سەردێڕ:

نەک سەد رۆژ، ئێوە لە دە ھەزار رۆژدا چیتان کرد؟

12/8/2019 11:10:17 PM
6317 جار خوێندراوەتەوە
یەعقوب کاکل
+ -

سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە ھەرێمی کوردستان دێت ماوەی سەد ڕۆژی ئەم دواییەی کاری کابینەکەی دەکاتە سەرکەوتنی خۆی و باسیان دەکات، کە دوو لە گرنگترینیان زیاد کردنی باجە لەسەر خەڵک بۆ بەرزکردنەوەی داھاتی ناوخۆ، وە یەکێکی تریشیان  تەسلیمیکردنەوەی نەوتی ھەرێمە بە بەغداد (ئەوە لەکاتێکدا کە ساڵانی پێشتر پێیان وابوو ئەم جۆرە رێکەوتنە پاشەکشە و لاوازییە).

بۆیە ئەتوانین پێیان بڵێین نەک سەد رۆژ بەڵکو لە ٢٩ ساڵی رابردووی حکومڕانیتاندا کە دەکاتە نزیکەی دە ھەزار رۆژ بەم پێوەرەی خۆتان، ئەمانەتان نەکردووە:
١- ھیچ پرۆژەیەکی ستراتیژیی و پێویستتان جێبەجێ نەکردووە.
٢- کارگەی خۆماڵیتان دانەمەزراند، بەڵکو ئەوەیشی ھەبوو زۆرینەی داخران.
٣- رێگاکانی نێوان شارەکانتان پێ دروستنەکرا.
٤- کوا ئەو بەنداوانەی دروستتانکرد؟ ھەموو ھەرێم خاوەنی دوو بەنداوی وەک دوکان و دەربەندیخانە ئەوانیش ھی سەردەمی مەلیکە، ڕژێمی بەعس ئەساسی بەنداوی بێخمەی دانا، بەڵام ئێوە لەبری تەواو کردنی ھاتن کەرەسەکانیشتان دزی.
٥- ھێزی پێشمەرگەتان پێ یەک نەخرایەوە، بەڵکو ئەوەی ھەیە حزب و ئەشخاس بەڕێوەی دەبات.
٦- کێشەی کرێنشینانتان چارەسەر نەکرد، بۆیە ساڵانە ھەزاران کرێنشین زیاد دەکات و لە ئێستادا زیاتر لە ٣ سەد ھەزار کرێنشین لە ھەرێمێکی ٦ملیۆنیدا بونی ھەیە.
٧- ڕێژەی بێکاری گەنجان روو لە زیادبوونە و دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان ساڵانە بە بێ ئومێدیی خوێندن تەواو دەکەن، بە بێ ئەوەی ئەم ھەموو کابینە یەک لە دوای یەکانە پلان و پرۆژەیەکی خستنەسەرکاری پێ بێت بۆیان.
٨- زەوی و زاری ئەم وڵاتە بەپیت و بەرەکەتە تەواو پشتگوێخرا و پەنا برایە بەر بەرھەمی دەرەکی لە سەوزە و میوەوە ھەتا گەنم و برنج و ساوەریش، ئەمە لەکاتێکدا جوتیاران لە ساڵانی نەوەدەکاندا باشتر دەستیان بەسەر زەوییەکانیاندا دەشکا ھەتا ئێستا، لەبری ئەوەیش پەنا براوەتە بەر بەرھەمی ساختە و بێکواڵیتی و بەسەرچوی دەرەکی، یان پەرە بە کشتوکاڵی ژێر نایلۆن و ھەلتۆقیو بە دەرمان دراوە، کە خۆی ئەم کشتوکاڵی ژیر نایلۆنە (بەیتی پلاستیکی) لەو وڵاتانەدا گرنگی پێ دەدرێت کە کەش و ھەواو و خاکی ھیچ لەباربوونێکی بۆ کشتوکاڵ نەبێت، کە خاک و کەش و ھەوای ھەرێم پێچەوانەی ئەوەیە.
٩- نەتانتوانی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان بگێڕنەوە.
١٠- شەفافیەت لەداھات و خەرجیدا یەکێکە لەو پرنسیپانەی کە حوکمڕانی رەشید و بێ باک لە گەندەڵی و بەھەدەردان ئامادەیە و ناترسێت بەرپای بکات و بڵاوی بکاتەوە، بەڵام ئێوە سەرتاپای حوکمرانیتان پڕاوپڕە لە ناشەفافیەت و ناڕونی.
١١- ئەوە ھەر باسی کارەبا و ئاو ناکەم.
١٢- نەتانتوانی ساڵانە بەرمیلێک نەوتی سپی بۆ گەرمکردنەوە (بە فرۆشتنیش بێت) بۆ خەڵک دابین بکەن، لەکاتێکدا ھەموو رۆژێک نیو ملیۆن بەرمیل نەوت دەفرۆشن.
١٣- دادگا و سیستەمی دادوەری لە قوڕی حزب و گەندەڵیدا چەقیوە و فەرتەناش دەکات.
١٤- لە کۆتاییدا، ئێوە ناتوانن موچە دابین بکەن و یاسای بودجەتان نیە، ئیتر عەیبە بە خۆتان بڵێن حکومەتین.