سەردێڕ:

ئاساییشی سلێمانیی و رەفتارەکانی عودەی صەدام

5/24/2019 2:57:32 PM
7662 جار خوێندراوەتەوە
هیوا خۆشناو و کامیار سابیر
+ -

عودەی صەدام حوسێن، چونکە عوقدەی تێگەیشتنی لە ژیان، دێمۆکراسی و ئازادیی هەبوو، چونکە جاهیل و عەصابە بوو، هەمیشە لە پرێس کۆنفراسەکانی و کۆبوونەوە وەرزشییەکانیدا، بە عەرەبییەکی جڵفیی، باسی دیموقراطییە و دێمۆکراتبوونی باوکی و حیزبی بەعثی دەکرد. ئێستا، ئاساییشی یەکێتیی لە هەمبەر کێشەی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، هەمان رەفتاری پیاوەکانی عودەی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دێمۆکراسیی، مافی مرۆڤ و پێشێلکردنی مافی گشتیی، تەوظیف دەکەن. کێ لە پشت مۆتیڤە سیاسییەکانی ئاساییشی سلێمانییەوەیە؟ ئایا کوڕانی تاڵەبانیی، ئەو ئەرکە دەگێڕن؟

وێڕای ئەوەی ھەر رەخنە و سەرنجێکمان لەسەر نەوەی نوێ و شاسوار ھەبێت کە ئێمە باوەڕمان وایە نەیانتوانیوە تەجاوزی خورافاتە سیاسییەکانی کوردایەتیی بکەن، بەرنامە و روئییەیەکی روونیان بۆ تەحەداکردنی ئەو مێژووە رەشەی کوردایەتیی نییە، بەڵام ئەو بێڕێزیی و سووکایەتییەی لە ئاسایشی سلێمانیی کە لەژێر دەسەڵاتی کوڕانی تاڵەبانیی دایە و دەرھەق بەو دەکرێ، پێشلێکردنی ھەموو ئەو شیعارات و زەخرەفە سیاسییانەیە کە یەکێتیی و رابەرەکەیان( تاڵەبانیی) لای کەم بە شیعار و گفت، باسیان لە قانون، کەرامەتی مرۆڤ و ئازادیی دەکرد. 

کێشەی شاسوار، بە باوەڕی ھەموو دادوەر و قانونناسێک کە حەیسییەتی سیاسیی و قانونیی خۆی بە ئیعتیبار بگرێ، دەزانێ کە ١٠٠٪ کێشەیەکی سیاسییە و بگرە بیزنسیشە، لە دوور و نزیکەوە پێوەندیی بە جێکەوتکردنی قانون و پێشێلکردن و سووکایەتییکردن بە خەڵکەوە نییە. ئەو ئەشکەنجەدانانەی دەرھەق بە گەنجەکانی نەوەی نوێش کراون و بەتایبەتیی شکاندنی کەرامەتی مرۆییان لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن و لە لایەن ئاساییشەوە( کە ئیشەکەیان دەبێ لای پۆلیس بێت) نیشانەی لاوازیی کەیسە قانونییەکەی ئاساییشە کە دەیانەوێ بەزۆر ئیعتراف بە کۆمەڵێ گەنج بکەن و تەنانەت ئەوەندە تۆقێنراون، دەڵێن پارێزەریشمان ناوێت!

ئێستا کە شاسوار، وەکو زیندانی سیاسیی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ و بە قسەی نەوەی نوێ،  مانی لە خواردن گرتووە، پێش ئەوەی باوەڕی بەوە ھەبێت لەو رێگەیەوە فشار دروست بکات، نیشانەی ئەوەیە کە ترسی لەوە ھەیە لە رێگەی خواردنەوە، دەرمانخواردی بکەن و بە شێنەیی  لە چەند مانگ و چەند ساڵی دواتردا، بیکوژن و لای کەم تاوانەکەیش لە خۆیان دووربخەنەوە. ئەم رەفتارە عودەیی و بەعسییەی ئاساییشی یەکێتیی، بێئەملاو ئەولا خزمەت بە سیاسەتەکانی رەقیبە کلاسیک و شەریکە دزییەکانی( پارتیی) دەکات. لە پێش ھەموو شتێکیشەوە، زەلیلکردنی سلێمانیی و ریسواکردنی دادگا و قانونەکانی کوردستانە. کار گەیشتووە بە شوێنێک کە پارتیی، ھەموو سلێمانیی بە گرتنی شاسوارەوە، خەریک کردووە و یەکێتیی خستووەتە قۆناغێکی زۆر ئیحراجی سیاسییەوە.  

بەدەر لە راستیی و دروستیی ئەو تۆمەتی ناوزڕاندن و شکاندنی کەسایەتییانەی لە پەیجەکانی نزیک لە نەوەی نوێوە کرابن، بەڵام بۆچی دەیان و سەدان پەیجی تر نزیک لە یەکێتیی و گۆڕان و حیزبەکانی تر، بەردەوامن لە تیرۆرکردنی خەڵک، بەڵام ئاساییشی سیاسیی عودەی سەدام حوسێنی کوردیی، موویەک لە لەشی رەق نابێت؟ ھاوکات، ئەگەر سێناریۆی ئاساییش نییە کە ھەڕەشە لەم ئەندام پەرلەمان و لەو سیاسیی بکەن بەوەی کەیسی تۆمارکردنی سێکسی ھەیە، ئەگەر حەقیقەتی موخابەراتیی ئەو حیزبە نییە کە کۆمەڵێ ئەندام پەرلەمان و گەنجی لەناو نەوەی نوێدا، بۆ ئەجێندای سیاسیی و حیزبیی زەرع کردووە، خۆ ساغکردنەوەی ئەم سیناریۆیانە، چەند سەعاتێکی ناوێت! بۆ نایکەن؟ چونکە ریسەکەیان لێ دەبێتەوە بە خوریی. لەپاڵ ھەموو ئەمانەشدا، ھەموو ئەوانەی سووکایەتییان پێکراوە  و ھەڕەشەی ئابڕووبردنیان لێکراوە، وێڕای ئەوەی خۆیان قوربانیین ( بە تایبەتیی ئەوانەی لە کەیسی سێکسییەوە گلێنراون)، بەڵام بیانەوێ و نەیانەوێ خۆیان بەشێکی دێزن لەم نماییشە سیاسییەی ئاساییشی عودەیەکانی  یەکێتییدا. 

ئەوەی کەمترین کەسیش لەسەر شاسوار ھاتووەتە دەنگ، ھۆکارەکەی ئەگەر بەشێکی بۆ ئەدای شاسوار و نەوەی نوێ بگەڕێتەوە، بەشێکی زۆری بۆ موحافیزکاریی سیاسیی و نوخبەکانی کورد دەگەڕێتەوە کە چاوەڕێن ئەوان لە دوای ھەموو کەسێکەوە قسە بکەین یان ھەر نەیکەن. لە کاتێکدا، پارێزگاری سلێمانیی کە بە تەزکییە و بەشی گۆڕان، بووەتە پارێزگار و بەناویش سەرۆکی لێژنەی ئەمنییە،  نەک ھەر حەرفێکی بۆ گوتن نییە، بەڵکو حیزبەکەی( گۆڕان)، لە ئاساییشی یەکێتیی، زیاتر جەخت لە سزادان و تۆڵەکردنەوە لە شاسوار دەکاتەوە. بەشێکی ئەم کولتووری تۆڵەسەندنەوەیە بۆ تەسکیی و لێڵیی روئییەی گۆڕان و لایەنگرە حیزبییەکانی دەگەڕێتەوە کە بە رق، قین و بوغز، مامەڵە لەگەڵ کەیسێکی سیاسییدا دەکەن. ھاوکات ھەندێ ژۆرناڵیستی رانتخۆر، ئێستا رێک چەپڵە بۆ کارە ئیرھابییەکانی ئەو عودە و قوسەیانە لێدەدەن کە ئاساییشی سلێمانیی، بۆ سەرکوتی سیاسیی و ئەجێندای حیزبیی بەکاردەھێنن.  

جێگەی دەستخۆشییە ھەندێ قانونیی و مافناس، دەنگی نارەزایەتییان ھەڵبڕیوە، لەوانەش حاکم شیخ لەتیف، پێشوەخت دەستخۆشیی لێدەکەین، ھەرچەند سەرنجی سیاسیی زۆرمان لەسەر بۆچوونەکانی حاکم ھەبووە و ھەیە، بەتایبەتیی لە کێشەکانی ھەرێم و بەغداددا، مۆتیڤی نەژادیی، قەومیی و تائیفیی بەسەریدا زاڵ بوو،  بەڵام لە کەیسی گرتنی شاسواردا، زۆر جەرییئانە داکۆکیی لە کارە پیشەییەکەی خۆی کرد و لە رووی قانونییەوە، ئەم کەیسە سیاسییەی شاسواری، بەتەواویی ورد کردەوە کە لە دوور و نزیکەوە، پێوەندیی بە خراپ بەکارھێنانی مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ھەڕەشەکردنی ئابڕووبەرانەوە نییە، بەڵکو رێک بەرژەوەندییە سیاسیی و ئابوورییەکانی کوڕانی تاڵەبانیی، مۆتیڤی سەرەکیی ئەم کەیسەن.  

ئاساییشێک کە مامەڵەی دیل و فڕێندراو لەگەڵ ھاووڵاتییەکی کوردستاندا بکات، ھاووڵاتییەکەیش، وێڕای ئەوەی پارێزەریشی پێ رەوا نەبینن و  متمانەی ئەوەی پێیان نەبێ کە نانی دەستیان بخوات، ئایا ھیچ جیاوازییەکی ئەم دەزگایە لەگەڵ دەزگا سەرکوتکارەکانی عودەی سەدام حوسێنی موبەشیری دیموکراتییدا ھەیە؟ سەرەنجام، چەند فشار بۆ نەوەی نوێ بھێنن و بیانەوێت لە رێگەی ئەم تۆقاندن و ترساندنەوە، لای کەم سەرۆکەکەی بکەن بە رەدیف و پرۆکسیی خۆیان، ئەوە بە دڵنیاییەوە، ناوکی ھەموو ئەم گوێز شکاندنە جاھیلانەیەی کوڕانی تاڵەبانیی، دەچێتەوە گیرفانی پارتیی و سەرەنجامیش تەنیا سلێمانیی و زۆنە قۆرغکراوەکەی خۆیان( سەوز)، زەرەرمەندی سەرەکیی دەبن. تەداعییاتی ئەم کەیسە سیاسییەش تا درێژە بکێشێت، عاقیبەتەکەی لەسەر کوڕانی تاڵەبانیی، قورستر دەکەوێت.  بێدەنگیی لەبەرامبەر ئەم دەستدرێژییە سیاسییەدا، بۆ ھەموو نەیارێکی تر، نۆرەیان بە شێنەیی دێت و بە بێدەنگیی تێپەڕ دەبێت. 

دەسەڵاتدارانی سلێمانیی کە رۆژانێک دەیانگوت ئەو شارە لانکە و ناوەندی دیمۆکراسیی و بییروڕای ئازادە، ئەوڕۆ وەکو ھەولێرەکەی پارتیی غەرقی کاری مافیایی و نا قانونیی بووەتەوە. ئەوە جگە لە دروستکردنی مەترسیی بۆسەر ئاساییشی ھاووڵاتییان، رۆژنامەنووس و سیاسییەکانی دەرەوەی خۆیان، ھاوکات کارییگەریی نەرێنیی دەبێ لەسەر حکومەتی سێکوچکەی "پارتیی – یەکێتیی و گۆڕان". 

ئێمە لەو سۆنگەیەی کە باوەڕمان وایە دەبێ قانون بۆ ھەمووان وەکو یەک بێت، واتە: (ئەوانەی کە بەڕای ئێمە باشن یان خراپن، ئەوانەی لە چاوی ئێمە جوانن یان ناشریینن) وەک یەک بن. ھاوکات بە ئاشکرا دەبینین ێەدان دۆسییەی تری قانونیی و پێشێلکاریی مافی مرۆڤ و تەنانەت کەیسی ئاساییش و تێرۆریش، لە ئارادان، ھیچ دادوەرێک ناوێری دەستی بۆ ببات!

ئەو کارەی ئاساییشی سلێمانیی و کوڕانی تاڵەبانیی لە پشتیەوەن یان کوڕانی نەوشیروان و ھەندێ لە مۆبەکان و سیاسییە عەوامەکان، چەپڵەیان بۆ لێدەدەن بەر لە ھەرشتێک بەدرۆخستنەوەی بانگەشەکانی باوکەکانیانە کە پێشتر لەسەر قانون، دادگا و مافی ھاووڵاتییانی کوردستان، کردوویانن.  لە کۆتاییدا، ھیوادارین حاکم شێخ لەتیفەکان نمونەیان زۆربێت و ڕێگە نەدەن ئەو شارە بۆ مەبەستێکی تەسکی سیاسیی چەند  گرووپ و کەسی  سیاسیی،  لەوە زیاتر سووک و زەلیل، بکرێ.