سەردێڕ:

چاکسازی لەچیدا و بەکێ دەکرێت ؟

12/16/2019 1:05:13 PM
2166 جار خوێندراوەتەوە
یەعقوب کاکل
+ -

ئەو پەیپەرەی لە بارەی موچەو دەرماڵە و ئیمتیازاتەکانەوە لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە ئامادەکراوە و بەنیازە پەرلەمانیشی پێوە سەرقاڵ بکات ناوی لێناوە(پرۆژەی چاکسازی! ) ، کە دیارە نە ئەوە پرۆژەی چاکسازیەو نە ئەوانەیشی پێی ھەستاون چاکسازن ، چونکە زۆر بواری بنەڕەتی و ستراتیجی ھەیە  کە دەسەڵات نایەوێت چاکسازی و گۆڕانکاری تێدا بکات و خۆی لێ بدات ، جگە لەوەش بە پێی ئەو پرۆژەی حکومەت بێت نە موچەی پلە باڵا کەمدەکاتەوە بە مانای ووشە ، نە موچەنزمەکان زیاد دەکات بەتایبەت خانەنشینان !، ئەوەش پەیوەندی بە بڕینی دوو موچە و زیاترەوە ھەیە دیسان ھەوڵێکی بێ ھودە و نەزۆکە ، چونکە وەک دیارە سیستەمی ئەلیکترۆنی بایۆمەتری بۆ موچەخۆران لەم ساڵانەی پێشوودا بۆ ھەمان مەبەست ئەنجام درا ، کە وا نازانرێت کاریگەری لەسەر بڕینی دوو موچە و چەند موچەکان ھەبوو بێت.

لەوانەش گرنگتر ئەوەیە کە ئەم کاست و پێڕەی حوکمڕان لە ھەرێمی کوردستان کە خۆیان بەسەر پشتی گەندەڵیدا ھاتوون و لە لێڵایی و غوباری ناشەفافیەت و گزی و فزیدا دەسەڵاتیان فراوان دەکەن و پەرە پێ دەدەن ، چۆن دەتوانن پڕۆژەی نیشتمانیانەی بەرەنگاری گەندەڵی و سەرمەشقی چاکسازی بن!؟، ئەوانەی نیشتمان و ئەم ووڵاتەیان توشی چەندین نەھامەتی و قەیرانی جۆراوجۆر کردووە شایانی لێپرسینەوەی توندو دادگاییکردنن نەک بکرێنە کوێخا و دەمڕاستی چاکسازی و ھەڵگری  ئاڵای گۆڕانکاری .

ئەوانەی ئیدعای چاکسازی دەکەن ،ھیچ نەکەن تەنھا لە ئێستاوە بریار بدەن تەنھا راستگۆ بن درۆ نەکەن ، تەنھا لە ئێستا بەدواوە دزی لە داھات نەکەن  و عادیلانە ڕەفتار لەگەڵ ھاوڵاتیاندا بکەن، ھەر ئەوندە بەسە ببنە جێگای باوەڕی خەڵک .

قافڵە و لەشکری گەندەڵکاران کێن !؟، سەییر لەوەدایە ئەوانەی داوای بەرەنگاری گەندەڵی دەکەن و پڕۆژە بۆ چاکسازی دەنوسن ھەر ئەوانەن کە دنیایەک لە مفتەخۆری بێ ئەرزش و کۆیلەی بێ کۆت و سوپایەک لە وەزیری درۆینە و حەشاماتێک لە پلەداری سەربازی وەھمی و دەیان ھەزاران موچەخۆری بندیوار و چی و چییان ھەیە و بگرە بەھۆی ئەمانەشەوە لە دەسەڵاتدا ماونەتەوە و ئیدامەیان ھەیە ، بۆیە نە بە زیادکردنی سەعاتێکی دەوامی فەرمانبەر چاکسازی دەکرێت نە بە سزادانی چوار کاسبکار و فەرمانبەری ئاسایی ناوتان دەچێتە لیستی چاکسازانەوە.
چاکسازی لەچیدا بکرێت؟.

ھەندێک لەوبوار و سێکتەرانەی پێویستە چاکسازی و گۆرانکاری تێدا بکرێت:-

١- بەرزکردنەوەی موچە کەم و نزمەکان و بڕین یان کەمکردنەوەی فیعلی موچەی پلە باڵاکان.

٢- پەرەپێدانی فراوان لە کەرتی کشتوکاڵ و بەرھەمھێنانی ناوخۆیی.

٣- بڕینەوەی موچەیەک بۆ بێکاران بە تایبەت گەنجان و بەردەوام بێت ھەتا دۆزینەوەی کاری شایستە.

٤- بەرپاکردنی شەفافیەت لە بواری کەرتی نەوت و سەرجەم داھاتەکانی ناوخۆ.

٥-  پاراستنی خاڵە سنورییەکان لە ڕووی ئاسایشی خۆراک و دەرمان ، پەیڕەوکردنی سستەم و فەلسەفەی دەوڵەتی بۆ ھێنان و ناردنی کاڵاکان و  دوورکەوتنەوە لە خاترانەی حزبی و کەسیی.

٦-  ڕەخساندنی ھەلی یەکسان بۆ ھاوڵاتیان و تەواوی کۆمپانیاکان لە بواری وەرگرتنی پرۆژە جیاوازەکان. 

٧- یەکخستنەوەی فعلی ھێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی یەکھێزی بەرگری ، کە ئینتمای تەنھا بۆخاک و نیشتمان ھەبێت لەبری حزب و بەرپرسەکان.

٨- کاراکردنەوەی دامەزراوە فەرمیەکانی وەک حکومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری کە ھیچی کاری خۆی ناکات و ھەر خۆیان بەشێکن لە کێشە و ئاریشە لەبری چارەسەرساز و ئاکتیڤ بون.

٩- چاکردن و چاکسازی لە بواری کارەبا و رێکخستن و کەمکردنەوەی نرخی بەنزین و گازوایل  و نەوتی سپی کە لەگەڵ دۆخی دارایی ھاوڵاتیاندا بگونجێت.

١٠- دادگایەکی عادیلانە پێک بێت بۆ دادگاییکردنی ھەموو ئەو تاڵانچی و گەندەڵکارانەی دەستیان لە دزی و تاڵانکردنی سەروەتی نیشتمانی و سپیکردنەوەی پارەو ...ھتد ھەبووە ، لەسەرەوە بۆ خوارەوە،نەک بە پێچەوانەوە.

١١- لەوانەش گرنگتر گێرانەوەی بەشێک لەو موچە و سەروەت و سامانەیە کە بەھۆی ئەم وڵاتەوە دەستییان کەوتووە و دەکەوێت ،چونکە ئەم سیاسییانە پیشتر نە بازرگان بوون و نەخاوەنی سامان و موڵکی زۆر بوون ، بۆیە ئەگەر راستگۆن ھەنگاوێکی وابنێن تا خەڵکیش کەمێک ھیواو ئومێدی بۆ بگەڕێتەوە ، خۆ ئەگەر وایش نەکەن ئەوا دڵنیا بن ئەم دەسەڵات و حکومڕانیەتان بۆ ناچێتە سەر و بەردەوام نابێت.