سەردێڕ:

دوا بژارده‌كانى به‌رده‌م یه‌كێتی

6/6/2019 3:44:33 PM
6403 جار خوێندراوەتەوە
سەرتیپ وەیسی کەریم
+ -

بەھۆکاری نەبوونی ھیچ کارتێکی سیاسی و یاسایی و ئیداری و دیراسەنەکردنی بارودۆخەکە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە دوای وەرگرتنی ھەر ھەڵوێستێک لەبەرامبەر پارتی، دواتر سازشێک بۆ پارتی دەکات.

لەڕووی یاسایەوە پێکھێنانی کابینەی نوێ کەمتر لە ٣٥ ڕۆژی ماوە، دوای ئەوەی یەکێتیی لە ھەنگاوی یەکەمدا دەنگی بە نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی ھەرێم نەدا، یەکێتیی ئەو ھەنگاوەی گرتیە بەر ئەوەندی کاردانەوە ‌بوو، نیو ئەوەندە پەیوەندی بە ھەڵوێستی ئەو حزبەوە نییە لەسەر ئەو پرسە، چونکە  ئەگەری زۆرە یەکێتیی لە ھەنگاوی دووەمدا کە مەراسیمی سوێند خواردنەکەی نێچیرڤان بارزانیە بەشداری بکات (جا لەسەر ھەر ئاستێک بێت)، ئەگەر بەشداری مەراسیمەکە بکات، ئەوا لە ناولێنانی مەسرور بارزانیش وەکو ڕاسپێردراوی سەرۆکی حکومەت بەھەمان شێوەیە بەشداریدەکات.

ئەوەی ئێستا ڕوونبووەتەوە ئەوەیە، کە قوباد تاڵەبانی بە دڵنیاییەوە بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنەکە دەبێت، ( بەرھەم ساڵحیش ئەگەری ھەیە بچێتە ئەو مەراسیمە، چونکە ئامادەکاری پڕۆتۆکۆڵی دەستیپێکردووە، ھەرچی کۆسرەت ڕەسوڵ و فراکسیۆنی یەکێتیی و مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبەیە، پێدەچێت ئەوانیش دوای بڕیاری مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی بەشداری بکەن.

کەواتە بەشدارینەکردنی یەکێتیی لە ڕۆژی دەنگدان بۆ سەرۆکی ھەرێم ھیچ قازانجێکی نەبوو، جگە لە زویرکردنی نێچیرڤان باررزانی و دوورخستنەوەی پرسی دانانی پارێزگاری کەرکوک لە ئێستادا.

یەکێتیی بەو ھەنگاوەی گرتیەبەر نەیتوانی ھیچ ئامانجێک بپێکێت، چونکە ئەو حزبە نەیتوانی ڕاستەوخۆ  ئۆپشن و بژاردەکانی بەردەمی جێبەجێیانبکات و چۆک بە پارتی دابدات، ئەو پژاردانەش بریتیبوون  لە پۆستەکان بە بەتاڵی بەجێبھێلدرێت تا ئەوکاتەی کێشەی پارێزگاری کەرکوک چارەسەر دەکرێت، دووەم بژاردەش ئەوەبوو یەکێتی ببێت بە ئۆپۆزسیۆن بژاردەی سێیەم کە تارادەیەک قورس بوو یەکێتی کار بۆ دوو ئیدارەیەکی ئاشتیانە بکات دوایی ڕاوێژی ناوخۆیی و ھەرێمی و نێودەوڵەتی.

ئێستاش کە مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی و ناولێنانی مەسرور بارزانی و متمانەدان بە کابینەی نوێ لەبەردەمیاندا ماوە، بەھۆکاری ئەوەی ھیچ کارتێکی لەبەردەستدا نییە، گرنگە  یەکێتیی بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنەکە ‌و ناولێنانەکە بکات، تاوەکو جارێکی دیکە نێچیرڤان بارزانی بھێنێتەوە بەرەی خۆیان، لە ھەمانکاتیشدا بتوانێت پاڵپشت بە پاشکۆی رێککەوتنەکەیان لەبارەی کەرکوک، ھاوتەریب لەگەڵ پێکھێنانی حکومەت لەماوەی پێکھێنانی حکومەت لەگەڵ پارتی بگەنە ڕێککەوتن لەسەر پرسی کەرکوک.

ئەگەر لەوماوەیە یاسایەی کە ٣٠ ڕۆژە بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ،  پارتی ھەر نەھاتە ژێربار  لەسەر پرسی کەرکوک، ئەوکات یەکێتیی دەتوانێت دوا ھەڵوێستی خۆی بە پێشکەشنەکردنی ناوی کاندید و متمانە ‌نەدان بە کابینەی نوێ بخاتەڕوو، دواتریش بیر لە بژاردەکانی بەردەمی بکاتەوە، کە رەنگە ئەوکات خەڵک و قاعیدەی جەماوەری ئەو حزبەش پشتگیریان بکەن و پارتیش قەرزبار بێتەوە.