سەردێڕ:

خەونەکانی ئێوە و ئێمە

7/6/2019 8:13:31 PM
3351 جار خوێندراوەتەوە
کارزان عەلی
+ -

خەونی مرۆڤەکان لە جیلێکەوە بۆ جیلێکی دیکە و  لە قۆناغێک بۆ قۆناغێکی دیکە دەگۆڕێت، گەر ئاوڕێک بدەینەوە بۆ قۆناغی رابردووی ساڵانی ١٩٧٠ و ١٩٨٠ کان تاکە خەونێک کە کوردان دەیانبینی ناوی کورد و سەرکەوتنی کێشە ڕەواکەی بوو، گەنجێک بۆ نیشتمان و نەتەوەپەرستی ئەو کات چەکی دەکردە شان و چیا بە چیا و دۆڵ بە دۆڵ ڕاوی بەعسیان دەکرد و ھەندێک لەوانەش ئێستا ئەو ڕۆژانە بە گەنجی ئەم سەردەمە دەفرۆشنەوە لە کاتێکدا ھیچ کەس زۆری لێ نەکردبوون، بەڵکو لە ئەنجامی زوڵم و زۆری بەعس ھەڵھاتن و ئێستاش ھەزاران گەنج لە ئێوە ھەڵدێن و ھەزاران کیلۆمەتر لێتان ھەڵدێن تا نەبنە بەشێک لە تاوان و دەسەڵاتدارییە دوژمن ئاساکانتان دژ بە خودی کۆمەڵگا و ئەوانەی کە سەنگەریشیان لێ گرتبوون بە ناوی جاشەوە ئێستا ھاوشانی ئێوە و بە ئیمزای خۆتان موچەخۆری خانەنشینن و پێشمەرگە ڕاستەقینەکانی سەنگەریش ٣ مانگ جارێک چاوەڕوانی نیو موچەن، ئێستاش ھەمان ئەو بە ناو ئازادیخوازانەی چیاکانی دوێنێ چەکیان لە ملی سەدان کەس کردووە و ڕاوەدوی ئازادیخوازان دەنێن لە پێناو بەعسی و تورک و فارسەکاندا .

ئەوەی لەم قۆناغەی پاش ڕاپەڕیندا بووەتە خەون، لە خەونەکانی ئێوە ناچێ کۆمەڵگەی کوردی لە گوند ھاتە شار و لەشار چووە وڵاتان و رووی لە قاڕەکانی جیھانکرد دنیا بینی، زۆر جیاوازترە لە ئێوە ئەمان ئێستا لە خەونی خۆشگوزەرانی و کارەبا و ئاو و داھاتی بەرز و شکۆی مرۆڤ و دژ بە نەتەوە پەرست و دژی دەسەڵاتی تۆتالیتاری ئێوە ئاسا و خێڵەکی قۆرخکاری ھاوشێوەی ئێوەن ئەمان بیر لە نارنجۆک و کڵاشینکۆف و شەڕی خێڵەکی وەک ئێوە و سەردەمەکەتان ناکەنەوە لە خەمی شکۆی تاکی کورددان، بەڵام نەک بە ژێردەستەیی چ دەسەڵات کوردی بێت یاخود بیانی لە خەمی پاشەڕۆژی نەوەکانیاندان کە ببنە سەرۆک و وەزیر و خولقێنەر بۆ خزمەتی کۆمەڵگایەکی مۆدێرن و زیندوو نەک وەک ئێوە سەرۆک ھۆز و خێڵ و کوێخا، ئەمان ھەست بە ئازاری مرۆڤێکی برسی و نەداری نیشتەجێی سەر نەوت و زێڕ دەکەن نەک وەک ئێوە بە ئازاری نەتەوەیەک پێبکەنن و گەمە بە خوێن و پاشماوەکانیان بکەن، ئەمان ئێستا زیبدانی ئێوە ھاوشێوەی بەعس لێی دەترسن و ئەشکەنجەی تیادا دەبینن و بە کۆیلە دەکرێن، خیانەتیان بە تێکۆشان پێدەفرۆشرێت و دزی و تاڵانی وڵاتیان بە دەسەڵاتداری پێ ھەزم دەکرێت .

بۆیە ئێستا خەونی ئێمە زۆر جیاوازترە لە ئێوە ئەگەر کەرەم بفەرمون ئێوە خەونەکانی خۆتان بە زیادەوە پێکھێنا و چیدی ڕێگا بدەن بەم جیلە با تێبکۆشێ بۆ خەونەکانی و ژەھری خۆتان بۆ خۆتان و ھەوڵی ئێمەش بۆ داھاتومان، تا بەم ساتە ئێوە ئێمەتان پێھەزم ناکرێت، چونکە ھێشتا ئێوە بە چاوی سەردەمی شاخ و ساڵانی بەرلە ڕاپەڕین ئەسپتان تاو داوە و ئێمەش لە سەدەی ٢١ و جیھانی پێشکەوتووداین، چیدی خەونەکانمان مەزڕێنن دەنا ژیانتان لێ دەزڕێنین .