سەردێڕ:

ئاماژەکانی رۆژی یەکەم

6/20/2019 11:19:17 PM
5773 جار خوێندراوەتەوە
ئاریان فەرەج
+ -

پاش سەردانی پارتی، مەسرور بارزانی سەردانی سلێمانی کرد، جیا لە یەکێتی و گۆڕان، چووە دیدەنیی کاکە حەمەی حاجی مەحمود و حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانیش.

سەردان و کۆبونەوەکەی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو لەگەڵ پارتی، نە چاوەڕوانیی لای رای گشتی دروست کرد و نە نەتیجەکەشی نائاسایی بوو، ئاخر پارتی جیا لە پەرۆشیی بۆ ھەرچی زووتر پێکھێنانی کابینە، لە دەستنیشانی کاندیدەکانیشیدا بێ کێشە و دەستوبرد و ئاسانکارە و بۆیەش دەکرێ بوترێت، رۆژی یەکەمی ھەنگاوەکان لە سەردانی سلێمانییەوە دەستپێکرا. 

ئاماژەکانی رۆژی یەکەم، بە گشتی ئومێدبەخش بوون. لایەنەکان جددییەتیان بۆ ناردنی سی ڤی کاندیدانیان لە وادەی دیاریکراودا نیشان دا، جیا لەوەی تەئکیدیان لە پابەندبوونیان بە رێکەوتنەکانیان لەگەڵ پارتی کردەوە کە بەرەنجامی چەند مانگێک گفتوگۆی چڕوپڕ و لە ھەندێک قۆناغیشدا بەکێشە و بێشەبوون، مەسرور بارزانی دیدارەکانی بە گرنگ ناوبرد و لەو بارەیەوە وتی: لە دیدارەکاندا ئەو ھەستەمان بەدیکرد کە ھەمووان خوازیارن کابینە لە وادەی خۆیدا رابگەیەنرێت.

بابەتی کەرکوک کە لە یەک لە دیدارەکاندا، پێدەچێ بابەتی باس بووبێت، ھەوڵ دەدرێت پرۆسەی پێکھێنانی حکومەت چیتر ئاستەنگ و دوانەخات، ئەو پرۆسەیەی کە سەرۆک وەزیرانی راسپیردراو لە توێتێکدا ناویناوە( بەجێگەیاندنی ئەرکی ھاوبەشی ھەمووان). مەسرور بارزانی لەو بارەیەوە دڵنیایی بەخشی و یەک لە ئەندامانی وەفدە ھاوڕییەکەشی تەئکیدی کردەوە کە پارتی پابەندی ھەموو رێکەوتنەکانە لەگەڵ یەکێتی کە یەک لەوانە تایبەتە بە ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک بە دانانی پارێزگاریشەوە، ئەو کەرکوکەی کە پارتی گەر لە خەڵکی دیکە بۆی پەرۆشتر نەبێت، لەوان کەمتر پەرۆشی نییە. 

کەواتە گەر ئاستەنگ نەیەنەپێش، لایەنەکان لە یەکلاییکردنەوەی کاندیدەکانیاندا پرۆسەکە مەحتەل نەکەن، رێککەوتن و تەفاھوماتی پێشتر، بایی ھێندە زەمینەخۆشکەرن کە لە وادەی یاساییدا و بەر لەوەش کە پەرلەمان داخڵی پشوو بێت، کابینەی نوێ متمانە وەرگرێت و دەستبەکار بکات. 

ئاماژەیەکی دیکەی رۆژی یەکەم، یەکلاییکردنەوەی وەزیری شەھیدان بوو بۆ حزبی سوسیالیست، ئەو ھەنگاوەی رای گشتی و ھەموو کوردپەروەران و شەھیدپەروەران دەستخۆشی و ئافەرینیان لێکرد، پەیام و تەعبیرێکی پڕ مەغزاش بوو لە دید و تێڕوانینی پارتی و سەرۆکی راسپێردراوی کابینەی نوێ.