سەردێڕ:

بێدەنگی ئێمە دیکتاتۆر درووست دەکات

5/25/2019 9:11:35 PM
3612 جار خوێندراوەتەوە
مەعروف مەجید
+ -

ئەم میللەتەی ئێمە بەکردەوە پەندی پێشینەکانی جێبەجێدەکات، بۆ نمونە، دەست بگرە بە کڵاوەکەتەوە با با نەیبات، ئەگەر نا چۆن دەبێ ملیونان ھاوڵاتی ھەموو شتێکیان بیرچوبێتەوە لەبەر ئەوەی کڵاوەکانیان با نەیبات، لە کاتێکدا ھیچ باو بۆرانێک لە ئارادانیە.
بە داخەوە ھەموومان دەزانین لە ھەرێمی کوردستان، یاسا بۆ زۆر کاری نەشیاو دژ بە میللەت بەکارھێنراوە، پێویست بە نمونە ھێنانەوە ناکات، ھەر تاکێکی خاوەن ویژدان بۆ چەند چرکەیەک چاو بنوقێنێ دەزانێ چی لەم ھەرێمەدا بەناوی یاساوە کراوە، ئەم دەسەڵاتە، ھەرکاتێک کاری بە یاسا بێت دەیھێنێتە پێشەوە،  ھەرکاتیش نەیەوغ پێی دەڵێ لە ماڵەوە پشوو بە.

لەڕابردوودا، زۆر کەس بەناوی دەرچوون لەیاسا و بەرژەوەندی گشتی دەستگیرکران، ناوی زۆر سەرکردەی سیاسی و شۆڕشگێر و خاوەن خەبات، تەنانەت ناوی بەخیانەتکار و ئاژاوەچی بڵاوکرایەوە، لەبەرئەوەی تۆمەتەکانیان کاتی بوون بەبێ دادگایی و لێپرسینەوە ئەو تۆمەتانە ھەڵوەشانەوە، ئەگەر نا دەبوو دادگاکان خاوەنی بڕیاربونایە نەک حزب و پیاوەکانی.
بە داخەوە لە ڕابردوودا، کار گەیشتە تاوانبارکردنی سەرکردەکانی پێشووی ئۆپۆزسیۆن و تاوانبارکردنی سەرکردە ئیسلامییەکان و زانایان و مامۆستایانی ئاینی و چالاکانی مەدەنی و ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسان و چین و توێژی دیکەی ئەم کۆمەڵگەیە، تەنانەت بێھەڵوێستیی جەماوەر گەیشتە ئاستێک، خەڵکانی بێتاوان گومانیان لە خۆیشیان دەکرد.

 بە داخەوە بێدەنگی سەرکزکردنمان ئەم ڕۆژەی بەرھەمھێنا کە ھەردوو حزبی دەسەڵاتدار چیان بوێ بۆیان بچێتە سەر.
دەسگیرکردن و مانەوەی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ ماوەی چەندین ڕۆژ لە زینداندا، جارێکی دیکە سیناریۆکانی پێشوومان بیردەخاتەوە.
بە داخەوە جارێکی تر حزب و لایەنە سیاسییەکان بەتایبەتی ئەوانەی پێشتر بەھەمان شێوە سزادران و ھەڕەشەی دەستگیرکردنی سەرکردەکانیان لێدەکرا، بەتایبەتی بە تۆمەتی ئاژاوە و تێوەگلان بە کەیسی بێبنەما، بێدەنگیان ھەڵبژارد.
بەداخەوە دەسەڵات لە ھەرێمی کوردستان، ڕێک بەسەر ھاتی شێخ و مەلا و سەیدەکە پەیڕەو دەکات، ھەر جارە و کەسێک تۆمەتبار دەکات و دارکاری دەکات.
ئەگەر شاسوار عەبولواحید لەسەر ھەر کەیس و تۆمەتێک دەسگیرکرابێت، خۆ دەکرێ دادگاکان بە شێوەی شەفاف دادگایی بکەن و چیتر ئەو گومانانە لەسەر خۆیان نەھێڵن کە پێشتر ئاراستەیان کراوە.

من دەمەوێ بڵێم، ئەگەر ئەمڕۆ دەستگیرکردنی شاسوار عەبدلواحید بە سانایی تێپەڕێت، لە کاتێکدا حزبەکەی ھەشت کورسی پەرلەمانی ھەیە، ئاوا دڵنیام بۆ حزبەکانی تریش زەنگێکی مەترسیدارە کە ھەرکات دەسەڵات ویستی، نەک ئەندامەکانی سەرۆکەکانیشیان دەخەنە زیندانەوە.
بۆیە بێدەنگ ھەڵبژاردن بەرانبەر ئەم جۆرە کەیسانە بە زیانی ھەموو تاکێک دەشکێتەوە و دەسەڵات ھێندە بە بەرنامە کاردەکات، وای لێھاتووە گومانمان لەسەر خۆشمان بۆ دروست بکات.