سەردێڕ:

​ھەگبەکەی ئێمە پڕترە

7/18/2019 4:38:41 PM
5103 جار خوێندراوەتەوە
کارزان عەلی
+ -

لە پاش کۆتایی ھاتنی حکومەتەکەی بارزانی و دەستبەکاربونی بارزانی ئامۆزا ڕووداوی زۆر خێرا و چاوەڕوان نەکراو ڕوودەدەن لەگەڵ ئەوەی ماوەیەکی درێژ پڕوپاگەندەیەکی بە بەرنامە لەلایەن بەرژەوەندیخوازان و بەناو ڕۆشنبیر و خاوەن بڕوانامەکانەوە دەکرا بۆبارزانی ئامۆزا کە گوایە ھەگبەکەی پڕە لە پڕۆژە و خزمەتکردنی گەل بە ئامانج دەگرێت ، لە کاتێکدا ھەگبەی شەقام پڕترە ، بەڵام ڕووداوەکان ڕێک پێچەوانە نیشاندەدەن ھەر لە ڕۆژی سوێند خواردنەکەیانەوە ئۆپەراسیۆنی تورکیا دژ بە شۆڕشگێڕانی کورد بە چڕی دەستی پێکرد ، بارزانی ئامۆزا لە پشت پەردەوە یەکەم لێدوانی بەر لە پیرۆزبایی وەزیرەکانی بە ھەڕەشە ئاگاداری کردنەوە کە ئەم کابینەیە وەک کابینەکانی ڕابردوو نیە و سەرجەم وەزیرەکانیش بە ھەڵبژاردەی خۆیان بووە و لە ھەمان کاتدا سەرجەم کارمەندانی ھەرێمی ئاگادار کردەوە کە ھیچ کەس بۆی نیە زانیاری بدرکێنێت ، ئەمانە پێمان دەڵێت چ کابینەیەکی سەربازی و ئەمنی بە ڕێوەیە و چ قەدەرێکی نادیار چاوەڕوانمانە.

لەم کابینەیەدا تاکە وەزارەت کەماوەتەوە بێ وەزیر وەزارەتی سامانە سروشتیەکانە کە چەورترین و پڕبایەخترین وەزارەتە بۆ ھێز و باڵ و کەسەکانیش.

پار ساڵ ڕۆژی ٢٣/٧/٢٠١٨ لە گەرمەی مل ملانێکانی پاش داعش و ئەو ھاوکاری ماددی و چەکانەی لە دەرەوە بە کورد گەیشتبون ڕوو لە کەمی بوو بۆیە دوو گەنج بە نەعلەوە نێردرانە سەر پارێزگای ھەولێر و کۆنترۆڵیانکرد ، بە تێپەڕینی ٣ تا ٤ کاتژمێر سەرجەم دیمەنەکان کەوتنە ناو میدیاکانەوەو بڵاو کرانەوە کەچی وا دوو ڕۆژ بەسەر ڕووداوەکەی ھەولێردا تێدەپەڕێت کە جێگری کونسوڵی تورکیای تیا کوژرا کەس ھیچی نەبینی.

ئەوەی دوێنێ لە ھەولێر ڕوویدا لە ساتێکی وەھادا بوو کە پەکەکە شەھید بوونی سەرکردەی باشور دیار غەریبی ڕاگەیاندبوو بەڵێنی تۆڵەکردنەوەشی دابوو بۆیە تورکیا و نەیارانی کورد ئەوەیان بە ھەل زانی و ئەم کردەیەیان لە ھەولێر ئەنجامدا تا زیاتر ڕێخۆشکەر بن بۆ ناردنی ھێزی زیاتر و داگیر کاری سەرتاسەری باشور و دەستکرانەوەی زیاتری میت و ھاوکارەکانی لە ھەرێمدا.

ھەموان دەزانین پەکەکە لە ڕۆژە ھەرە سەختەکانیدا کە پلانگێڕی ناو دەوڵەتی بوو دژ بە ڕێبەرەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان و ڕادەستکردنەوەی بە تورکیا لە ھەموو کات دەستکراوەتر و مافدارتر بوو بۆ بە ئامانج گرتنی دیبلۆماتکار و کونسوڵەکانی تورکیا لە جیھاندا بەڵام ڕۆژێک دەستی نەبردووە بۆ ئەو کارە چ جای ئێستا کە چوار پارچەی کوردستان و ھەموو کوردستانیەکی ووڵاتپارێز ھاوسۆزی پەکەکە و ڕێبازەکەیەتی ، پاشان لە دوایین دیدارەکانی ئۆجەلان و لە پەیامەکانی کەجەکەدا بانگی ئاشتی و چارەسەری ئاشتیانە لە پێشینەی ھەنگاوەکانە بۆیە تۆمەتبارکردنی پەکەکە بەو کردەیەی ھەولێر ئامانجی بکەرەکان بووە دەنا زۆر ڕوون و ئاشکرایە شوێنی کردەکە کامێرای چاودێری لە ھەموو قوژبنێکیدا ئامادەیەو ھیچ کەس ناتوانێت لەو جیگایە تەقە لە کەس بکات و ھەڵبێت و لەبەردەم پارکینی ریستۆرانتەکەدا لە دیمەنەکاندا دیقەت بدەن بەربەستی تێپەڕینی ئۆتۆمبێل ھەیە ئۆتۆمبیلی ئەو بکەرانە چۆن دەرباز بووە؟