سەردێڕ:

پارتی چۆن شه‌ڕی راگه‌یاندن ده‌كات؟

6/20/2019 10:42:04 PM
10739 جار خوێندراوەتەوە
بەختیار وەرتى
+ -

بەپێی توێژینەوەیەکی ئەکادیمی : لەکاتی تەنگانەدا دووانەی (عەلی عەونی - ئەبو چیچۆ) گەورەترین فریادڕەسەکانی بارزانین 

بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە دەستەیەک پسپۆڕی بانگەشەی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان لە ماوەی نێوان حوزەیرانی ٢٠١٧ بۆ حوزەیرانی ٢٠١٩ ئەنجامیان داوە گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەرزترین ئاستی خۆیەوە کە مەسعود بارزانی سەرۆکی حزبەکەیە، سەرپەرەشتی شەڕی راگەیاندن دەکات.

چوار مامۆستای زانکۆکانی سلێمانی، ھەولێر و دھۆک و راپەڕین لە توێژینەوەیەکی ھاوبەش دا کاریان کردوە لەسەر دۆزینەوەی شێوازی کارکردنی ھەڵمەتی راگەیاندنی پارتی، کە لەناو خەڵکدا بە "شەڕی راگەیاندن" و "شەڕە جوێن" ناسراوە.
توێژینەوەکە (٥) رووداوی سەرەکی وەرگرتوە کە لەماوەی ناوەڕاستی ساڵانی ٢٠١٧ تا ناوەڕاستی ٢٠١٩ وەکو سامپڵ وەرگیران.
١. ھەڵمەتی راگەیاندن بۆ ریفراندۆم و رووبەڕووبوونەوەی بەرامبەر
٢. ھەڵمەتی راگەیاندنی ١٦ی ئۆکتۆبەر و رووبەڕوبوونەوەی بەرامبەر
٣. ھەڵمەتی راگەیاندن بۆ پێچەوانەکردنەوەی شکستی بارزانی لە ریفراندۆم و رووبەڕووبوونەوەی بەرامبەر
٤.ھەڵمەتی راگەیاندنی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و پەرلەمانی کوردستان و رووبەڕووبوونەوەی بەرامبەر
٥. ھەڵمەتی بە مەرجەع کردنی مەسعود بارزانی و رووبەڕووبوونەوەی بەرامبەر

ئەوەی بۆ توێژەران دەرکەوتوە لە ھەر (٥) سامپڵەکەدا مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان راستەوخۆ بەشدارە لە دروست کردنی گوتاری سەرەکی راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەم گوتارە لە نووسینگەی تایبەتی بارزانییەوە بە کۆمەڵێک چەناڵ و فیلتەر و گروپ دا دابەش دەکرێت و تێکڕای کەناڵەکانی راگەیاندنی پارتی ( ناو مەکتەبی سیاسی، وتەبێژی پارتی، راگەیاندنی مەکتەب و دەستە و لقەکان، راگەیاندنە سێبەرەکان، راگەیاندنە فەرمییەکان، راگەیاندە دەرەکییەکان) جێ بەجێی دەکەن.

توێژینەوەکە شێوازی کارکردنی راگەیاندنی پارتی دەست نیشان کردوە بەوەی " بەپێچەوانەی نەرمی نیشان دان و بانگەشە کردن بۆ بەھا باڵاکان و مۆڕاڵە سیاسییەکان، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر نا ئەخلاقی لە بواری ھەڵمەتی راگەیاندن دا کار دەکات و گڵۆپی سەوزی ئەم کارەش لە نووسینگەی سەرۆکی پارتییەوە بۆ پاراستنی گشتی ھەڵدەکرێت."

مامۆستاکانی بەشدار لە توێژینەوەکە پشتیان بەستوە لە ئەنجامدانی چاوپێکەوتن و کۆکردنەوەی بەڵگە و چاودێری کردنی کەناڵ و ماڵپەڕ و پەیجەکانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەوەیان بۆ یەکلایی بۆتەوە "کە مەسعود بارزانی راستەوخۆ لە پشت دێڕ بە دێڕی گوتاری میدیایی پارتییە."

کەناڵەکانی گواستنەوەی گوتار: پارتی ئەو گوتارە سیاسیەی کە ھەیەتی لە رێی سێ کەناڵی جیاوازەوە ئاراستەی وەرگری دەکات.

١. کەناڵەکانی رووداو و کوردستان ٢٤. بۆ وەرگری حزبی و بێ لایەن و ناوخۆ و دەرەکی.
٢. بەیاننامە و کەناڵەکانی زاگرۆس و کوردستان تی ڤی و ھەموو کەناڵە سێبەرە ئاسمانی و لۆکاڵییەکان. بۆ وەرگری حزبی و خوێن زەردەکان.
٣. ماڵپەرەکان و پەیجەکان. بۆ ئیستھداف کردنی بەکارھێنەرانی سۆشیاڵ میدیا و بۆ دور خستنەوەی گوتاری ناشرین لە ئۆرگانی فەرمیی پارتی.

توێژەران بە پێی بەڵگەکانی بەردەستیان ئەوەیان سەلماندوە کە "تەنانەت جوێنەکانی ناو سۆشیاڵ میدیای پارتی کە پاراستنی گشتی سەرپەرەشتی دەکات و لە ژێر سێبەری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان دا بەڕێوە دەچێت راستەوخۆ لە بنەماڵەوە بۆ دەستەبژێرێک لە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی شۆڕ دەکرێتەوە تا کاری لەسەر بکەن."

 شێوازی کارکردن:

تیرۆرکردنی کەسێتی گرنگترین شێوازی کارکردنی راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستانە کە راستەوخۆ لەلایەن نووسینگەی راگەیاندن و تیمی راوێژکارانی میدیاکاری سەر بە بارەگای بارزانی ئاراستە دەکرێن. بەشێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و تەنانەت وتەبێژی پارتی و تیمی راگەیاندنی مەکتەبی سیاسی و نوێنەری ئۆرگانە حزبی و حکومەتییەکانی سەر بە پارتی و پاراستنی گشتی و دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان (ئەوەی لای پارتییە) لەم تیمەدا نوێنەریان ھەیە و باڵی تەنفیزیی ھەڵمەتە میدیاییەکەن.

ئەم تیمە سیخوڕییە پێکھاتوە لە کۆمەڵێک میدیاکاری سیاسی و حزبی و حکومی و سەر بە دەزگا سیخوڕییەکان و ئەرکی تیرۆرکردنی کەسێتیی بەرامبەریان پێ سێپردراوە. بەپێی توێژینەوەکە ھەر کەس بەرامبەر پارتی بوەستێتەوە لەسەردەمی دیجیتاڵ میدیادا باشترە لەرێی میدیاییەوە و لەناو کۆمەڵدا تیرۆر بکرێت. ئەم ئاراستەیەش دوای تیرۆر کردنی سەردەشت عوسمان و پەرەسەندنی بەکارھێنانی سۆشیاڵ میدیا لە کوردستان لەلایەن تیمی راوێژکاریی بارزانییەوە بەکارھێنراوە.

گرنگترین بکەرەکان:

پارتی دیموکراتی کوردستان کۆمەڵێک ئەکتەری سەرەکیی ھەیە کە لەکاتی ھەڵمەتی راگەیاندن دا پشتیان پێ دەبەستێت و دووان لەم بکەرانە، گرنگترین سەرمایەکانی مەسعود بارزانین کە ئەوانیش عەلی عەونی و ئەبو چیچۆن. عەلی عەونی لە کەناڵی ئاسمانییەوە ھێرش دەکات و ئەبو چیچۆ لە سۆشیاڵ میدیاوە بەڵام ھەردوکیان لەلایەن تیمێکی لاوەکییەوە سەرەپەشتی و ئاراستە دەکرێن کە پەیوەندییان ھەیە بە گروپی سۆشیاڵ میدیای دەزگای ئاسایشی ھەولێر (سۆران) و سۆشیاڵ میدیای ھاوینەھەواری ێەڵاحەدین.

لە پەراوێزی عەلی عەونی و ئەبو چیچۆشدا ئەم بکەرانەی تر بەشدارن لە ھەڵمەتی راگەیاندنی پارتی دا کە زۆرجار سنورە سیاسی و کۆمەڵایەتی و مۆڕاڵی گشتی کۆمەڵگەش دەبەزێنێت و بەپێی توێژینەوەکە ھەموو تۆمەت و تیرۆرکردن و ھەواڵە ناڕاستەکان لەلایەن تیمی پشتیوانیی میدیاییەوە بە بەشداربوانی بەرنامەی کەناڵە ئاسمانییەکان و لایڤەکانی سۆشیاڵ میدیا و دروستکەرانی گرافیک و ھەڵسوڕێنەرانی ھەڵمەتەکە دەدرێت.

١. زکری موسا: راوێژکار لە ھەڵمەتی راگەیاندن
٢. ئاریان فەرەج: راوێژکار و جێبەجێ کار و بەشدار لە ھەڵمەتی راگەیاندن
٣. بەھمەن عەبدوڵا : پەرلەمانتار و جێبەجێ کار لە ھەڵمەتی راگەیاندن
٤. ئومێد خۆشناو: پەرلەمانتار و جێبەجێ کار و ئاراستەکار لە ھەڵمەتی راگەیاندن
٥. ئەبو چیچۆ و عەلی عەونی: جێبەجێ کار لە ھەڵمەتی راگەیاندن. ئاستی ئەم دوو بکەرە نزم دەبێتەوە بۆ نزمترین ئاستەکانی کۆمەڵایەتی و لە تەنگانە ترین کاتی بارزانی دا بانگھێشتی ستۆدیۆ و لایڤەکانی سۆشیاڵ میدیای پارتی دەکرێن
٦. کاروان محەمەد سابیر: ئاراستە کار و جێبەجێ کار لە ھەڵمەتی راگەیاندن و دەستەیەک بۆ ئەم کارە بەڕێوە دەبات.
٧.  مەحمود محەمەد (مەحمودە سور): جێبەجێ کار و ئەندامی تیمی باڵای ھەڵمەتی راگەیاندن.
٨. ھێمن ھەورامی: جێگری پەرلەمان و سەرپەرەشتیاری چەند پەیج و ماڵپەڕێکی ھەڵمەتی راگەیاندن. بەشدار و جێبەجێ کار.
٩. محەمەد سەلیم مزوری: راوێژکاری پێشووی چەند ماڵپەڕ و پەیجێکی راگەیاندن.
١٠. ئاریان سەنگاوی. جێبەجێ کاری ھەڵمەتی راگەیاندن
١١. نەجمەدین حەسەن موستەفا: جێبەجێ کاری ھەڵمەتی راگەیاندن و راوێژکاری ئەبو چیچۆ.
١٢. بەرھەم حەسەن موستەفا: جێبەجێ کاری ھەڵمەتی راگەیاندن و سەرپەرەشتیاری تەکنیکی
١٣. ئەرسەلان وەیسی: راوێژکار و سەرپەرەشتیار و ئاراستەکاری عەلی عەونی.

ھەروەھا نزیکەی دوو سەد ئەندامی تر لەناو گروپی ھەڵمەتی راگەیاندنی پارتی  کار دەکەن وەک نزار زەکی، دلۆڤان چاڵی، سەرکار و سەنگەر ھەورامی، کاوەر باڤی، وارشین بەرواری، بەرزان ھەورامی، محەمەد جەلال، لوقمان حەسەن، وارشین بەرواری، و ئاسۆ عەلی و بەسام عەلی و ئەحمەد کانی و ئەمیر نەجمەدین.

لە ئەنجام گیری دا توێژینەوەی مامۆستاکانی زانکۆکانی سلێمانی، ھەولێر، و دھۆک و راپەڕین کۆمەڵێک پێشنیاریان کردوە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان کە لەم شێوازەی کارکردنی راگەیاندن دور بکەوێتەوە لەبەر ئەوەی زۆر ھاوشێوەیە لەگەڵ شێوازی کارکردنی بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا و داوا کراوە لە سەرۆکی نوێی ھەرێمی کوردسان ئەو سامانەی لە "سوپای ئەلیکترۆنی و شەڕە جوێنی سیاسی دا سەرف دەکرێت، بکرێت بە پرد و پەیوەندیی نێوان حزب و لایەنە کوردستانییەکانی پێ پتەو بکرێت. بدرێت بە دەرمان بۆ نەخۆشخانەکانی شێرپەنجە لە کوردستان و بدرێت بە دەفتەر و قەڵەم بۆ قوتابی و خوێندکارە ھەژارەکانی کوردستان و بکرێت بە پاداشت بۆ مامۆستا سەرکەوتووەکانی زانکۆکانی کوردستان".