سەردێڕ:

ڕوسیا و تورکیا پەیوەندییەکان بەرەو کوێ؟

6/11/2019 9:45:48 PM
3806 جار خوێندراوەتەوە
هیوا خۆشناو
+ -

پێشەکیەکی کورت:
بۆ ئەوەی لە قەیرانەکانی ئەو دواییەی نێوان تورکیا و خۆرئاوا، بەتایبەتی ئەمریکا و ناتۆ لە لایەک و پەیوەندی نێوان ڕوسیا و تورکیا لە لایەکەی دیکەوە بگەین، پێویستە پێداچونەوەیەک بە مێژووی ئەو لایەنانە و ھۆکاری قەیران و ڕێککەوتنەکان، مەبەستە ستراتیژییەکان و ھێڵە سوورەکان بکەین. ئێستا لە میدیای جیھان بە گشتی و تورکیا و کوردستان بەتایبەتی بەتەنیا بۆچوونی ڕەشە یان سپیە بەدی دەکرێ، بەڵام ئایا با بزانین ئەو ھەڵپەز و دابەزینەی پەیوەندی و قەیرانەکان بە ڕەشو سپی تێپەڕیوون یان نا؟ ئایا تورکیا سورە لەسەر کڕینی سیستێمی بەرگری ئاسمانی ڕوسیا ناسراو بە ئێس ٤٠٠؟  ئەگەر ئەو یەکە لە ھاوینی ئەمساڵ ئەنجام درا، ئایا تورکیا لە ناتۆ دەردەکرێ یان دەردەچێ؟ ڕێگا جیاوازەکان چین و ھەڵوێستی لایەنەکان چۆن دەبن؟ لەو بابەتەدا ھەوڵ دەدەین وەڵامی ئەو پرسیارانە وەرگرینەوە.

پەیوەندی نێوان ئیمپڕاتۆری روسیا و عوسمانی

لە سەدەی ١٥ میندا و بەتایبەتی لە ساڵی ١٤٩٧ دا کاتێک بازرگانی لە ڕێگای دەریای ڕەشەوە دەستی پێکرد، پەیوەندی، شەڕ، ھاوپەیمانی و دۆستایەتی لە نێوان ھەردوو لایەندا ھاتنە ئاراوە. گەورەترین جەنگ لە نێوان عوسمانی و ڕوسیا ساڵانی نێوان ١٦٨٦- ١٧٠٠ بو کە ڕوسیا و بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا ھاوپەیمانی پیرۆزیان پێکھێنا و ھێرشیان کردە سەر کرم و ئازوف. دوای پەیمانی ئەستەنبوڵ لە ساڵی ١٧٠٠ لە نێوان ھەردولادا، ئازوف بە تەواوی کەوتە ژێر دەستی ڕوسیا. شەڕ و ئاشتیەکانی نێوان ئەو دو لایەنە بەردەوام لەسەر ھەژموونیان بو بەسەر دەریای ڕەش و تاکو لەوێوە دەستەڵاتی خۆیان بەسەر دەریای سپی ناوەڕاستدا بسەپێنن. عوسمانییەکان ھەستیان بەوەکردبوو کە ڕوسیا بەتەنیا مەبەستیەتی لە ڕێگای بەکارھێنانی دەریای ڕەش و گەرووی ئەستەنبوڵ، بۆ ئەوروپا بپەڕێتەوە، بەڵام نیگەران بوون لەوەی ڕوسیا لە ئەنجامدا دەوڵەتی عوسمانی ئابڵۆقە بدات.

لە سەرەتای ساڵی ١٨٠٠ دوو ھێز کێبڕکێی شۆڕشیان بوو ئەوانیش شۆڕشی فەرەنسا و شۆڕشی ئۆکتۆبەر یان بۆلشەوی بوون. ھەردووکیان مۆدێرنیتەیان بە ئامانج وەرگرتبوو و ھەردووکیان بۆ ڕوخاندنی شا و پادشاکان کاریان دەکرد. ئەو شاڵاوە ھزری و مۆدێلە نوێیە دەوڵەتی عوسمانی تەواو پەکخست. دوای ڕێککەوتنی ئینگلیز- ڕوسیا و فەرەنسا لە ساڵی ١٨٢٧ دەوڵەتی عوسمانی بچوککرایەوە و عوسمانیەکان وڵاتانی باڵکانیان لەدەست دا و یۆنانی ئێستا و چەند وڵاتێکی دیکەی باڵکان سەربەخۆ بوون. کاتێک مۆدێرنیتە لە ئەوروپا سەری ھەڵدا، دەوڵەتی عوسمانیش ھەستی بەوەکرد کە دەبێ مۆدێرن ببێ و بزووتنەوەی "تەنزیمات" سەری ھەڵدا و دوای چەند گۆڕانکاری و ریفۆرمێک لە پاشایی ڕەھاییەوە گۆڕا بۆ پاشای دەستوری.

ھاوپەیمانی نێوان سۆڤیەت و تورکیا

دوای شەڕی ڕزگاری تورکیا بەسەرکردایەتی کەمال پاشا، لینین بەھەمو شێوەیەک پشتگیری دەدا تورکیا و ھەردولا دروشمی دژە ئیمپریالیزمیان بەرز دەکردەوە. لە مارسی ساڵی ١٩٢١ تورکیا و سۆڤیەت بە فەرمی ھاوپەیمانی دۆستایەتیان مۆرکرد و ڕێککەوتن.

قۆناغی کۆماری تورکیا

دوای ئەوەی سنورەکانی تورکیا لەناو پەیمانی لۆزاندا جێیان نەکرایەوە، کێشەی زۆر لە نێوان تورکیا و وڵاتانی ھاوپەیمان لەسەر ١٢ دورگەو مەمەڕی ئاوی سەریان ھەڵدا. تورکیا بە ناچاری زیاتر چوە ژێر باڵی سۆڤیەت و بووە ھاوپەیمانی.

دوای جەنگی جیھانی دووەم کە تورکیا ھیچ کامێک لە بەرەکانی جەنگی ھەڵنەبژارد، ستالین داوای لە تورکیا دەکرد تاکو ڕێگای پێ بدات، لە مەمەڕە ئاویەکاندا ھێزی سەربازی سۆڤیەت جێگیر بکات. ئەوەش نیگەرانی لای تورکیا لێکەوتەوە و تورکیا لە ساڵی ١٩٥٢ چوە ناو پەیمانی ناتۆ بە مەبەستی خۆپاراستن لە دەستدرێژییەکانی سۆڤیەت و شەڕی سارد لە نێوانیاندا دەستی پێکرد. بەڵام دوای مردنی ستالین و لە ساڵانی ١٩٦٠کاندا، چەندین جار پەیمانی بازرگانی و ئابووری لە نێوان ھەردولادا ئیمزا کران.

دوای ڕوخانی سۆسیالیزمی بنیادنراو پەیوەندی نێوان مۆسکۆ و ئەنکەرە

دوای ساڵانی ١٩٩٠ تورکیا لەلایەک بە چەکی ناتۆ خۆی دەوڵەمەندتر دەکرد و لە لایەکی دیکەش پەیوەندیە بازرگانی و ئابووریەکانی لەگەڵ ڕوسیا پەرەپێدان. ئەو ڕەوشە بەردەوام بوو تا سەرھەڵدانی کێشەکانی سوریا کە ئێستا کلیلی باسەکەمانە.

شەڕی ناوخۆی سوریا

لە ساڵی ٢٠١١ دا کاتێک بەھاری عەرەبی لە دەستی گەنجە خوێندکارەکان دەرھێندراو لەلایەن ئیخوان و سەلەفیەکانەوە ڕێبەرایەتی کرا، ڕێرەوی خۆی گۆڕی ڕووی لە دیمەشقەی پایتەختی سوریا، دوژمنی ئیسرائیل و دۆستی ئێران و ڕوسیا کرد.

تورکیا، وڵاتانی کەنداو و خۆرئاوا ئەو ھەلەیان قۆستەوە بۆ ئەوەی دەوڵەتی ئەسەد بڕوخێنن. سعودیەو قەتەر بە پارە تورکیا بە چەک یارمەتی سەلەفی و ئیخوانەکانیان دەدا. لە ٢٤ی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٥ کاتێک فڕۆکەیەکی ڕوسی سوخۆ ٢٤ لە شاری لازقیە پێگەکانی جیھادیەکانی بۆردومان دەکرد، لەلایەن تورکیا خرایە خوارەوە و گرژیەکانی نێوان مۆسکۆ و ئەنکەرە گەیشتە ئاستێک تاکو ڕوسیا ئابڵۆقەی ئابووری خستە سەر تورکیا.

کودەتای سەربازی سەرنەکەوتووی ١٥ی تەموز

دوای ئەوەی لە ١٥ی تەموزی ساڵی ٢٠١٦ دا کودەتایەکی سەربازی دژ بە ڕژێمی ئەردۆغان ئەنجام درا، ڕوسیا ھەستی بەوەکرد کە وڵاتانی ناتۆ و خۆرئاوا لە ھەڵوێستەکانی ئەردۆغان نیگەرانن و ئەو ھەڵەی قۆستەوە و پشتگیری لە تورکیا کرد. ئەردۆغان کە نیگەران بوو لە کۆدەتایەکە، نامەیەکی بۆ پوتین نارد و داوای لێبوردنی لێکرد لەسەر ڕوداوی خستنەخوارەوەی فڕۆکە جەنگیەکە. لەوکاتەوە تا نوسینی ئەو بابەتە پەیوەندیەکی خۆش لەنێوان ڕوسیا و تورکیا لە ئارادایە و تورکیا بەفەرمی بەشێکە لە پەیمانی سێکوچکەی سۆچی. پەیمانی سۆچی ئەگەرچی بە کرداری کاری پێ ناکرێت و تا ئێستاش دەربارەی کێشەی ویلایەتی ئیدلیب ناکۆکی لەنێوان ڕوسیا و تورکیا زۆر قوڵن، بەڵام بابەتی کڕینی سیستێمی بەرگری ئاسمانی ڕوسیا ئیس ٤٠٠ لەلایەن تورکیاوە گرینگی زیاتری ھەیە لە ئیدلیب.

ئێس ٤٠٠ و ئێف ٣٥

کێشەی نوێی ئێستای تورکیا لەگەڵ ئەمریکا و ڕوسیا لەسەر ھەردوو چەکی پێشکەوتووی ئەمریکا و ڕوسیایە. تورکیای ئەردۆغان کە تموحێکی زۆری لە ناوچەکە ھەیە، لەگەڵ زۆربەی زۆری وڵاتان لە کێشەدایە جگە لە کێشە ناوخۆییەکانی. ئەردۆغان دەیەوێ وەک ئەندامێکی ناتۆ ببێتە خاوەنی پێشکەوتوترین فڕۆکەی جیھانی ناسراو بە ئێف ٣٥ و ھاوکات ببێتە خاوەنی پێشکەوتوترین موشەک دژی ھەمان فڕۆکەی ناتۆ و ئەمریکا واتە ئێس ٤٠٠ی ڕوسی. وادیارە دەیان وڵاتی دیکەی ئەندامی ناتۆ و ھاوپەیمانی خۆرئاوا ھەن، چەک لە ڕوسیا دەکڕن و بەبێ ئەوەی کاریگەری لەسەر ھاوپەیمانیەکانیان بکات، بەڵام ئەوەی تورکیا ئێستا داوای دەکات زۆر قوڕسە چونکە ناکرێ تۆ ببیە خاوەنی چەکی ئێف ٣٥ی ئەمریکی و ھاوپەیمانیش بیت لەگەڵ دوژمنی ھەمان چەک کە دژ بە ئەو سازکراوە. نھێنییەکانی ئەو چەکانە بەردەوام پارێزراون لە لایەن خاوەنەکانیان و ناکرێ لایەنێک نھێنیەکان بداتە دژەکانیان.

بەڵام ئەگەر بە ووردتر باسی بابەتەکە بکەین مەسەلەی ئێس ٤٠٠ لە چەکێک زیاتر، بابەتێکی جیۆسیاسیە بۆ ڕوسیا. ھەروەکو لە مێژوودا بینیمان کێشەکانی تورکیا و ڕوسیا، قەیسەر و عوسمانی بەردەوام لەسەر شکانەوەی دەستەڵات بووە بەسەر دەریای سپی ناوەڕاست. بۆ ئەوەی دەسەڵاتی ڕوسیا بگاتە ئەوروپا دەبێ پێگەی بەھێزتری ھەبێ لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست کە تا ئێستا بەتەنیا لە لازقیەی سوریا ئەو پێگەیەی ھەیە، بەڵام دەوروبەری بە وڵاتانی ھاوپەیمانی خۆرئاوا دەوردراون. ڕوسەکان لە ڕێگای ئەو جۆرە چەکەوە، ھەوڵ دەدەن ھەژموونی خۆیان لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست، دەریاری سپی و ڕەش بەھێزتر بکەن. بۆ ئەوە نەوەک بەتەنیا لەگەڵ تورکیا، بەڵکو ھەوڵ دەدەن لە گەڵ ئێران و وڵاتنی عەرەبیش لەسەر ئەویەکە ڕێککەون.

ھەرچی تورکیایە لە سەردەمێکدا دەژی کە کابوسی خەونی دەوڵەتی عوسمانی لێیداوە و دەیەوێ سود لە قەیرانی ناوچەکە وەرگرێ بۆ بەھێزکردنی ھەژموونی خۆی لە قەفقاسیاوە تا دەگاتە سۆماڵ. جگە لە ناڕەزایی وڵاتانی عەرەبی، ھاوکات لە ناوخۆشدا کێشەی کورد بۆتە بەڵایەک بەسەریەوە و ڕێگرە لەبەردەم ئەو ستراتیژە. کێشەکە لەوەدایە دەستەڵاتدارانی تورکیا و دەوڵەتی نەتەوەیی تورکی نایەوێ ئەو واقعەی کورد ببینێ. ئەگەر تورکیا لە سەرەتای سەرھەڵدانی بەھاری عەرەبیدا بیتوانیبا لەگەڵ کورد ڕێککەوێ ئێستا ڕۆڵێکی گرینگتری دەبوو لە کێشەکانی ئەوڕۆی ناوچەکە و سوریادا، وە پێویستی بە ھێزێکی وەک ڕوسیا نەدەبوو.

ئەنجام:

ھیچ مەرج نیە کڕینی سیستێمی بەرگری ئاسمانی ڕوسی ببێتە ھۆی دابڕانی یەکجارەکی تورکیا لە ئەمریکا و ناتۆ. تورکیا کە لە ڕوانگەی بەرژەوەندیەکانی دەوڵەتی نەتەوەییدا سیاسەت دەکات لە سەدەی ڕابردودا، بەتایبەتی لە پێش و دوای جەنگی جیھانی دووەمدا، چەندین تاقیکردنەوەی وای ئەنجامداوە. بەڵام ئەوە ڕاستیەکە تورکیا ئەگەر ھاوینی ئەمساڵ ھەنگاوی کرداری بنێ بۆ کڕینی ئێس ٤٠٠دەبێتە یەکەمین وڵاتی ناتۆ کە خاوەنی پێشکەوتوترین سیستێمی بەرگری ئاسمانیە دژ بە چەکەکانی ناتۆ. ئەوەش ڕوداوێکی ھەروا ئاسان نیە و بێ سزا تێناپەڕێ. لێرەدا کە باسی سزا دەکەین، دەکرێ ئەو سزایە کاتی و ڕێژەیی بێ نەک ڕەھا و بگاتە ئاستی جەنگ، ھەڵوەشاندنەوەی تورکیا و دەرکردنی لە ناتۆ.

ھەنگاوێکی لە ئابڵۆقەی ئابووری توندتر بەسەر تورکیا لە ئەگەری کڕینی ئێس ٤٠٠ ئەنکەرە ناچار دەکات، زیاتر بەلای ڕوسیادا بچێت و بەشێکی دەریای سپی ناوەڕاستی ڕادەست بکات کە بۆ خۆرئاوا زەنگی مردنە.