سەردێڕ:

قۆناغێکی سەخت و دژوار لە بەردەم دەنگەجیاوازەکانی کوردستان دەستپێدەکات

5/22/2019 5:14:05 PM
4467 جار خوێندراوەتەوە
هیوا خۆشناو
+ -

دوای ئابڵۆقەی ئابووری سەر ئێران و ھێرشەکانی دۆناڵد ترامپ بۆ دابەزاندنی بەھای لیرەی تورکی و ئەگەری تێکچوونی ھاوسەنگیەکان لە ناوچەکە، لایەنەکان بەدوای ھاوپەیمانی نوێ و پەیوەندی نوێدا دەگەڕێن.

تادێت ڕۆڵی تورکیا لە سوریا، لیبیا و سۆماڵ لاوازدەبێ. ئێستا تورکیا ھەوڵ ئەدات کارتەکانی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان کۆبکاتەوە. ئەوە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ دەستەڵاتدارانی ھەرێم کە بەتەنیا سێ شت: پۆست، بازرگانی نەوت و ڕێگای ئاسمانی و فڕۆکەخانە یان دەوێ.
لەگەڵ سەردانی دوایی وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاووشئۆغلو، بۆڵەبۆڵی نێوان یەکێتی، پارتی و گۆڕان بەدوایی ھات و حکومەتی دەستەڵاتی بارزانی چوارەم بە سەرکردایەتی پیاوە ئەمنیەکەی پارتی "مەسرور بارزانی" ئەنجامدرا.

واپێدەچێ تورکیا لە ھەندێک بواردا بەناچاری بچێتە بەر باری ئەمریکا و کڕینی نەوت و غاز لە ئێران ڕاگرێ. بۆ ئەوە نەوت و غازی ھەرێم پاروویەکی چەورە، بەڵام تورکیا نایھەوێ ئەو نەوتە تەواو لە ڕێگای یاساو بەغداوە بەدەست بخات، پێویستی بە نرخی ھەرزان و بازاڕی ڕەش دەبێ. لە ڕاستیدا کێشەکانی کەرکوکیش تاڕادەیەک پەیوەندیان بەو ھاوسەنگیەوە ھەیە.

بۆ ئەوەی ئەوانە ئەنجام بدرێت، پارلمانێکی گوێگر، ئۆپۆزیسیۆنێکی دەمداخراو و ڕاگەیاندنێکی کەڕ، ڵال و کوێر پێویستە. ئاماژەکان نیشانمان دەدەن کە دەستەڵاتی بارزانی چوارەم، باشتر نابێ لە بارزانیەکانی دیکەی پێشخۆی و چاوەڕێی ملکەچکردنی زیاترە لە ھاوپەیمانەکانی، ئۆپۆزیسیۆن و ڕاگەیاندن.

ھێنانی گۆڕان بۆناو حکومەت و بەرزکردنەوەی ع. حەمەساڵح "حاسیبە دارایی و پسپۆرەکەی نەوتی گۆڕان" بۆ ئاستی سەرۆکی فراکرسیۆن، پەیوەندی بە سیاسەتی نەوتی ھەرێم و تورکیاوەیە. گۆڕان لەلایەک ئارەزووی ھەیە بۆ بەدەستخستنی پشک لە داھاتی نەوت، لەلایەکیش نیگەرانە کە دەنگدەرە توڕەکانی لە ئاییندەدا بچنە ناو ڕێکخراوی دیکە بەتایبەتی لە گەرمیان و سلێمانی.

کارەکانیان باش دابەشکردوون کە بریتین: ڕۆڵی شەڕی ڕاگەیاندن بۆ گۆڕان، ڕۆڵی چەکوچوەشاندن بۆ یەکێتی و پارتیش لە ھەولێر سەرپەرشتیان دەکات.

بەو پێیەی تەڤگەری ئازادی نزیک لە پارتی کرێکارانە، دوژمنی تورکیایە و خاوەن پاشخانێکی فکری و ستراتیژیە ئەگەر بتوانێ بەکاری بێنێ، دەبێتە یەکێک لە ئامانجەکانی دەستەڵات و بەرشاڵاو دەکەوێ.

جولانەوەی نەوەی نوێ، بەھۆی پێگەی لە پارلمانی عێراق و کوردستان، دەوڵەمەندی لە ڕاگەیاندن و ئابووریەکەیدا، توانیویەتی سەدان گەنجی جیاواز کە ھیچ ئارەزوویەکیان بۆ حیکایەتەکانی کوردایەتی نیە و داوای ژیانێکی باشتر و جوانتر دەکەن، لە خۆی کۆبکاتەوە. بەشدارینەکردنی ئەو جولانەوەیە لە حکومەتی ھەرێم ڕووبەڕووی سزای دەکاتەوە. کێشەکانی ناوخۆی ڕێکخراوەکە و کەموکورتیەکانی وەک کێشمەکێشی دەستەڵات ئامرازێکی باشە بەدەست دەستەڵات بۆ ئەوەی یان پاکتاو یان تەسلیمی بکات.

دەستگیرکردنی نایاسایی و گۆشەگیرکردنی ئەندامانی جولانەوەی نەوەی نوێ لە سلێمانی و تەڤگەر لە ھەولێر، لە نزیکەوە پەیوەندی بەو گۆڕانکارییانەوە ھەیە.

قۆناغێکی نوێی گوشار دەستپێدەکات، بەڵام نە توێژی خوێندکار و ڕووناکبیر، نە حزبە سیاسیەکان ئاگاداری نین و گەلێک جاریش بەبێ ئاگایی یارمەتی ئەو قۆناغەی گوشار دەدەن. کێشەکانمان لەگەڵ یەکتری چین و چۆنن، یان بەرژەوەندیەکان و بیرکردنەوەمان لەگەڵ کێ دەنگونجێ یان ناگونجێ گرینگ نیە، ئەوەی گرینگە یەک بە یەک نۆرەی ھەموو دەنگە جیاوازەکان دێ. لەوبوارەیەوە پێشخستن و ئافراندنی شێوازێکی بەرگری و ڕێکخراوی دیموکراتیانەی لایەنگری دەنگ و ڕەنگی ئازاد گرینگە.

گرینگە کە حزبیەکان لەوە گەیشتبن حزب لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست نەخۆشە و ناتوانێ بەو ھەموو کێشەو کوتلەکارییە وەڵامی ئەو قۆناغە بداتەوە. دەبێ حزب بگۆڕدرێ بۆ ڕێکخراوێکی فرەئەلیت کە بەتەنیا خۆی لە سەرۆک و مەکتەب سیاسیەکان نەبینێتەوە. لایەنێکی گرنگتر کۆتاییھێنانە بە سیاسەتی پۆپۆلیستیانە و گرینگیدان بە دونیابینی و فکری ڕوون و ئاشکرا کە لەگەڵ حەقیقەتی ناوچەکەدا بگونجێ. حزبی پۆپۆلیست، کلاسیک و دەنگدەر ناتوانێ بەرگری کۆمەڵایەتی دژ بە دەستەڵات بئافرێنێ.