سەردێڕ:

کورد و کودەتای سەربازیی

6/23/2019 5:02:21 PM
5368 جار خوێندراوەتەوە
کارزان عەلی
+ -

ڕاستینەی دەسەڵاتداری لای کوردان لە مێژە بەسەر چەند بنەماڵە و شێخ و ناوچەکاندا دابەش کرابوو، ھەمووان جەخت لەوەدەکەنەوە کە لە لایەن دوژمنانی کورد کە تورک و فارس و عەرەب و ئنگلیزەوە ئەو دابەش بوونە بنەماڵەیی و ناوچەییەمان بەسەردا سەپێنراوە بەڵام لە ڕاستیدا کورد بەھۆی پێکھاتەی بناغە کۆمەڵایەتیەکەیەوە کە ھەر تیرە و تاقمێک بە بەربڵاوی لە ناوچە شاخاویەکاندا دابەشبوون، بووەتە ھۆی دابەشبوونی بنەماڵە و خێڵەکان و لە سەرجەم قۆناغەکانی ڕابردووشدا ھەر لە داگیرکارییەکانی عوسمانیەکانەوە بگرە تا بە ئینگلیز و بەر لەوانیش فارسەکان ھەر دەم لە ڕێگای شێخ و سەرۆک خێڵەکانەوە گەمەیان بە قەدەری کورد کردووە و لێکیان جیاکردوونەتەوە، ئەو ڕاستیە بۆ ھەمووان ئاشکرایە .

ئەوەی گرنگە ئێستای سەدەی ٢١ کە، کە ھێشتا کورد لە خێڵگەرایی ڕزگاری نەبووە، خێڵی بارزان بەرھەمی دەرەبەگایەتی سەدەی ڕابردووە، بەھۆی دەسەڵاتداری لە ناوچەکەدا ھەردەم خێڵەکانی وەک زێباری و ھەرکی و خێڵەکانی دیکەی سەرکوتکردووە و دەستی گرتووە بەسەر موڵک و گوندەکانیاندا و تا بە ئەمڕۆش داگیرکردنەکانی ئەو خێڵە لە ناوچەکەدا بەردەوامە .

بەڵام تا بە ئێستا کوردان ئەزموونیان لەو ڕابردووە تاڵەی خێڵەکییە وەرنەگرتووە و ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٩ ڕوودەدات ھەمان کردەکانی مستەفا بارزانی سەدەی ڕابردووە، بەشێوەیەکی مۆدێرنتر لەژێر ناوی گوایا حکومەت و پەرلەمان و داد و ئەو سیناریۆ گەماویانەی کە سەرجەمیان لەلایەن خێڵەوە قۆرغکراوە وبۆ خزمەتی خێڵ بەکار دەھێنرێت .

ئەم ھۆکارانەی باسمان کردن کوردی نەکردووە بە خاوەن ھێزێکی چەکداری، بەڵکو ھێزەکانمان دابەش بوون بەسەر کەسایەتی و خێڵەکاندا و ھیچ یەک لەو ھێزە چەکدارانەش لە خزمەت نەتەوە و نیشتمان و بەرژەوەندیەکانیدا تا بە ئەمڕۆ بەکار نەھێنراون جگە لە یەکلا کردنەوەی ناکۆکیەکانی نێوان خێڵەکان و بەرژەوەندیەکانی سەتۆک خێڵەکان وخزمەتکردن بە ئەجیندا سەپێنراوەکانی سەر خێڵەکان .

بەو ھۆکارانەش کورد نە کودەتای ھەبووە و نە دەشتوانێت کودەتایەکی سەربازی بکات بۆ ڕاماڵینی دەسەڵاتی خێڵگەرایی سەدەی ٢١ ، گەر سەرنجێک بدەینە دەوڵەت و دەسەڵاتە دواکەوتووەکان سەرجەمیان خاوەن ھێزی نیشتمانین ھەر لە سیستەمی پادشایی و خێڵەکی سعودیە و ئوردن و کوەیت و سوریا وزۆرێکی دیکە، بەڵام بەھۆی بوونی سەربازی نیشتمانیەوە ھەردەم چاوەڕوانی کودەتایان لێدەکرێت تەنھا ئێمەی خاوەن دواکەوتووترین سیستەمی خێڵەکی جیھانی نەبین کە بە ھیچ شێوەیەک تەنانەت کودەتا نەھاتووەتە خەویشمان .

ئێمە دەبێت دان بەوەدا بنێین کە بەڵێ ئێمە لەم سەدساڵەدا خاوەن دواکەوتووترین و کۆنەخوازترین و خێڵەکیترین سیستەمی دەسەڵاتدارین لە جیھاندا .