سەردێڕ:

کۆرتەک و مورسی

6/28/2019 5:34:50 PM
4839 جار خوێندراوەتەوە
کارزان عەلی
+ -


نزیکەی ٣٠ ساڵە باشوری کوردستان لە دیکتاتۆریەت و شۆفێنیزمی بەعس ڕزگاری بووە ئەویش لە ئەنجامی ھەزاران قوربانی ئەنفال و کیمیاباران و گیانفیداکانی چیا و شارەکان .

گەر سەرنجێک بدەین جولەکەکان لە پاش کۆمەڵکوژکردنی نزیکەی ملێۆنێک و پەرتەوازەبون و بڵاوبونەوەیان بە سەرجەم جیھاندا و بەو ژمارە کەمەشیانەوە لەماوەی تەنھا ٣ ساڵدا واتا ساڵی ١٩٤٥ کە شەڕی جیھانی دووەم کۆتایی پێھات توانیان لە ساڵی ١٩٤٨ دا دەوڵەتی سەربەخۆی ئیسرائیل ڕابگەیەنن.

بەناو ڕێبەرەکانی کورد لەسەدەی ڕابردوودا جگە لەوەی نەیانتوانی ئەو ھێزە دینامیک و گیانفیدایەی کۆمەڵگای کوردی بقۆزنەوە بۆ گەیشتن بە ئامانج، بەڵکو کۆمەڵگایان کردە قوربانی داخوازیەکانی خود و بنەماڵە و ئەجینداکانی دەوروبەر و ئەو سیاسەتە شکست خواردووە تا بە ئەمڕۆش بە چڕی بەردەوامە .

ئەوەی ئەمڕۆ لە باشور کورد ڕووبەڕووی دەبێتەوە ھەمان شۆفێنیزمی بەعسە بە تورکی و داگیرکاریەکانی بەعسی فاشیە بە تورکی دژ بەو چیایانەی دوێنێ پێشمەرگەو گەل و ئەمڕۆ گەریلاو گەلن ، بە ھەمان نەفەسی ناکۆکیەکانی ساڵانی ٨٠ کان لایەنێک بۆ تێکشکاندنی لایەنێکی تر ئامادەیە دەست لە ناو دەستی دوژمن بنێت بۆ مەرامی حیزبی نەک نەتەوە بۆ بنەماڵە نەک گەل بۆ باڵەخانەکانی خۆی نەک شار و گوندەکانی کوردستان.

ئەو بێدەنگیەی باشور پێماندەڵێت ھیچ لایەنێک نە نیشتمان و نە گەلی لا گرنگ نیە برادۆست و شێلادزە و کۆرتەک لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا بۆردومان و خەڵتانی خوێن دەکرێن نوزە لە پەرلەمانە بنەماڵە ییەکەو حکومەتە خێڵەکیەکەوە نایەت، لەکاتێکدا پێشوەختە سەدان ئازادیخواز و دڵسۆزی نیشتمان بانگیان کردووە کە پێویستی بە ھەڵوێستە و زۆر لەوە خراپتریش دەکرێت چاوەڕوان بین گەر بێدەنگی نەشکێت .

ئێمە پێویستمان بەوەیە بە ئازاری شێلادزە و کۆرتەک و برادۆست ھەست بکەین تا بتوانین ھەنگاو بنێین گەر نیشتمانیش گرنگ نەبێت خۆ ھاوڵاتیان گرنگن، گەر مسریەکی وەک مورسی و سعودیەکی وەک خاشوقچی بۆ ھەموان گرنگە بۆ عەبدوڵا و کوردستان عەبدوڵاکانی ھاوڵاتی ووڵاتەکەمان کە تورک کۆمەڵکوژی کردن گرنگ نەبن ؟