سەردێڕ:

باشور ، چی بۆ رۆژاوا پێ دەکرێت ؟

10/13/2019 2:05:34 PM
4136 جار خوێندراوەتەوە
یەعقوب کاکل
+ -

ئەو دۆخە داگیرکاریەی سوپای تورکیا بەسەر ڕۆژاوای کوردستان و ( باکوری سوریا)دا ھێناویەتی کاردانەوەی جیھانی و ناوچەیی لێکەوتەوە، پێش ئەوانیش ھاوسۆزی و پاڵپشتی کوردانی لە تەواوی جیھاندا بۆ دروست کرد، لەونێوەندەیشدا ھاوڵاتیانی کوردستانی رۆژھەڵات و باشور بە چڕی ھاتنە سەر شەقام و ڕێپێوان و خۆپیشاندانی فراوانیان سازکرد. 
 لێرەدا ئەوەی مەبەستمانە ئەوەیە ئایا باشوری کوردستان ( ھەرێمی کوردستانی عێراق ) چۆن دەتوانێت ئەرکی خۆی بەرانبەر بە ڕۆژاوا جێبەجێ بکات ؟ وە لەبەرامبەریشدا سودێک بە گەلانی رۆژئاوای کوردستان بگەیەنێت و ھۆکارێکیش بێت ھەتا جەنگ و کوشتار و وێرانبون لە شار و ناوچەکان دوور بخاتەوە، یان وا بکات ڕای وڵاتانی خاوەن بڕیاری جیھانی لەسەر رۆژاوا بگۆڕیت. 
لە ئێستا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خاوەنی پەیوەندیەکی تارادەیەک فراوانە لەسەر ئاستی وڵاتانی ھەرێمی و ئەوروپی و ئەمریکی، دەکرێت ئەم لینک و پەیوەندییانە بۆ ئێستا بەکار بھێنێت ، ئەگەر ئەو نوسینگەی پەیوەندیانە بۆ کاری حزبی و شەخسی و تیجارەت و گرێبەستی ناشەفافی کۆمپانیاکانی بواری نەوت و گاز تایبەت نەکرا بێت؟ !، ئەی مەگەر پۆستی ( وەک خۆیان دەڵێن) مەرجەعی کوردستان بۆ کەی باش و پێویستە؟، ئایا نابێت جەولەی وڵاتان دەست پێ بکات و چاکی لێ بکات بەلادا و یاسر عەرەفات ئاسایی سەر بکات بە کونی کۆشکی سەرۆکی ووڵاتەکاندا !؟، یان سەرۆکی ھەرێم و حکومەت و پەرلەمان کە دەبێت تەمسیلی جەماوەری باشوور بکەن بۆ دەنگیان نیە و بە فعلی نایەنە سەر خەت و کاری جدی و پێویست ئەنجام بدەن!؟، بۆچی بۆ زۆر بابەتی لاوەکی و ناپێویست سەرجەم لایەنەسیاسیەکان خێرا کۆدەبونەوە و بریاریان دەردەکرد!، بۆچی ئێستا فزەیان لێوە نایەت!؟.
بەڕاستی چەندە خەڵکی باشوور ڕێپێوانی ناڕەزایی دژ بەلەشکرکێشی تورکیا ساز دەکەن، بەھەمان شێوەیش پێویستە فشار بخرێتە سەر دەسەڵاتدارانی ھەرێم کە بە ئەرک و کاری خۆیان بەرانبەر بە رۆژئاوا ھەستن، ئەگەر ڕاستگۆن لەگەڵ ئەو گوفتارانەی لەوبارەوە بڵاوی دەکەنەوە.
ئەو داگیرکارییە بە تەنھا بە ڕێپێوانی ناڕەزایی بەرپەرچ نادرێتەوە، بەڵکو دەکرێت تەواوی توانستە دبلۆماسیەکانی کاربەدەستانی کورد لە ھەرێم و عێراق بخرێنە خزمەت ئەو دۆسیەوە، وە کار و ئەرکی خۆیان ئەنجام بدەن، لە شێوەی شاند و وەفدی جیاجیادا سەرانی رێکخراو و کۆمکارە جیھانی و ئاشتی خوازەکان بکەن، لە ئەوسەری جیھان و لە پەککین بۆ ئەوسەری خۆرئاوای جیھان کە ئەمریکایە بتەقێننەوە ، ھەتا ئەگاتە ووڵاتانی ئەوروپایش لە بازنەی سەردان و جەولەکەیاندا چێ بکەن، ھۆشداریان بدەنێ لە ئەگەری دروستبوونی جەنگی گەورەو ئاوارەبونی ژمارەیەکی زۆری کۆچبەر روو لە ووڵاتەکانیان دەکەن،  بۆیە ئەم کاربەدەستە کوردانە ئەگەر وا نەکەن ئەوا مێژوو رەحمیان پێ ناکات و لە لاپەرەکانیدا بە کزۆڵی و شەرمنی و سەرشۆڕی لە پەراوێزدا جێگایان بۆ دەکاتەوە.
لەھەموو ئەمانەیش پێویست تر جەماوەری باشوور لەبری یەکتری تۆمەتبارکردن بە قسوری نواندن لە ھاوسۆزی بۆ رۆژاوا( کە دواجار لێکترازانی کۆمەڵایەتی لێ دەکەوێتەوە )، فشار لەسەر دەسەڵاتدارانی ھەرێم و عێراق دروست بکەن بۆ ئەوەی بەئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆیان ھەستن و لۆبی سیاسیی و دبلۆماسی دەست پێ بکەن.