سەردێڕ:

کۆتا پەیام بۆ پارتی

6/20/2019 2:21:30 PM
50382 جار خوێندراوەتەوە
کاروان مەحمود سەنگاوی
+ -

ئاشکرایە کە ئێمەیەک  کە ھەموو تەمەنی خۆمان و کەسوکارمان و خوێنی ئازیزان و ھاوڕێ و ھاوسەنگەرانمان بەخشیتوەتە گەل و نیشتیمانەکەمان و لە پێش زۆربەی جەنراڵەکان و سیاسیە مایەپووچەکانی ناو پارتییەوە ملی ڕێگای ڕزگای خاکی کوردستانمان گرتووە لە ھەمووان زیاتر پەرۆشی یەک ڕیزیی و یەک پارچەیی خاکی کوردستانمانە و چەندین جاریش ھاوڕێ و ھاوسەنگەرانمان لە بۆنە و مەراسیمە جیاوازەکاندا باسی مەترسیەکانی لێکترازان و دابەشبوون و  دووبارە بوونەوەی دوو ئیدرەیییان کردوە لە سۆنگەی ھەستکردن بە بەرپرسیارێتی و مەترسی دووبارەبوونەوەی شەڕی نەگریسی ناوخۆ، بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پارتی چەندین جار ئاگادار کراوەتەوە کە ئێمەی ماندووانی ناو یەکێتی چیتر قبوڵ ناکەین ماف و حەقەکانمان لە لایەن پارتی ەوە زەوت بکرێت و زۆنەکەمان لە خێر و بێرەکانی ھەرێمەکەمان بێ بەش و مەخدوور بکرێت، تاکو ئێستا لەبەر خاتری خاترداران و  خەڵکی کوردستان و خەمی میللەتەکەمان و دابەشنەبوون و لێکترازان دانمان بە خۆماندا گرتووە و باجی زۆرمان لە نەرمی نواندن لە بەرامبەر پارتیدا داوە بەڵام چیدی بەدڵنیاییەوە یەکێتیەکان وەک جاران لە حەقە خوراوەکانیان خۆش نابن.

 لە دوای بڵاوبوونەوەی وتەکانی باوکم ھەڤاڵ مەحمود سەنگاوی دەربارەیی بە کارێزما نەبوونی مەسعود بارزانی و ئەو بێ ڕێزیەی پارتی و سەرۆکەکەی لە مەراسیمی سوێند خواردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستاندا دەرحەق بە یەکێتی و ڕابەرمان ھەڤاڵ مام جەلالیان کرد پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرەوە بۆ خوارەوە، لە سەرۆکەوە بۆ ئەندام، لە وەزیرەوە بۆ گزیر، لە وتەبێژەوە بۆ مەسینە ھەڵگر، ھەموو حیزبەکە بە خۆیان و کەناڵەکانیانەوە کەوتوونەتە خۆیان و وەھا شپرز بوون مەکتەب سیاسیەکەیان کاتژمێر ١٢ی شەو بەپەلە پڕزوکێ بەیانامەیەکی ھەلەق و بەلەقیان بڵاو کردۆتەوە کە جگە لە ھێرشێکی بێ ئەدەبانەدا بۆ سەر ئێمە چەندەھا بوختان و تۆمەتی بێ بنەمایان داوەتە پاڵمان کە ئەمە لە کاتێکدایە دەزگا بێزراوەکەی بارزانی و کەناڵە فەرمیەکانیان ڕایانگەیاند بوو کە ئێمە لە ئاستی ئەوەدا نین ئەوان جوابمان بدەنەوە بەڵام شپرزەییەکەیان بە جۆرێکە کە لە سەرجەم دەزگاکانیانەوە بە ھەڵپە لە ھەوڵی ناشرینکردنماندان و پاشان لە ڕێگەی چەند ھەلپەرست و دۆڕاوێکی سیاسی و ڕابردوو گڵاو و کەم و بچووک و بێ سەنگ و قورساییەوە وتەکانی باوکم بە پەیڕەو کردنی سیاسەتی داگیرکەرانی کوردستان دادەنێن، بەڵام بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئاشکرایە کە ئەوە بارزانییە بۆ کورسیەکەی و داگیرکاریی تاکو ئێستا لە ھیچ خیانەتێک نەسڵەمیونەتەوە. قسەکانی  باوکم کە خودی خۆی کردویەتی خۆشی و ئێمەش لێی بەرپرسیارین و ئەگەر قسەکانیش ڕاست و بە بایەخ نەبووبا پارتی بەم جۆرە نە ئەکەوتە ئینزاروە و ئاوە بە حەساسیەت شتەکەیان وەرنەئەگرت. ڕای ئێمە لەوانەیە تەعبیر لە ڕەئی ڕەسمی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان نەکات بەڵام ئاشکرایە کە ئەوە بۆچوونی زۆرینەی ئەندام و لایەنگران و جەماوەر وسەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و تەنانەت لایەنگرانی ئەو حزبانەشە کە پاڵیان داوە بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە لە پێناو بەدەستھێنانی پلە و پۆست و ئیمتیازات.

 پێویستە بە بیری پارتی و ھاوئاوازەکانی بھێنینەوە ئەوە ئێمە نەبووین و پارتی بوو بە پلانی ئابووری سەربەخۆ ژیانی مووچە خۆرانی کوردستانی برد بەرەو ئاقارێکی خراپ، ئەوە ئێمە نەبووین بە ڕیفراندۆمی درۆینە و کێشەی شەخسی لەگەڵ چەند بەرپرسێکی حکومەتی عێراق چارەنووسی میللەتێک ڕووبەڕووی مەترسی لە ناوچوون بکەینەوە، ئەوە ئێمە نەبووین بەبێ تەقە شنگالمان چۆڵ کردبێت و ئێزدیەکانمان تەسلیمی داعش کردبێت، ئەوە ئێمە نەبووین لە پێناو دزی و تاڵانکردنی نەوت و دەسکەوتی زیاتر قەیرانی ئابووری تووشی کوردستان بکەین  و دوایش بەسەرێکی شۆرەوە بگەڕێینەوە عێراق، ئەمانە و ھەزار داستانیتر دەسکەوتی پارتی و بارزانیە کە نەک ناتوانن نکۆڵی لێبکەن بەڵکە پەڵەیەکی ڕەشیشە بە ناوچاوانیانەوە و پێیان عەیبە لێشی بدوێن مەگەر لە ڕێگەی ئەندامە دەستە پاچەکانیانەوە نەبێت.

جەنابی کاک مەسعود بارزانی، کە خەونی لە مێژینەی بوون بە مەرجعەی باڵای کوردە، ئەبوو وەک خەمخۆری کورد ھەستایە بە نێوەندگیری نێوان لایەنە سیاسیەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان نەک لە پێناو پۆستی زیاتر بۆ حیزبەکەی ببێتە ھۆکاری دروستکردنی کێشەی زیاتر بۆ نێو ماڵی سیاسی کورد. بارزانی زیاتر وەکو سەرۆک حزبێک تەعامول لەگەڵ کێشەکانی نێوان لایەنە سیاسیەکان و پرسە نەتەوەیەکاندا دەکات. بارزانی، خۆی و حزبەکەی بە درێژایی مێژووی خۆیان داینەمۆی سەرھەڵدانی کێشە سیاسیەکان و نەتەوەییەکان بوون یاخود تەرەفی سەرەکی بوون تێیدا نەک لە باشووری کوردستان بە تەنھا بەڵکو لە سەرجەم پارچەکانی تری کوردستانیش. 

لە کۆتاییدا، بە قەولی ئەوان گوایە کە لەبەر ئەوەی من پۆستم وەرنەگرتووە و باوکم بایەخی نەماوە لە ناو یەکێتی دا ئەم قسانە دەکات، ئاشکرایە بۆ ھەموو لایەک ئەوەتەی مەحمود سەنگاوی ھەیە چی ویستبێت و چی لا باشبووبێت بێ ترس و ھیچ دوو دڵییەک ووتویەتی و بۆ یەک سانیە دەستبەرداری بیروبۆچوونەکانی خۆی نەبووە لە پێناو خۆ شیرین کردن لەلای پارتی و بنەماڵەی بارزانی، جا با نەیارانیش دڵنیابن و باش بزانن، مەحمود سەنگاوی نەک خاوەن پێگەیەکی بەھێز و جەماوەرێکی خۆڕسکە لە ناو یەکێتی بەڵکو خاوەن بڕیاریشە و یەکێکە لەو مەکتەب سیاسیانەی کە بە شانازییەوە بە دەنگی شەرعی خۆی بووە بە مەکتەب سیاسی و ھیچ کەس ناتوانێ ئەو پەراوێز بخات، باوکم زۆر جار لە ڕابردوو ئێستاشدا چانسی ئەوەی ھەبووە پۆست وەربگرێت و زۆ ئاسانیشە بۆ ئەو  کە ھەر پۆستێک بۆ ئەو بشێت وەریبگرێت لەبەر ئەوەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و حیزبەکەشمان شایەتی خەبات و ماندووبوون و ڕابردووی پڕ شانازی بۆ ئەدەن کە ئەگەر لە زۆر کەس و بنەماڵە و تەنانەت حیزبیش زیاتری نەکردبێت بۆ کوردستان کەمتری نەکردووە، مەحمود سەنگاوی ھەر مەحمود سەنگاویە لە ھەر پلە و پۆست و شوێنێکدا بێت.