سەردێڕ:

پەڕلە، لەسەر پەڕلەمان

6/10/2019 8:49:07 PM
3444 جار خوێندراوەتەوە
یەعقوب کاکل
+ -

ھەر لە کاتی یەکەمین ھەڵبژاردن بۆ خولی یەکەمی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستان (پەڕلەمان) لە ١٩ی ئایاری ١٩٩٢دا و پاش تەواوبوونی پرۆسەکە بە کۆمەڵێک کەلێن و کەم و کورتی زۆرو زەوەندەوە، دواتریش دابەشکردنی کورسییەکانی ئەنجومەنەکە پەنجا بە پەنجا لە نێوان پارتی و یەکێتی دا ئیتر پەڕلە و پیلان و کەتنەکان لە سەر پەڕلەمان دەستی پێ کرد، ھەر لەحساب نەکردن بۆ سەرۆکایەتی ئەوکاتەی پەڕلەمان (کە کۆچکردوو بەڕێز جەوھەر نامق سالم سەرۆکی بوو) ھەتا کەنارخستنی یەکجاری خودی دامەزراوەکە لەئانی شەڕی ناوخۆ لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا.

دامەزراوەی پەرلەمان ، پێچەوانەی ووڵاتانی خاوەن دامەزراوەی بەرزترین دەسەڵاتی تەشریعی و بنەڕەتی دەوڵەت لێرە و لە ھەرێمی کوردستان ساڵ لە دوای ساڵ رۆڵ و پێگە و بەھاو ھەیبەتی کەم دەکرێتەوە و وەک دامەزراوەیەکی لاوەکی و موزەییەف لە لایەن بڕیاربەدەستانی حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە لەقاڵب دەدرێت و جار لە دوای جار قارست دەکرێت!، دەویسترێت ھاوشێوەی سەرجەم سێکتەر و دامەزراوەکانی تری ھەرێم پەرلەمانیش وەک تابلۆیەک بە بێ ھەناو و ڕۆبۆتێکی ئاسایی لێ بکەن و تاڕادەی زۆریش تێیدا سەرکەوتوو بوون، ھەر بۆیەش پاش ئەوەی پەرلەمانی کوردستان لە ١٩ی ئابی ٢٠١٥ دا بەھۆی گرتنەبەری رێکارە یاساییەکانی خۆی بۆ ھەمواری یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بە ماوەی دوو ساڵ بە تەعتیل و داخستن سزا درا!، جگە لەوانەیش ھەر پەرلەمانێک بۆ سێ ئەرکی گرنگ دێتە دامەزراندن و ھەڵبژاردن کە یاسادان و چاودێری دەسەڵاتی جێبەجێ کردن و تاوتوێی بودجەی ساڵانەیە، بەڵام ئەم پەرلەمانەی ئێرە بۆ ماوەی شەش ساڵی تەواوە بودجەی نەدیوە و ئەوە بۆ دوو خول دەچێت نە چاودێرییەکی پێویستی کردووە و نە لێپرسینەوەی لەدەسەڵاتدارانی حکومەت کردووە لەسەر گەندەڵی و بڕینی موچە و کەیسی نەوت و غاز وشکستی ریفراندۆم و ١٦ی ئۆکتۆبەر و پێکنەھێنانی حکومەت و کپکردنی ئازادی بیروڕای سیاسی و نارەزایەتیەکانی خەڵکی بەشمەینەت و ستەملێکراو !.

وێڕای ئەوانەیش خودی پەڕلەمانتارەکانیش کراونەتە سەرە ڕمی شەڕی حزب و مەکتەب سیاسیەکان و شەولە تیڤی و رۆژ لە دیبەیتەکان بەر دەدرێنە وێزەی یەکتر و ململانێی حزبەکانیان پێ گەرم دەکەن!، لەکاتێکدا ئەوانی پارلەمانتار کاری سەرەکی خۆیانیان لە بیر براوەتەوە و مەشغوڵ و ئیجباری کاری تر کراون!.

لە ھەموو ئەوانەیش مەترسیدارتر بێ بەھاکردنی دەنگی ھاوڵاتیان و پرۆسەی دەنگدانە لە رێگەی تەزویرکردن لە ھەڵبژاردنەکان و پەرتەوازەکردنی فراکسیۆن و کوتلە پەرلەمانیە ئۆپۆزسیۆنەکان و رێگەنەدان و ئەستەنگ دروست کردن بۆ پرۆژە یاساکانیان! .
یان وەک ئەمرۆ سەرکردەشکستخواردوەکانی مێژووی دەوڵەتداری کوردی بێزییان نایەت تەنانەت لە باڵاخانەکەیشیدا سوێند بخۆن و دەستەی سەرۆکایەتیەکەی لە ھۆڵی تردا رۆڵی عەریف حەفلەیەک دەبینن!، چ جای لەم سستەمە بەناو پارلەمانیەدا بھێنرێنە بەردەم نوێنەرانی گەل و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت!!؟.

ئەمەیش ئەو پەڕلە( یان : پیلان و موئامەرەیە )یە کە بەسەر پەرلەمان و پەرلەمانتاریان ھێناوە بە بێ ئەوەی بە خۆیان زانی بێت!.