سەردێڕ:

بۆچی دەیانەوێت ئەم کابینەیە بێ ئۆپۆزسیۆن بێت؟

5/24/2019 12:13:17 AM
3107 جار خوێندراوەتەوە
یەعقوب کاکل
+ -

دیارە نزیکەی ھەشت مانگە ھەڵبژاردن بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی پێ ھاتووە و تائێستا نەتوانراوە حکومەت لەسەر ئەنجامەکەی پێک بێت، ھەرچەند کابینەی ئەم جارە جیاوازە لە کابینە وەزاریەکانی تر لەبەر ئەم ھۆکارانە:

یەکەم: کابینەی نۆیەم لە ئەنجامی کۆکردنەوەی کورسیەکی زۆری پەرلەمانی لە لایەن پارتیەوە دێت کە جارێکی تر بووە ھۆی وەرگرتنەوەی سەرۆک وەزیران، بەو ھۆیەشەوە زاتی ئەوەی کرد کە لەڕێگەی پەرلەمانەوە کارا و ھەمواری یاسای سەرۆکی ھەرێم بکات و بە دەنگی ئەندامانی پەرلەمان سەرۆکی ھەرێم بۆ جارێکی تریش بباتەوە.

دووەم: بۆ یەکەمجارە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت نیە و کورێکی بارزانی سەرۆک وەزیرانە.

سێیەم : یەکەمجارە سێ ھێزی پارتی و یەکێتی و گۆڕان پێکەوە حکومەت پێک دێنن.

چوارەم: یەکەم جارە یەکگرتوو و کۆمەڵ بەشداری حکومەت ناکەن، لەکاتێکدا کابینەکانی پێشوو یان ھەردووکیان پێکەوە بەشدار دەبوون یان ئەگەر یەکێکیان بەشدار بووایە ئەوی تر لە دەرەوە دەبوو، وە بە پێچەوانەوە .

پارتی و یەکێتی بۆ ئەم کابینەیە خواست و ویستیان نیە کە ئۆپۆزسیۆنیان ھەبێت، یان ئەگەر ھەشبوو زۆر پەرت و بڵاو و لاواز ببێت، بە تایبەت پارتی، لەبەر ئەوەی خودی مەسرور بارزانی نۆبەرەی سەرۆکایەتی حکومەتێتی و کەم ئەزمونە بە ھیچ شێوەیەک نایانەوێت ڕووبەڕووی ئۆپۆزسیۆنێکی رادیکاڵانەی زبر ببێتەوە، جگە لە کەم ئەزمونیەکەی کۆمەڵێک گرفتی گەورەی چارەسەر نەکراو و کەڵەکەبووی کابینەکانی تری تەوقیت کراو بۆی ئامادەیە و دوور نیە پێیدا نەتەقێتەوە، لەو کێشانەش وەک بابەتی پاشەکەوتی موچە و شێواز و چۆنێتی دانەوەی ئەو قەرزانە، دوای ئەویش یاسای چاکسازی لە سستەمی موچە و دەرماڵەو خانەنشینی، کە زۆرێک لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمان خۆیان بۆ ھەموارەکەی ئامادە کردووە، وێرای چەندین ئاریشەی تر وەک پرسی نەوت و گاز و پەیوەندیەکانی ھەرێم و بەغداد و ھاتن و نەھاتنی بەشە بودجەی ھەرێم .

ھەر لەم سۆنگە و لەم ڕووەشەوە پارتی و ھەندیک باڵی ناو یەکێتی لەسەرەتای دروستبوونی کابینەی نۆیەمەوە کەوتونەتە ویزەی حزبە نەیارەکانیان بە تایبەت نەوەی نوێ، کە ھەموومان دەزانین ج فشارێکی توندیان لەسەر دروست کراوە،  جگە لە ھەڵکوتانە سەر ئۆفیسەکانیان سەرۆک و بەشێک لە ئەندامەکانیان لە زینداندا راگیراون و ھێڵراونەتەوە و کەیسەکانیان بە شیوازێکی ئەمنی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، ھەموو ئەمانەش لە پێناو رەخساندنی کەشێکی ئارام بۆ جەنابی براگەورە (وەک پارتیەکان خۆیان دەڵێن)، وە کابینە وەزاریەکەی ، کە بەدڵنیاییەوە بۆ دروستکردنی ئەم کەشە ئارامەش پێویستیان بە ھەوڵ و ھێزی یەکێتی ھەیە تا لەو ڕێیەوە نەوەی نوێ بە کێشەی ناوخۆییەوە خەریک بکات و نەیپەرژێتە سەر رەخنە و دەرخستنی فەزاحەتەکانی حکومڕانی لە ھەرێم،  پاشانیش لە رێگای ھەندێک ھێزی تری تازەپیاکەوتوو بۆ پارچە بەزەکەی حکومەت ھەر رۆژە و ئەلقەیەک لە سیناریۆیەکی داڕێژراو بۆ نەوەی نوێ دەستبەکارن و تەواوی دەکەن، وەک نمونە: ھاندانی ھەندێک رۆژنامەنووسی بەناو سەربەخۆ و جوڵاندنی سکاڵا لەسەر سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و رۆژانێکیش ھاندانی پەیج و فەیسبوکەوانیان بەھەمان ئاراستەی فشارخستنە سەر نەوەی نوێ و پاشانیش جوڵاندن و وروژاندنی ھەندێک کادیری حزبی بەناوی خاوەن پشکەکانی جاڤیلاندەوە ئا لەم تەوقیتەدا!، ئەم رووداوانەش ئەوەمان بۆ رۆشن دەکاتەوە کە پلانگێڕییەکی موخابەراتی موخەتەت لەسەر نەوەی دروستکراوە و بە ھەڵوێست وەرگرتنی ھەندێک لە پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ دەستی پێ کرد و ئەلقەکان ووردە ووردە و رۆژانە پێشکەش دەکرێن و خۆیان نمایش دەکەن و ناشزانین ئەڵقەی کۆتایی کەی تەواو دەبێت!؟.

پێویستیشە تەواوی خەمخۆران و خاوەن ھەڵوێستەکان  و رۆشنبیران و ھاوڵاتیان بەگشتی نەیەڵن رۆحی ئۆپۆزسیۆنانە بمرێت و ڕوانگەی رەخنە و تێبینی لەئاست گرفت و گەندەڵییەکاندا بە کزی سەربنێتەوە.