سەردێڕ:

کەیسی شاسوار عەبدولواحید و وەفای ھاوڕێکانی!

5/18/2019 9:36:33 PM
6236 جار خوێندراوەتەوە
فاتیح سەنگاوی
+ -

ھەموو کەسێکی مرۆڤ دۆست و ئازادیخواز و بەویژدان و مسوڵمان پێویستە پشتگیری لەماف و ئازادییە ڕەواکانی مرۆڤ بکات، خوازیار بێت رێوشوێنەکان بەپێی یاسا و پرنسیپەکانی مافی مرۆڤ بن، یاسا سەروەربێت و نەکرێتە کوتەکی دەستی زۆردار و خاوەن پێگەکان و لە رێکارە یاساییەکان دەرنەچن، ھەموو ئەم شتانەش پێویستە لەبەرامبەر شاسوار عەبدولواحیددا رەچاوبکرێت و بەھەند وەربگیرێت و رەوا نییە کەیسەکەی بەئاقارێکیتردا ببرێت، لێرەدا من مەبەستم شەخس نییە، بەڵکو مافە! رەوتی سیاسی و دیدی کاک شاسوار بۆ گۆڕانکاری چییە و چۆنە ئەوەیان جێگەی باس نییە لێرەدا.

بەڵام ئەوەی جێی تێڕامان و سەرنجدانە ئەو بێ ئەمەکییەیە (ئەگەر ئەم دەربڕینە درووستبێت وبەڕێزان زویر نەکات) کە ھاوڕێکانی شاسوار عەبدولواحید ھەیانە، بەتایبەت بەشێک لە پەرلەمانتارەکان! ئاخر ئەوان ئەویان ناسیوە وەک ئەوەی ھەیە، نەک ھەر ئەوەندە بگرە بەشێکیان زیاد لە پێویست پێیاندا ھەڵدەدا و ستایشیان دەکرد! تا ئەو کاتەی بوونە پەرلەمانتار! دواتر بەھۆی ھەندێک ناکۆکی و ھەڵەی سەرکردەکەیان بەچەند رۆژێک تەواوی ئەو پێکەوەبوون و دۆستایەتییەیان کۆتایی پێھات، بوو بەتۆزی بەربا! ئەوە روویدا کە بینیمان! باشە وەفا و ھاوڵاتی بوون و مافی مرۆڤ و یاسا سەروەری ئەوە ناخوازێت ئەو بەڕێزانە داکۆکییەک لە سەرۆکی جوڵانەوەکەیان بکەن و بەوشێوە نەشیاوە پشتی تێ نەکەن! من باسی تاوانباری و بێ تاوانی ناکەم، باسی پارێزەرییەکی دروست دەکەم کە پێویستە ھەموو مرۆڤێک بەمافی ببینێت بەتایبەت لەنێوان ئەوکەسانەی جۆرێک لەمافیان بەسەر یەکەوە ھەیە، دروستتر بۆ ئەو کەسانەی ئەگەر سەرۆکەکەیان نەبووایە پەرلەمانتارییان رەنگە بەخەونیش نەبینیایە!

لەلایەکیترەوە پرسیارێکی گەورە لەسەر جوڵانەوەکەش دروستدەبێت کە کوا ئەو ھەزاران گەنجەی کە خۆیان بە نەوەی نوێ ھەژمار دەکرد و بگرە بەشێکیشیان کاتی خۆی بەشداربوون لە بارەگاسووتاندنی حیزبەکاندا!

ئێستا ئەوانە لەکوێن بۆ ناتوانن گردبوونەوەیەکی ئاشتیخوازانە ساز بدەن ئەگەر پێیانوایە بەشێوەیەکی یاسایی مامەڵە لەگەڵ کەیسی نەوەی نوێ و سەرۆکی جوڵانەوەکەدا ناکرێت! ئەمەش بۆخۆی ھەڵگری پرسیاری گەورەی.

ھەموو ئەمانەش دەیڵێم بۆ ئەوە نییە رێ و شوێنی یاسایی نەگیرێتەبەر، بەڵکو بۆ ئەوەیە یاساسەروەر بێت نەک شتێکیتر، بەڵام لەلایەکەوە ھەست بە بێ وەفایی ھاوڕێکانی شاسوار عەبدولواحێد و بێ دەسەڵاتی ئەندامان و ھەوادارانی دەکەم کە ھەموو ئەمانە جێگەی پرسیاری زۆرن. ئەمە ئەگەر من ھەڵە نەبم!  رێزم بۆ ھەموو لایەک .