لە بەرانبەردا بەغداد دەیوت ھەرێم نەوت دەفرۆشێت و داھاتی ناوخۆ و گومرگی ھەیە ھیچ تەسلێم بە بەغداد ناکات و دەیەوێت بوودجەش وەربگرێت، بۆیە تا داھاتی نەوت تەسلێم نەکرێت بۆدجە نانێرن. ئەمە سەرەتای گرفت و بڕینی بودجەی ھەرێم بوو.

بەڵام لەگەڵ ھەناردەکردنی نەوت لە ساڵی ٢٠١٤ دا و بڕینی بودجەی ھەرێم لە لایەن ناوەندەوە دابەزینی نرخی نەوت بۆنێوە ھەرێم توشی ھەرەسی دارای بوو. ھۆکار چی بوو وا بەو خێرای یە توشی ئەو تەنگژە بوو؟ ئەو ھەموو داھاتە لەو ماوەی پێشووەدا دەست ھەرێم کەوت بۆ کوێ چوو؟ چۆن ئیدارەکرا؟ باسی ئێمە نییە لێرەدا.

بۆیە کاتێک ھەرێم ھیچ پارەی بەدەستەوە نەبوو پەنای بۆ فرۆشتنی نەوتەکەی بەسەوزی برد واتە پێش وەختە پارەی نەوتی لە کۆمپانیاکانی کڕیاری نەوت وەرگرت. دیارترین ئەو کۆمپانیایانە ( Vitol, Petraco, Trafigura) کە لەم سێ کۆمپانیایە بڕی ٢ ملیار دۆلاری وەرگرتووە وەک پێشەکی نەوت وە پاشان لەساڵی ٢٠١٧ دا بڕی ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری لە  Glencor وەرگرتووە، وە رۆزنەفتیش ١.٢ ملیارێک و دوسەد ملیۆنی وەکو پێشەکی  پارەی نەوت داوە بە ھەرێم، زانیاری  لەبەردەست نییە لەسەر چۆنێەتی دانەوەی ئەو نەوتە، ھەندێک زانیاری لەسەر قەرزەکەی گلینکۆر ھەیە کە لەسەر ئەو بنەمایە ھەڵسەنگاندن بۆ قەرزەکانی تریش دەکەین. گلینکۆر بڕی ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری بەھەرێم داوە بۆ ئەوەی لە پێنج ساڵدا و ھەرمانگەی ھەرێم بڕی ٣،٥ ملیۆنی بەرمیل نەوت ڕادەست بکات، واتە ڕۆژی نزیکەی ١١٦ ھەزار بەرمیل بۆ ماوەی پێنچ ساڵ کە لە ساڵی ٢٠٢٢ تەواو ئەبێت. کە ئەگەر نرخی نەوت تەنھا ٤٥ دۆلار بێت ئەوا ھەرێم بە کۆی ئەو پێنچ ساڵە کە بڕی ٩ ملیارو چوارسەدوو پەنجا ملیۆن  دینار نەوت دەداتەوە.

گەر بێن و ئەو بڕە نەوتەی ھەرێم بە گلینکۆری دەداتەوە بەراورد بکەین بەو بڕە قەرزەی لە وچوار کۆمپانیایەی وەرگرتووە کە بڕەکە ٣.٢ سێ ملیارو دوسەد ملیۆن دۆلارە وەئەگەر تەنھا ٣/١ ی ئەو بڕە بداتەوە کە بە گلینکۆر دەدرێت ئەوا ٢٤٤ ھەزار بەرمیل دەبێت ڕۆژانە لە بری قەرزی نەوتی بەسەوزی فرۆشراو بداتەوە.

واتە لە باشترین حاڵەتدا ھەرێم بڕی ٣٦٠ ھەزار بەرمیل ڕۆژانە قەرزی نەوتەکەیەتی. وەکو ئەزانین گرێبەستەکانی ھەرێم جۆری وەبەرھێنانی ھاوبەشە ( PSA) بەپێ ی ئەو ھەڵسەنگاندنەی بۆ کێڵگەی شێخانمان کردووە، وەبەڕەچاوکردنی ئاستی بەرھەمی کێڵگەکە و نرخی نەوت ئەو پارەیەی کۆمپانیای گوڵف کیستۆن وەریگرتووە لە مانگی شوبات دا ئەوا کۆمپانیاکانی وەبەرھێنی نەوت زیاتر لە ٢٦٪ کۆی بەرھەمی ھەرێمیان بەردەکەوێت ئەم بڕە قازانجی کۆمپانیا و خەرجییەکانیشی دەگرێتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە ئەگەر ھاوکێشەی دابەشکردنی قازانجی نەوت بە ٨٥٪ بۆ ھەرێم و ١٥٪ بۆ کۆمپانیا نەوتێکان بێت کە ئەمە باشترین سیناریۆیە لەبەرژەوەندی ھەرێم کە ئەکرێت کۆمپانیا زۆر لەوە زیاتری بەرکەوێت.

لە ئێستادا ئاستی بەرھەمی ھەرێم بە ٤٣٠ ھەزار بەرمیل مەزەندە دەکرێت وە بە پێ ی دابەشکردنی گرێبەستەکانی ھەرێم ٢٦٪  کە بەرکۆمپانیا دەکەوێت پاش ئەوەی موڵکانە و پشکی ھەرێم وکۆمپانیاکانی نەوتی نیشتمانی ھەرێم ( کەتائێستا ھەرناوەو دانەمەزراوە) و پەرە پێدانی کۆمەلایەتی ئەوا کۆمپانیا نەوتییەکان بڕی ١١٣ ھەزار بەرمیل ڕۆژانە پشکیان دەبێت.

کەواتە ئێستا ھەرێم ١١٦ ھەزار بەرمیل دەبێت بدات بە گلینکۆر ٢٤٤ ھەزاریش بدات بە ئەو چوار کۆمپانیایەی تر. ئەوەش دەزانین کەجگە لەئەو نەوتەی بەسەوزی فرۆشراوە ھەرێم قەرزاری تۆرکیاشە بڕی قەرزەکە چەندە؟ زانیاری تەواو لەبەردەست نییە. لەگەڵ ئەوەشدا قەرزاری حەقی تاریفەی  تێپەربوونی نەوتە بە بۆری لە ناو خاکی تورکیادا ئەمەیان مەزەندەکرێت بە یەک ملیار دۆلار کە لای ھەرێم مابێت، ئەمە تەنھا (تەخمینە)، بەڵام جگە لەم دوو قەرزە ی کۆتا و ھەر قەرزێکیتر گەرھەبێت، ئەوا ھەرێم ئێستا ٤٧٣ ھەزار بەرمیل ڕۆژانە تەنھا حەقی کۆمپانیای وەبەرھێنی نەوت و نەوتی بەسەوزی فرۆشراوی لەسەرە، چەند مایەوە بۆ ھەرێم کە بیدات بە بەغدا؟ کەواتە ئەو ٢٥٠ ھەزار بەرمیلە لە کوێ بێنێت گەر بشیەوێت رادەستی کات نەوت نیە! بۆیە بەم بارودۆخەی ئێستا ھەرێم ناتوانێت تەنھا بەرمیلێکیش رادەستی بەغداد بکات.

دوێنی نیچیرڤان بارزانی سەرۆکی تازەی ھەرێم و سەرۆک وەزیرانی ھەموو ئەوکاتانەی کە ھەرێم نەوتی بەرھەم ھێناوە رایگەیاند "ئامادەن نەوت رادەست بکەن بەڵام دەبێت سەرەتا رێکبکەون".

 ھەرێم  بۆی ھەیە بەیەکێک لەم دوو گریمانەیە رازی بێت:

کاتێک ڕازی دەبێت کە ناوەند ھەستێت بە دانەوەی شایستەی کۆمپانیا نەوتیەکان و قەرزەکانی سەرھەرێم، گەر ڕازی بێت بەغداد بەم شیوەیە ئەوە ناراستەوخۆ دان دەنێت بە ھەموو گرێبەستە نەوتییەکان و فرۆشتنی نەوتی ھەرێم، وە ھیچ مانایەک بۆ ئەو داوایانەی وەزارەتی نەوت نامێنتەوە کە لە دادگای دەستوری تۆماری کردووە دژی ھەرێم، وە ئەوداوایەی کە دژی تورکیاش تۆماری کردووە تیایدا داوای قەرەبووی ٢٦ ملیار دۆلار دەکات. کە ئەم ئەگەرێکی لاوازە بەڵام یەکێکە لە ئەگەرەکان!

گریمانەی دووەم: ھەرێم داوای قەرەبووی بووجەی ئەوساڵانە بکات کە ناوەند نەیناردووە بۆ ھەرێم چۆن ڕێکدەکەون ئەوە بابەتی دانوستانەکانە و کاتی پێ بەڕێدەکەن لەوانەیە بەغداد بەم ئەگەرە ئاسودەتربێت.

وەلە حاڵەتی رادەستکردنی ھەموو نەوتی ھەرێم بە بەغدا لە بەرانبەر قەرزەکانی و بودجە. ئەوکات ڕۆڵی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی چی دەبێت؟ ئایا بەکرداری وەکو کۆمپانیای نەوتی باکور ڕۆڵ نابینێت؟ نەوت بەرھەم بهێنێ و تەسلیمی سۆمۆی بکات؟ ئایا ھەرێم بەوە رازی دەبێت؟   

لەلایەکی ترەوە بە پێی ڕاپۆرتی کۆمپانیا نەوتێەکانی ھەرێم ئاستی بەرھەمی زۆربەی کێڵگەکان لە زیادبوونە وە ھەرێم ئێستا خەریکی ڕاکێشانی بۆری گازیشە بۆ تورکیا لە ڕێگەی کۆمپانیای رۆزنەفتی رووسیەوە، وەبڕیارە لە یەک دوو ساڵی ئایندەشدا بەرھەمی گازیش ھەبێت و ھەناردەکرێت، بۆیە ئەگەرێک ھەیە کە ھەرێم دەیەوێت کات بکوژێت، دەیەوێت ت اکۆتایی ساڵ مووچەی فەرمانبەرانی لەبەغداوە بێت و ئەویش لە داھاتی نەوتەکەی قەرزەکانی تۆزێک سوک بکات وەدوریش نییە لە چارەکی کۆتایی ساڵ ھەرێم رازیبێت بەتەسلیم کردنی بڕێک نەوت بەسۆمۆ تاوەکو فشاری سەر سەرۆک وەزیران عادل عبدالمھدی کەم بکاتەوە و لەکاتی دانانی بووجەی ٢٠٢٠ بەشێوەیەک بگەنە جۆرێک لەرێکەوتن.

لەکۆتادا پرسیارێک ماوە بکرێت ئایا لەگەڵ زیادبوونی بەرھەمی نەوت و دەستپێکردنی ھەناردەی گاز، بەغداد ھەرداوای ٢٥٠ ھەزار بەرمیل دەکات کە رادەستی بکرێت یان ئەویش ئاستی داواکارییەکانی بەرز دەکاتەوە؟

سەرچاوەکان: 

١. رۆیتەرز
٢. دیلۆیت
٣. گۆلف کیستۆن
٤. گرێبەستی گلینکۆر
 ٥. رۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمز
 ٦. راپۆرتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان      

خشتەی ژمارەکان

بەراوردی داهاتی گۆڵف کیستۆن لەگەڵ سیناریۆی دووەم زۆر نزیکە

Deloitte

GKP received in Feb

13,600,000

Daily Production

31,563

Monthly Production

946,890

Oil Price in December

54

Monthly Revenue

51,132,060

Share of KGP

13,600,000

Percentage %

0.2657794

KRG Production bl

400,000

Scenario 2

105,000

Percentage %

0.2625