سەردێڕ:

حکومەتی نوێی کوردستان

6/14/2019 5:08:36 PM
4379 جار خوێندراوەتەوە
رێبوار فەتاح
+ -

ئەوەی ناویانناوە حکومەتی نوێی کوردستان، تەنیا حکومەت نیە؛ بگرە داڕشتنەوەی ھەموو ڕژێمی حوکمڕانی کوردستانە، لە ئەقڵیەتی تەسکی عەشایەری و ناوچە پەرستییەوە. ئەقڵیەتێکی ئەندازیارییە دەیەوێ کۆمەڵی کوردستان بە گەندەڵی، برسیکردن، ترساندن، کڕین، درۆکردن و ئەقڵ شتنەوە لەسەر ئەوە ڕابھێنن کە بنەماڵەیەک سەروەرە و دەبێ و ھەمیشە حوکمڕانی ڕەھا دەبێت. بنەماڵەیەک کە جگە لە شکست، سازشکرن و ئارەقەی شەرمەزاری ڕشتن ھیچی دی نە بە کورد، نە بە کوردستان، نەبەخشیووە، ناتوانێ ھیچ پەیامێکی مرۆڤانەی پێ بێ. ئەم بنەماڵەیە ھەمیشە بەخشندە بووە لە سڕینەوەی ناوی گەل و ھەڵسانەوەی عەشیرەتدا، ھەرچەندێک لەسەر گەلی کوردستان کەوتبێ. 
دەسەڵاتێکی لەمجۆرە، جێی لە دنیای بەرفراوانی ئەمڕۆدا نابیتەوە و شکستی خراپتر لەوانەی ئاشبەتاڵ، شەڕی خۆکوژی و ڕیفڕاندەمەکەیان دەبیننەوە. تەنیا ناوێک کە بتوانرێ لێی بنرێ، دەسەڵاتی بێھیواکردنە. گرفتی گەورە لەوەدایە کە ئەمانیش وەک ڕژێمی قەزافی، سەدام و ئەسەد تەنیا خۆیان شکست ناخۆن، بەڵکو ماڵکاولی مەزن بۆ گەلی کوردستانە و بۆ ھەموو ئەوانەیە بە خوێنیان خواستیان بەختەوەی و سەرفرازی بە گەلی کوردستان ببەخشن.
دەسەڵاتێک کە تاقە بنەماڵەیەک بەڕێوەی بەرێ، دابەشکردنی دەسەڵاتی بۆچیە؟ خۆ ھەر ئێواران لەسەر خوان حوکمڕانی دەکەن و بڕیار دەدەن کێ ترۆ بکرێ. نە پەڕلەمان، نەحکومەت، نە دەسەڵاتی دادوەری، نە حزبی درۆزنە، نە میدیا ھیچیان پێویست نین. بگرە ئەمانە ھەموویان دێوجامەن، ڕازاونەتەوە بۆ سەرشێواندنی خەڵک و کۆمەڵگەی دیمکراتی جیھان.
ئەو حزبانەش کە بەشدارن لەم دەسەڵاتەدا، بەشێکی گەورە دەبن لەو شکستە. نە یەکێتی، نە گۆڕان ھیچ ڕۆڵێکی دیکەیان نیە جگە لە بەشداریکردن نەبێ لەم تاوانە گەورەیەدا. گومانم نیە، ھەموویان باجەکەی دەدەن. خۆ گەر ئەم حزبە درۆزنانە تاقە پەیامێکی مرۆڤانەیان ھەبووایە، نەدەکەوتنە زۆلکای ھەڵسانەوەی شکست و ڕازاندنەوەی حوکمی بنەماڵەوە.
ئەمانە حزبی بێمۆڕاڵن. لە نەوەدەکاندا، ٥٠٠٠ کورد دەکوژن و یەکێتی پارتی تاوانبار دەکات بە خیانەت، کەچی دواتر دەکەونەوە سەر خوانی دەسەڵات. لە ٢٠١٧دا، پارتی یەکێتی تاوانبار دەکات بە خائین، دواتر خائینەکان ھەموو پێکەوە دەسەڵاتی ئەمڕۆ پێکدێنن. بە وەسفی خۆیان، ئەمەی ئەمڕۆ لە حوکمدایە، دەسەڵاتی خائینەکانە.
گۆڕان لە ھەموویان قێزەوەنترە، چوون خۆی لە قەرەی پڕۆژەیەکی زۆر گەورە دەدا و خۆی کردە پێشەنگی دەنگی ناڕازی خەڵک؛ دەبووایە لە ئاستێکی بەرپرسیاری زۆر بەرزدا ڕەفتاری بکردایە. ھەموومانی بێھیوا کرد. لەسەر پێداگرتن لە ڕیفۆرم، پارتی بە تەنیا سەعاتێک لە دەسەڵاتدا پاکی کردنەوە، کەچی ئێستا دەھۆڵ، نەک تەنیا بۆ ھەمان دەسەڵات، بەڵکو بۆ ئەو چەندە کەسە لێ دەدەن، کە ژێرپێیان خستن. گۆڕان لە وەڵامی ئەم پرسیارە ڕزگاری نابێ؛ چ گۆڕانکاریەک بووە لە دەسەڵاتدا، وا ئێوە ھیواتان پەیدا کردووەتەوە پێی. دیارە ھیوا نیە؛ ئێوەی گۆڕان لە پڕۆژەیەکی سیاسی ڕیفۆڕمخوازەوە، گۆڕان بۆ ھێزێکی بازرگانی و بەشدار لە گەندەڵیدا.
ئەم ڕژێمە چیدی نیە، سەرکەوتن نەبێ بۆ ئەقڵیەتی تەسکی عەشایەری بەسەر ئەقڵیەتی کراوەی شاردا؛ کتومت وەک سەرکەوتنی ئەقڵیەتی عۆجە بەسەر ئەقڵیەتی بەغداددا.