سەردێڕ:

دەسەڵاتی باشور بۆ ڕۆژئاوا چی دەکات ؟

10/23/2019 12:06:37 AM
4745 جار خوێندراوەتەوە
کارزان عەلی
+ -

 لە کاتى ھێرشێکی وەھا قێزەون بۆ لە ناو بردن و سڕینەوەی کورد و لە ناو بردنی دەستکەوتەکانی كوردان لە ڕۆژئاوا ھەموان بەرخودانێکی بێ وێنە و ئەفسانە ئاسای شەڕڤانانمان بینی و دەشبینین و شۆفێنیەت و چاو ھەڵنەھاتنی دوژمنانیش دەبینین بە دۆزی ڕەوای کورد کە لە ناو خاکی خۆماندا سنوری ووڵاتێک لە بەر چاوی ھەموانەوە پێشێلدەکرێت و کۆمەڵکوژی کوردان لە ڕۆژئاوا ئەنجامدەدرێت و بێدەنگی جیھان لەو نێوەندەدا کە بانگی مافی مرۆڤ و پەیماننامامەی نێودەوڵەتی سەروەری سنوری ووڵان دەکات کەوتنە ژێر پرسیارو سەرجەم دروشمەکانیشیان بۆ مرۆڤایەتی خرایە ڕوو ، ئەوەی زیاتر جێگای تێڕامانە سەرکردە و سەرۆک و پەرلەمان وئەو ھەموو دەزگا و دامەزراوە حیزبی و بنەماڵەیانەی ھەرێمە کە نزیکەی نیو سەدەیە چەندین دروشمی بە ناوی کورد و کوردستان و پرسە سەرەکیەکەیەوە بڵاو دەکاتەوەودوو ساڵی کۆتاییش گوایا سەربەخۆیی کوردستانی کردۆتە دروشمێکی زەقی نەتەوە پەرستی بنەماڵەیی بۆ ڕاکێشانی ھەست و سۆزی تاکی شەقامی کوردی ، کەچی بێ ھەڵوێستترین و بێ ھەنگاوترین و بینەرێکی باشی ڕووداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستانە و لەڕوویەکیشەوە دژ بە ھەڵوێستی نەیەوەیی کۆمەڵگاو شەقامی کوردیە لە باشور پاش ڕاگەیاندنی بایکۆتی سەرتاسەری دژ بە کەلوپەل و شت و مەکی تورکی ، ئەوەی بینرا لەم حکومەت و دەسەڵاتە بنەماڵەییە لە بەیانامەیەک زیاتر تێ نەپەڕی و لە چەقی ھێرشی پاکاتاوی نەتەوەیی بۆ سەر ڕۆژئاوادا دوو کادری پێشەنگی پەکەکە لە شاخی ئەزمەڕ تیرۆر دەکرێن ھاوشێوەی شەھید کردنی دیار غەریب و زەکی شەنگالی ئەمە لە کاتێکدا سەرجەم جیھان بێ قسەکردن لە کورد و کێشە ڕەواکەی ڕۆژێکی نوێ دەست پێ ناکەن کەچی لە ناوەڕاستی ھەرێمێکی بە ناو ئازادی دەسەڵاتی کوردیدا تاک بە تاکی کادر و شۆڕشگێڕانی کورد تیرۆر دەکرێن،

لە کاتێکدا ھەموان چاوەڕوانی ئەوە دا بون ئەم دەسەڵاتەی ھەرێم بۆ ڕۆژئاوا ھێزی بناردایە و دەروازەی ڕۆژئاوای بخستایە سەر پشت تا ئەو گەنجانەی خۆ بەخشانە دەیانەوێت پارێزگاری لە خاک و گەلی ڕۆژئاوا بکەن پڕچەکی بکردنایە و بناردایە بۆ ئەو پارچەیەی ووڵات بەڵام نەک ئەمەی نەکرد بەڵکو بە بەیاننامەیەکی زۆر شەرمنانە داوا لە ھێزی جیھانی دەکات بە ھانای ڕۆژئاواوە بچن وەک ئەوەی ھێزە جیھانیەکان چاوەڕوانی بەیاننامەی ئەمان بن ھەر چۆن لە ١٦ ئۆکتۆبەردا کەس نەک بە ھانایانەوە نەھات وەک ھەواڵێکیش بە میدیاکانی جیھاندا تێنەپەڕین

ئەمانە ھەمووی لە لایەک ئەوەی جێگای مەترسیە ئەو ھێزە کرێگرتەیەی بە ناوی پێشمەرگەی ڕۆژە کە ماوەی چەند ساڵێکە بە سپۆنسەری پارتی و بە ھاوکاری تورکیا دژ بە ڕۆژئاوای کوردستان دروست کراوە بۆ ئەنەکەسەی ھاوکاری تورکیا کە ھەڕەشەیەکی گەورەن لە دوو بەرەکی ناوماڵی کورد بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان ، لە پاشەڕۆژی پەیمان نامە و ڕێکەوتنەکاندا ئەم چەکدارانەی ڕۆژ کارتێکن تا بنێردرێنە ڕۆژئاواو لەوێ دووبەرەکی بخەنە ناوچەکە بۆ لە بار بردنی ئەو دەستکەوتانەی لە و پارچەیەی ووڵات بە دەست ھاتتووە ھەروەک چۆن لە داگیر کردنی عەفریندا بە ووتەی فوئاد عەلیکۆی بەرپرسی ئەنەکەسە ٥ گروپیان بەشدار بون و لە ئێستاشدا لە ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی عەفرینی بە تورک کراودا جێگا دەگرن

بۆیە پێویستە ھەرچی زووە بە فشاری ھەموان وەھا بکرێت ئەو ھێزە لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە داھاتیان لەسەر ڕابوەستێنرێت و چەک و تفاقیان پێ نەدرێت تا نەبنە مەترسی بۆ سەر پاشەڕۆژی ڕۆژئاوای کوردستان