سەردێڕ:

لە بارەی سوێندخواردنەکەی بارزانییەوە یەکێتی چی بکات؟

6/7/2019 2:47:37 PM
5223 جار خوێندراوەتەوە
فەهمی بورهان
+ -

زۆر جار دۆخ و قۆناغی دژوار لە نێوان پارتی و یەکێتیدا دروستبووە، بەڵام قەد بە ئەندازەی ئێستا یەکێتی نیگەران نەبووە لەو دۆستەی کە لە ئەزموونەکانی رابردوویدا، سەرباری فشارەکانی سەری ئامادە نەبوو دەستبەرداری مەسئولیەتی مێژوویی سەرشانی بێت، بەتایبەت ئەوکاتانەی حکومەتی ھەرێم بەگشتی و پارتی لە ژێر فشاری ئۆپۆزسیۆندا بوو، یەکێتی پارسەنگی پاراستنی حکومەتەکەی لەگەڵ پارتیدا خستە ئەستۆ و پارتی لە جەنگی ڕووخانی حکومەتی ھەرێمدا تەنھا نەکرد، پرسی پارێزگای کەرکوک و یاری کردن بەکات لەلایەک و بەتەنھا جێھێشتنی یەکێتی لەم پڕۆسەیەدا، رووبەری نیگەرانییەکانی لای یەکێتی زیاترکرد.

ئەم ئیفرادکردنەی پارتی سەرئەنجام بڕیاری دەنگنەدانی بەسەرۆکی ھەرێمی وەک پرچەکردارێکی بابەتی بەدوادا ھات، سەرەنجام زەرەرمەندی یەکەم لەم ململانێیەدا بەڕێز کاک نێچیرڤان بوو، ئەوەندەی زانیاریشمان ھەبێت جەنابی کاک نێچیر لە رابردوودا کاراکتەرێکی ئیجابی بووە لە پێناو بیناکردنی پەیوەندیەکی تەندروست لە نێوان یەکێتی و پارتیدا و یەکێتیش لە کۆی قۆناغەکانی فەرمانڕەوای بارزانی برازادا، ھۆکاری سەرخستنی بوون بەسەر ئاستەنگەکاندا، ئێستا لەسەروبەندی سوێندخواردنی بارزانیداین، ئەم پرۆسەیە لەبەردەم دوو ئەگەردایە، یان دەبێت بەشدار نەبین و برینەکان قوڵتربێت و رووبەری جیاوازی و بێ متمانەی نێوان ھەردوو لا لە ھەلومەرجێکی دژواری ناوچەیی و ناوخۆیی زیاتر بکەین، یان بەشداریبکەین و وەک رابردووی ھەوڵەکانی (مام )متمانەی زیاتر بینابکەینەوە، پارتیش لە بەرامبەر پرسی کەرکوکدا بخەینە ژێر پرسیاری جدی و بەرپرسیارێتی نیشتیمانییەوە.

بێگومان ھۆکاری بەشداریمان زیاترە لە بەشدارینەکردن، بە بەشداریمان ژینگەی تەندروستتر بۆ دانوستانی  دەڕەخسێنێت و لە سەر ئاستی شەقامیش چانسی یەکێتی بۆ ئاشتەوایی زیاتر دەکات، راستە خواستێکی زۆر لە سەرئاستی شەقام و کادر لە ئاستە جیاوازەکاندا ھەیە دەرھەق بەم ھەوڵە تاکتیکیانەی پارتی بەوەی یەکێتی نەچێتە ژێر باری پێکھێنانی حکومەت و لە رۆژی سوێندخواردنی بارزانی برازاشدا بەشدار نەبێت، بەڵام لەگەڵ بوونی ئەو بۆچوونەشدا پێموایە ئەرکی مێژوویی یەکێتیە ھەنگاو بەرەو خەباتی ھاوبەش زیاتر بنێت لەگەڵ برایانی پارتیدا، چونکە بە ئەزموون دەرکەوتووە کۆی دەسکەوتەکان زادی خەباتی ھاوبەشی یەکێتی و پارتیە، لە کوێ ئەم خەباتە ھاوبەشە ھەبووبێت گەلەکەمان لە کەناری ئارامی نزیکتر و بە پێچەوانەشەوە بارگژییەکان فاکتەری دڵەڕاوکێی زۆربوون.

ئەمە جگە لەوەی بەم ھەنگاوە پارتی دەکەوێتە بەردەم ئیلتیزاماتی ئەخلاقی بە ئاراستەی پشتیوانیکردن لە یەکێتی بۆ دانانی پارێزگارێکی یەکێتی لە کەرکووک وەک مەکرەمە نا، بەڵکو وەک بەدیھاتنی ئیستیحقاقێکی رەوای خۆی، سەرباری ئەوەی ئەوە باشتر بوو بەفاکت، سەرباری بوونی ھەندێک کێشە لە ناو یەکێتیدا، بەڵام ئەم ھێزە ئەوەندە پارویەکی ئاسان نیە پارتی وەک کۆی ھێزەکانی تر مامەڵەی لەگەلدا بکات، ھەروەک چۆن قورسە یەکێتی بێ پارتی پرسی پارێزگاری کەرکوک یەکلا بکاتەوە، بەئەندازەی ئەوەش بۆ پارتی ئەستەمە بێ یەکێتی بتوانێت پڕۆسەی سیاسی لە کوردستان سەربخات.