سەردێڕ:

نوخبە یان خێڵی بە ناو ڕۆشنبیر

6/2/2019 8:40:44 PM
2621 جار خوێندراوەتەوە
کارزان عەلی
+ -

ئەو قەیرانە مێژوییەی بەسەر کۆمەڵگەی کورددا ھاتووە لە سەدەی ڕابردوودا قەیرانێکی تەنھا جوگرافی نیە کە کوردستانی وەک نیشتمانێک پێ پارچە کراوە و حزبی خێڵەکی خوڵقاندووە و ژەھری ئەو خێڵەکایەتیە شۆڕ بووەتەوە بۆ ناو سەرجەم کایەکانی ژیان، لە پاش ئەو ھەلەی لە ڕاپەڕیندا بۆمان ھەڵکەوت تا بە ئەمڕۆ ھەمووان چاویان لە حزبە تا ھەنگاوێک بنێت تا ببنە سەرکێش ئەمە لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت کە حزبێک خاوەنی بیری گۆڕانکاریی بێت نەک خێڵەکی بۆ ئەمەش ئەرکی ڕاستەقینە دەکەوێتە سەر شانی ڕۆشنبیر و نوخبەکان، بەڵام ئایا ئێمە نوخبە و ڕۆشنبیرمان ھەیە؟

ئەو بە خێڵ بوون و دابەشبوونە بنەماڵەیەی ناو حزبەکان یەخەی بەناو ڕۆشنبیرەکانیشی گرتووە، ئەوانەی لە ناو کۆمەڵگا بە ڕۆشنبیر و نوخبە ناسراون زۆرینەیان نەوەی شاعیر و نوسەرەکانی سەدەکانی ڕابردوون پاشماوەکانی قانع، ھەردی و گۆران و ھتدن، واتە ڕۆشنبیرەکانیشمان بۆ ماوەیین لە باپیرانەوە بۆیان ماوەتەوە و بە ھۆی ھەبوونی بڕوانامەیەکەوە ئەو ناوەیان بە بەردا کراوە، بەڵام ئایا خاوەن بڕوانامە ڕۆشنبیرە؟ ڕۆشنبیر کێیە ؟

ساڵانە سەدان بڕوانامەی دکتۆرا و پرۆفیسۆر دابەشدەکرێت، بەڵام یەک لەوان تا ئێستا نەیانتوانی ھەنگاوێک بە دۆزی کورد بدەن کەواتە بڕوانامە مانای ڕۆشنبیری نیە.

ڕۆشنبیر ئەو کەسەیە کە ھەردەم خەیاڵەکانی دەگۆڕێت و ڕەخنە لە فکرە ڕابردووەکانی خۆی دەگرێت سەرەتا، ڕۆشنبیریی مانای زۆری زانیاری نیە مانای گەڕان و نوێبوونەوەیە.

بەڵام لەو بە ناو نوخبانەی ئێمەدا نەک ئەو مەرجانەیان تیادا نابینین، بەڵکو ئەوان لوت بەرزییەکەیان وەھا کەسایەتییەکیان پێداون کە خۆیان لەسەر ھەمووانەوە دەبیننەوە و وەک مەرجەعێک لە خۆیان دەڕوانن، لە کاتێکدا ئەوانیش کۆمەڵگایان تا بە ئەمڕۆ بە نائومێدی و بێ ھیواییدا بردووە، ئاراستەی فکریان بە خزمەتی ئەو دەسەڵات و کۆنەخوازییەی خێڵەکییەدا شکاندووەتەوە، سەرجەمیان لە خاڵێکدا خۆیان گەیاندووەتەوە حزب و بە قازانجی ئەوان دواون نەک کۆمەڵگە و نیشتمان و دۆزی ڕەوا، ھەر ئەوەش بووە کە حزبی لەسەر پێ ھێشتووەتەوە، نمونەی زۆریش لەو بوارەدا لەبەردەستدان کە بە ناو ڕۆشنبیرەکان ئاراستەیان کردووە، ڕاگەیاندنەکانیش ڕۆڵی کاریگەریان ھەبووە لە بەخشینەوەی ناوی ڕۆشنبیر و نوخبە بە بەژنی ئەو کەسانەدا .

بۆیە ھەڵواسین و کردنەبەری ناوی نوخبە و ڕۆشنبیر بە ھەڵەدا براوە و دەبرێت .