سەردێڕ:

​دووشەممەی رەش

6/11/2019 10:05:21 AM
8876 جار خوێندراوەتەوە
کاوە محەمەد
+ -

بینووسن.. لەساڵنامە و دەفتەری یاداشتەکانتاندا تۆماری بکەن، کە ئەمڕۆ دووشەممە (٢٠١٩/٦/١٠) یەکێکە لەرۆژە ھەرە رەش و شومەکانی ئەم ھەرێمە پڕ لەرەشایی و تارماییەی ئێمە، چونکە:

١/ ئەمڕۆ کۆڵەکەیەکی دیکەی بەبنەماڵەکردنی سیستمی حوکمڕانیی ھەرێم داکوتێنرا و پەرلەمان و پەرلەمانتارانی کوردستانیش کران بە شاھید بەسەریەوە.

٢/ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان بێ بەھاتر کرا و پەرلەمانتاران نادیارترین بوونەوەری ناو ھۆڵی نمایشەکان بوون.

٣/رێورەسمەکەی ئەمڕۆ، پێش ئەوەی بۆ سوێندخواردنی سەرۆکی نوێی ھەرێم بێت، بۆ چەسپاندنی بەمەرجەعکردنی (مەسعود بارزانی) و رەشکردنەوە و پەراوێزخستنی مێژووی خەباتی سەرکردەکانی دیکە، بەتایبەت (نەوشیروان مستەفا و مام جەلال) بوو.

٤/ئەمڕۆ ھەرچی شکستی حوکمڕانی (٢٨ ساڵ)ی رابردووە و بە پلەی یەکەم (مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی) لێی بەرپرسیارن، کەچی لەرێورەسمە پڕ لەریاکارییەکەی ئەمڕۆدا ھەموو ئەو شکست و نەھامەتییانەی ساڵانی رابردوو، بە بۆیەی برایەتی و یەکڕیزی درۆینەوە سپی کرانەوە و بە نرخی (سەرکەوتن و دەستکەوت) فرۆشرانەوە.

٥/رێورەسمەکەی ئەمڕۆ مەسیجی ئەوەی پێگەیاندین کە ھاوپەیمانێتیی گەندەڵکارەکانی ھەرێم و عیراق، بەھێزە و ئەو دەستەبژێرە شکستخواردووە لەھەر شتێکدا جیاواز و ناکۆک بن، بەڵام ھەموویان بەرھەمی یەک کارگەن کە بەردەوام سیاسەت دەھاڕێت و لەئەخلاق دایدەماڵێت.

بۆیە ئەمڕۆ بە ئیمتیاز رۆژێکی رەش بوو، چونکە بەرھەمی ساڵانی تاریکی بوو و بناغەی بۆ ساڵانێکی تاریکتر دانا..