سەردێڕ:

دەسەڵاتی تەشویشچی

5/26/2019 8:14:05 PM
7104 جار خوێندراوەتەوە
فوئاد زیندانی
+ -

یەکێک لە سەیروسەمەرەکانی پارتەکانی دەسەڵاتداری ھەرێم ئەوەیە، پەنا دەباتە بەرھەرشتیک بۆ ڕەتکردنەوەی بەرامبەرەکەی!

ڕژێمی سەدام لەسەردەمی ھەشت ساڵەی شەڕی عێراق و ئێران، بەردەوام تەشویشی دەخستە سەر ڕادیۆی پارتە کوردیەکان، تەنیا لەیەک باردا تەشویش نەدەما ئەگەر پارتێکی کوردی دیاریکراو بکەوتبایە گفتوگۆ لەگەڵ ڕژێمەکەی، یان دوو لایەنی کوردی لە دژی یەکتر سەرقاڵی شەڕی برا کوژیبووان، لەوکاتەدا سەدام تەشویشەکەی ڕادەگرت، بەڵام سەدام ھەڵوێستی ڕوون بوو، دیکتاتۆر بوو.

ئەوەی سەیرە لەلایەن پارتە کوردیەکانی دەسەڵاتدار لەھەرێمی کوردستان خۆیان بە دیموکراتی ھەژمار دەکەن و باسی ئازادی ڕاگەیاندن و ئازادی ڕۆژنامەگەری دەکەن، بەڵام لە ناوەڕۆکدا دوژمنی سەرسەختی ئازادین و خێڵەکی و بنەماڵەیین، ھاوشێوەی ڕژێمەکەی سەدام پەنا دەبەنە بەر تەشویش خستنە سەر دەنگە ئازادەکان، لەوانەش کەناڵێکی وەک کەناڵی(ئێن ئاڕ تی) خاوەن مۆڵەتی فەرمیە، لەبەرئەوەی پەردە لەسەر گەندەڵی و کەموکوڕییەکانی دەسەڵات ھەڵدەداتەوە، بووەتە دەنگی خەڵکی ناڕازی، چەندین ڕۆژە  لەلایەن دەسەڵاتەوە تەشویشی خراوەتە سەر.

دیارە تەشویش خستە سەر ڕاگەیاندنەکان کلتورێکی بێئەخلاقی بەعسە،  دەسەڵاتی کوردی پەنا دەباتە بەر ھەرشتێک بۆ ڕەتکردنەوەی بەرامبەرەکەی و بەپێی ئەو کلتورە ڕەفتار لەگەڵ دەنگە ئازادەکان دەکات و بووە بە دەسەڵاتێکی تەشویشچی.