سەردێڕ:

كالكان، روون و رەوان

7/29/2019 1:14:54 PM
8009 جار خوێندراوەتەوە
ئاریان فەرەج
+ -

 دۆران کالکانی ئەندامی سەرکردایەتی پەکەکە ئەوەی لە ژێر بەرەیە ھێانیە سەر بەڕە، بێ شەرم و پێچ و پەنا رایگەیاند ئەوان دژی ئازادی باشوری کوردستانن و ئەرکیان تێکدانی ئەو سەقامگیری و ئازادییەیە، چونکە وەک دەڵێ: یان دەبێ ھەموو پارچەکان پێکەوە، یان نابێ باشور بە تەنیا ئازاد و سەقامگیر بێ.

جیاوازی ھەڵوێستی پەکەکە لەگەڵ ناحەزان و داگیرکەرانی کوردستان تەنیا لە داڕشتنی زمان و پێش و پاشی ووشەکاندایە، پەکەکە دژی ئازادی باشورە چونکە پارچەکانی دیکە ئازاد نین، داگیرکەرانیش دژن چونکە پێیان وایە ئازادی و پێشکەوتنی ئەم پارچەیەی کوردستان، دەبێتە ھەوێن و ھاندەر و مایەی ئازادیی پارچەکانی دیکە، بە نەتیجە ھەردووکیان دژن و ئەرکیان تێکدانی باشورە.

بۆیە کاتێ لە قەندیلەوە پیلان بۆ کوشتنی دیبلۆماتکارێکی تورک لە ھەولێر دادەڕێژن، ئامانجیان لێدان و تێکدانی ئەمن و ئاساییشی باشورە نەک خەبات بۆ ئازادی باکور، دەنا نە ھەولێر ئامەد و شرناخی داگیرکراوە و نە ھۆقەباز چیای ئاگرییە و نە دیبلۆماتکار چەک لە شانە و نە ئەو دوو گەنجە بێ گوناھەی بێ باکانە شەھیدیان کردن، داگیرکەری باکورن.

کالکانی بە رەگەز تورک گومانێکی نەھێشتەوە کە ئەوەی لەلایەن پەکەکەوە بە ئامانج گیراوە و دژایەتی دەکرێت، ئەم ھەرێمەیە، سەقامگیری و ئەمنیەت و ئازادی و ژیانی خەڵکەکەیەتی، پەلکێشی سوپای تورک بۆ باشور، بۆ ئەوەیە باشور تێکبچێ نەک بۆ ئەوەی باکور ئازاد بێ. سەنگەرگرتنی پەکەکە بە دەرەجەی یەک لە پارتی ھۆکارەکەی ھەر ئەوەیە کە پارتی سەنگەری یەکەم و سەرسەختی بەرگرییە لەم ھەرێمە، دەنا پیلانی پەکەکە دژی ھەموانە بە حکوومەت و ئەحزابەوە.  

بە درێژایی مێژووی بزوتنەوەی رزگاریخوازیی کورد، لە ھەر پارچەیەک ئومێدێک، تروسکاییەک، دەسکەوتێک، دەرفەتێک بەدیکرابێ، ھەموو پارچەکانی دیکە پشتیوانییان لێکردووە و بە دەسکەوت و ئومێدیان زانیوە بۆ ھەموو نەتەوەی کورد، لۆژیکی پەکەکە بۆ تێکدانی ئازادی و ئەزمونی باشور، تا سەر ئێسقان نامۆیە بەو ھاوپشتییە نەتەوەییە و بەو مێژووە، ھۆکارەکەش ئەوەیە خودی پەکەکە تەنێکی نامۆیە بە کوردایەتی و بە ئامانجە باڵاکانی بزوتنەوەی رزگاریخوازیی کورد.