سەردێڕ:

سەرۆکی ھەرێم یان والی عوسمانی

6/12/2019 8:54:51 PM
6709 جار خوێندراوەتەوە
کارزان عەلی
+ -


لەماوەی مانگێکی ڕابردودا ڕووداوی زۆر خێرا ڕوویاندا و ڕوودەدەن بە شێوەیەک شەو بخەوین بیر دەکەینەوە گەلۆ سبەی کە ھەستاین چ کارەساتێک ڕووی دابێت بێگومان ھیچ یەک لەو ڕووداوانە بێ پێشینە نیە بەڵکو پلانی بۆ داڕێژراوەو کاری لەسەر کراوە .

لە ئێستادا تورکیا بە ھەڵپەی گەڕاندنەوەی وولایەتی موسڵە و بە ھەمان دەستوری سەردەمی عوسمانیەکان مامەڵە لەگەڵ ھەرێمدا دەکات و لە ڕێگای والیەسەپێندراوەکەیەوە ھەرێم بە ڕێوە دەبات ، لە ئێستادا سەرۆکی ھەڵبژێردراوی فراکسێۆنی پارتی و گۆڕان نێچیرڤان بارزانی ئەو والێتیەی پێسپێردراوەولە یەکەم ڕۆژی کەوتنە ناو مانگی ھەنگوینیەوە نێچیرڤان سوێندی خوارد کە گوایا وەک مامی پارێزگاری لە خاکی کوردستان دەکات کەچی لە بەر چاویدا گوند و شاخ و زەویوزاری ھاوڵاتیان بۆردومان دەکرێت و ٣ پێشمەرگە بریندار کران کە یەکیان قاچی لە دەستدا و دەیان کم لەشکرکێشی سوپای تورکیا بۆ ناو ئەو ھەرێمەی جەنابیان گوایە دەیپارێزن درێژ بوەتەوە بە ڵام تەنھا بە ووشەیەکیش ھەڵوێستێکمان لێ نەدیت ھەرچەندە لە مەراسمی بەیعەتپێدانەکەیدا ھاوشانی چاوشئۆغڵو دانیشتبوو.

 پێویستە بگوترێت کە پێشتر مامی نێچیرڤانی ھەڵبژێردراو ١٨ سەربازگەی فەرمی تورکیای ھێنابوە ناو دڵی باشوری کوردستانەوەو دەیان بارەگای نافەرمیشی لە شارو شاروچکەکاندا پێ ڕەوا بینیون ، لەگەڵ ئەمانەشدا ڕەوشی کەرکوک و دەوروبەری ڕوون و ئاشکرایە کە نەک تەنھا کورد بێ ھێزکراوە و دەغڵ و دانیان دەسوتێنرێن و ھەڕەشەی ڕاوەدونانیشیان لەسەرە گەر وا بڕوات ڕۆژگارێک دێت شاری کەرکوک بە یادگاری باسی کورد بونی دەکرێت ،  ھێشتا نێچیر و پارتی نەک ھەڵوێستیان نیە بەڵکو بە زیھنی ناسێۆنالیستی ڕقی کوردی دژ بە عەرەب بیر دەکەنەوە و ئاشکرایە کە پارتی دەستی لە سەرجەم ئەو ڕووداوانەدا ھەیە و ئەمە ڕوونە .

پارتی بە ئاشکرا لە ئێستادا ھاوشانی تورکیا دژ بە گەریلاکانی پەکەکە سەنگەری گرتوەو ئەگەر ھەیە بەشداری ڕاستەوخۆی شەڕەکانیش ببێتەوە ھەروەک ساڵی ١٩٩٢ و ساڵی ١٩٩٧ بکەونە پێش جەندرمەکانی تورکیاوە  واتە پارتی لەم ھاوکێشەیەی تورکیادا ڕۆڵی سەربازی و ڕاگەیاندنی چەواشەکاری بۆ لە خشتەبردن و سەرقاڵکردنی شەقام و کۆمەڵگا پێسپێردراوە ، لەم نێوەندەشدا یەکێتی ڕۆڵی سیاسی پێسپێردراوە کە تەنھا لە سیاسەتدا بایکۆت دەکات ڕێگر دەبێت لە ھەموو ئەو پەرچەکردارانەی گەر ڕووبدات و سیاسیانەش کار بۆ ئەوە دەکات کە لەو لەشکرکێشی و ھەڵمەتی پاکتاوەی تورکیاو پارتیدا ھەم بەغدا و ھەم ڕای گشتی قەناعەت پێ بکات کە ھیچ مەترسیەک لەسەر ئەم ھەرێمە نیە ئەوەش لە ڕێگای بەرھەم ساڵحەوە کرا و ھەر تورکیاش پارتی ناچار بە بانگھێشتکردنی بەرھەم ساڵح کردوو و ھەمئاھەنگی نێوان نێچیر و بەرھەم ساڵح و چاوش ئۆغڵو یەکگرتنەوەیان بوو لە ھەولێر .

یەکگرتوو کۆمەڵیش زۆر لە مێژە ھاوشێوەی پارتی بەیعەتیانداوە بە ئەردۆگان و بە بچوکترین پشکی حکومەت سەرجەم مەرامەکانی تورکیا لەو ھەرێمە گەڵاڵە دەکەن .

گۆڕان گەر لەو گەمەیەدا جێشی نەگرتبێت ناڕاستەوخۆ بێدەنگ بونی بەرامبەر بەو ڕووداوانە بەشداربونێتی تیایداو بەو نزیک بونەوە خێرایەی لە پارتی پێماندەڵێت کە بەڵێ گۆڕان ئاگادارە لەو پلانە و ڕەنگە پشکی وەر نەگرتبێت .

ئەمانە دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە لەو ھەرێمۆکە ٥ ملێۆن نفوسەدا ڕوودەدەن و ھەر یەک دێتە سەر میدیاکان ژمارەیەک دروشمی سواو دەدات بە گوێی گەلێکی نقومبوو لە سێڵاوی حیزبی و شەکەتی شەڕ و برسێتی و حەماقەتی دەسەڵاتداری خێڵەکی ٢٨ ساڵەی ھیچ لە بارا نەبوو ، بەڵام ئەرکی سەر شانی ھەر تاکێکە لە ئێستادا خاوەن ھەڵوێستی کوردانە و نیشتمانپەروەرانە بێت بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەو پلانە ماڵوێرانکەرەی ھاوشێوەی ڕیفراندۆم سبەینێ ئێخەی ھەموان دەگرێت دەبا ئەمڕۆ ھەنگاو بنێین .