ئۆپۆزسیۆنی نوێ
7/20/2019 12:10:58 PM
4113 جار خوێندراوەتەوە
یەعقوب کاکل
+
-
ھەر حوکمرانیەیەکی دروست و پێگەیشوو بە بێ بوونیی ئۆپۆزسیۆنی ئاکتیڤ و چالاک ناکامڵە و دۆخی سروشتی و سوڕی دەستاودەستی دەسەڵاتیشی ئاسایی نیە، ئەگەر لە ھەرێمی کوردستانی عێراق بڕوانین تەنھا یەک خولی پارلەمانی بەتەواوی ئۆپۆزسیۆن بونی ھەبووە ئەویش خولی دووەم بووە ، ئیستایش لەبەردەم خول و کابینەیەکی تازەی وزاریدایین لەھەرێم ، ئەوەی پیویستە کاری جدی بۆ بکرێت سود وەرگرتنە لەو ھەڵانەی رابوردوو کە حزبەکانی ئۆپۆزسیۆن کردویانە ، دەکرێ جارێکی تر سیاغەی کاری ئۆپۆزسیۆنبوون و فۆرمێکی نوێ لەھەمان کایەدا بێتە بوون، ئەویش پیویستی بە ھەماھەنگی گشت خەمخۆران و دلسۆزان ھەیە .
پێکھاتەی ئۆپۆزسیۆنی ئەمجارە چۆن بێت؟.
گومانی تیدا نیە ئەگەر نیەت و مەبەست و ئامانج رون و بێ گرێ و گۆڵ و بێ غەل و غەش بێت ئەوا ھەموو ھەنگاوەکانی تریش کە لەئەنجامی ئەوە سەرچاوە دەگرن باش و ئامانجاندار دەبێت، ئێمە ئیستا ئەزمونی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیشمان لەبەردەستدا ئامادەیە و دەتوانین سودی تەواوی لێوەرگرین ، ھەم لەھەڵەکانی دەسەڵات ھەم لە شکست و سەرکەوتنەکانی ئۆپۆزسیۆن ، بۆیە دەکرێ بپرسین تاکەی ئێمە ھەر بەدەوری خودی خۆماندا بخولێینەوە !؟ چی تیدایە با لە ئیستاوە بەکۆمەڵ بەدەوری بەرژەوەندی و خەونی گشتیدا بخولێینەوە، ئیستا ھەرێمێکمان لە بێ ئومێدییەکی ترسناک ھەیە، بەجۆرێک دەستی لەخراپە و ڕوتاندنەوەو باج و سەرانەکانی دەسەڵات ھیناوە، بێ دەنگ بووە لە نەدان و دواکەوتنی موچەوسستی و بێ کوالێتی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان ، بێ خەمە لەئاست چارەنوسی داھاتووی نەوەکانی، کە بەدەست ئەم دەسەڵاتەوە زۆری نەماوە لە بەیین ببرێت ، ئەوا خەریکە تەواوی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان بخزێنرێنە دەستی کەرتی تایبەتەوە و بە ئارەزوی خۆیان نرخ لەسەر کاڵاکان بۆ ھاوڵاتیان دیاری بکەن ، ئێمە رزگارمان نەبوو لەدەستی حزب لە حکومەت ئیستا نۆرەی گرتنەدەستی جڵەوی قوتی خەڵکە لەلایەن کۆمپانیاکانی حزبەوە!.
لەبەر ئەن ھۆکارانە پێویستە ئۆپۆزسیۆنێکی جدی و فراوان بۆ ئەم چوارساڵەی داھاتوو ھەبێت :
یەکەم: نارەزایی و کپکردنەوە و بێ دەنگی خەڵکی لە ھەموو کات کێرڤەکەی بەرزترە و زیاترە.
دووەم: موچەی فەرمانبەران دوادەکەوێ و گرنتی نیە کە زیاتریش دوا نەکەوێت.
سێیەم : زۆرترین قەرزی پاشەکەوتکراو و موچەنەدراوەکانی موچەخۆران لە چوار ساڵی رابوردودا ، ھەروەھا قەرزی کۆمپانیا و پرۆژەکانیان و بەڵیندەران لەلای حکومەتەوە نەدراوەتەوە.
چوارەم : جیاوازی زۆر و نادادپەروەرانە لە موچەی پلە تایبەتەکان لەگەڵ موچەخۆرانی ئاسایی ، کە پێویستە پرسی سستەمی موچەو خانەنشینی و ماف و ئیمتیازاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان یاسای بۆ ھەموار بکرێتەوە و ھاوشێوەی سستەمی خانەنشینی یەکگرتووی عێراقی لێ بکرێت.
پێنجەم: جیاوازی و نادادپەروەری جوگرافیایی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەگشتی و پرۆژەکان لە شار و پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان.
شەشەم : لێڵی و ناشەفافی لە کەرتی نەوت و پەیوەندیەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد،کە وەک بۆمبێکی ئامادەکراو وایە و ھەموو کات ئەگەری تەقینەوەی لێ دەکرێت ، کە دواجاریش باری دارایی ھەرێم دەکەوێتەوە بەر مەترسی ساڵانی رابوردوو.
حەوتەم : رێژەی بێکاری تا دێت زۆرتر دەبێت ، بەتایبەت لەناو چینی گەنجاندا، بۆ نمونە : ھەر لە ٢٠١٣وە کاتێک دامەزراندن لە کەرتی گشتیدا وەستا کە نزیکەی شەش ساڵ دەکات تا ئیستاش بەفەرمی و بەئاشکرا دامەزراندن وەستاوە بەتایبەت بۆ دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان بۆیە تا ئیستا نزیکەی ٢٠٠ ھەزار دەرچوی زانکۆو پەیمانگا زیادیان کردوە، بەدڵنیاییشەوە لە کەرتی حکومیدا دانەمەزراون و زۆربەیان لە ئیستادا بێکارن .
ھەشتەم: کەرتی تەندروستی و پەروەردە لەبەردەم مەترسی گەورەدان و حزب و کەسەکانی بەناوی کەرتی تایبەتەوە خەریکە لە رێڕەوی خزمەتی گشتیەوە بەئاراستەی بزنس و بازرگانیەوە دەیبەن، کاڵای کەم کواڵیتی و خراپ و تەنگی بە تەندروستی گشتی ھەڵچنیوەو لە پێناوی ساماندارکردنی چەند کەسێکی کەمی خاوەن پشت ئاسایشی خۆراک و دەرمان بە ئاقاری ترسناکدا دەبرێت.
نۆیەم: کەرتی کشتوکاڵ، جیگەی نەنگییە لەدوای چەند دەیەیەک لە حوکمڕانی کوردی و لە ھەرێمێکی بە پیت بە ئاو و خاکی کشتوکاڵی بەلام ساڵانە لەبری بەرەو پێشچون، بۆ دواوە دەگەرێتەوە!، جوتیار بەرھەمی ساڵانەی دەبێت بە بار بەسەرشانیەوە و نەک ناتوانێ ساغی بکاتەوە بەڵکو چەندین کۆسپی دەخرێتە بەردەم ، سامانی ئاژەڵ و کێڵگە پەلەوەرییەکان و خانوە پلاستیکەکان سەریان لە ئیفلاسبونەوە دەردەچێت .
دەیەم: چەندین موکەسەراتی تر ھەیە کە ئەم ھەرێمە پێنج ملیۆنیە پێوەی بارگران و دوچار کراوە و دەناڵێنێت بەدەستیەوە.
بۆ ھەموو ئەمانەی سەرەوە پێویستبوونی ھەرێمی کوردستان بە ئۆپۆزیسیۆنێکی نوێ و جیاواز کارێکی لە پێشینەی گروپە رۆشنبیری و چینە خەمخۆرەکانی تری کۆمەڵە ، بەھەماھەنگی حزب و رێکخراو و دەستە نارازی و تەواوی ھاوڵاتیان و موچەخۆران و کاسبکاران ، کە بە فشاری جدی و راستەقینە بێنە مەیدان و حوکمڕانان ناچار بە خزمەتکردن بکەن و ئەرکی راستەقینەی خۆیان بگێڕن.