سەردێڕ:

پارتی و یەکێتی بێ ماسک و ماکیاژ

6/21/2019 6:14:51 PM
5266 جار خوێندراوەتەوە
یەعقوب کاکل
+ -

شەڕی ڕاگەیاندنی نێوان پارتی و یەکێتی و چەند بەرپرسێکیان تەواو پێچەوانە بوو لەگەڵ رێکەوتنە ستراتیژییە ھاوبەشەکەیان کە لەماوەی ساڵانی رابوردودا کاریان بۆ کردبوو، یان ئەتوانین بڵێین گەڕانەوەیەکی ترسناک بوو بۆ دۆخی پێشوویان وبەدیاری کراوی ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی ڕابوردوو.

 کەواتە ئەم پەیوەندی و کۆنتاکتەی نێوان پارتی و یەکیەتی لە تاڵە دەزووباریکتر و لە تۆری جاڵجالۆکەیش لاوازترە کە بەھەر قسەیەکی ئەحمەو و مەحمووەکان دەگاتە لێواری ترازان و ھیچی تێدا نامێنیتەوە!، ئەم چەند رۆژە ئەوەی ئەم دوو پارتە لە رێگای چەناڵی فەرمی و نافەرمییەوە بەیەکیان کرد تەواو پێچەوانە بوو لەگەڵ ھەمو دروشم و بەڵێنە قەبەکانیان لەکاتە ئاساییەکان و لەرێگەی راگەیاندنەوە گوێی خەڵکیان پێ کاس دەکرد.

 بیرمان بێت لەماوەی دوو مانگی رابوردوودا بە تۆمەتی بێڕێزی و شکاندنی کەسایەتی و لایەنەکان (گوایەلەرێگەی پەیجی نافەرمیی فەیسبوکەوە بێریزی بە خەڵک کراوە) ژمارەیەک ئەندامی نەوەی نوێ دەستگیر کران و پاشان بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵ ،دوور لە ھەر عورفێکی کۆمەڵایەتی و یاسایی و بە بێ گەڕانەوە بۆ دادگا ھێنرانە سەر تەلەفزیۆن و بە بێ ساسنسۆر پیشان دران و پاشان بەو تۆمەتەیش دادگایی کران!، بەڵام ئەوەتا لەم دوو سێ رۆژەدا ئەم دو پارتە لە رێگای بەرپرس و ناوەندە باڵا و فەرمیەکانیانەوە سوکایەتی و بێڕێزی بە پلەی بەرز بە رەمز و کەسەدیارەکانی یەکتریان کرد و گەیاندیانە مریشکە ڕەشە ، کە خۆی بۆ خۆی ھەر رەمز و کەسایەتیەکیان خاوەنی دەیان ھەزار لە ھەوادار و شوێن کەوتووە ، بۆیە ھەقە داوا بکەیین لە دادگاو یاسا لە ھەرێم کە : بێ زەحمەت بێنە دەنگ و ئەوانەی دەبنە ھۆی  بڵاوکردنەوەی بیرێزیکردن و سوکایەتی لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا و ئاسایشی کۆمەلایەتی دەخەنە مەترسییەوە بدەنە دادگا و لێپێجینەوەیان لەگەڵ بکەن!، کە ھەمویان دیار و خاوەن پێگەی سیاسی و حزبین، ھەر وەک چۆن دۆسیەی سیاسیتان بەناوی دادگاوە بۆ نەوەی نوێ کردەوە!، بۆ ئەمانیش شتێک بکەن ،خێرە، خۆ بانێکە و دوو ھەوا نیە!؟.

ئەکرێت بڵێین:بە دوبارەبونەوەی ئەم شەڕە راگەیاندنانە و زمانە پڕلە جوێن و پیسەی پێی دەئاخافتن ناوە ناوە بازاڕیی راگەیاندنیانی پێ گەرم دەکەن ، دەگەینە ئەو راستییەی کە نەخێر ئەمە ڕووی ڕاستەقینەی بێ ماسک و بێ ماکیاژی ئەم دوو ھێزە سیاسییەیە کە ناویان پارتی و یەکێتیە.