سەردێڕ:

کابرا گیرا و قیرتاوکردنیش وەستا!

5/20/2019 2:16:36 PM
14375 جار خوێندراوەتەوە
هیوا سەلام
+ -

ئەو کاتەی بە ڕۆژی ھەینی شاسوار پردەکەی سماقوڵی بە پارێزگاری ھەولێر چاککرد، کۆمەڵێک برادەری گۆڕان دەیانگوت کابرا موزایەدە دەکات و حکومەت خۆی بڕیاری دابو چاکی بکات! بیرمە ئەو کات پرسیارم لە برادەرێک کرد ئایا ئەوان ئەوەندە قەناعەتییان بە وەعدەکانی حکومەت ھەیە؟! پرسیارەکە بێ وەڵام مایەوە...

درێژەی نەدەینێ، ڕێگاوبانی نێوان ھەولێر- کۆیە، کۆیە- سلێمانی لە خراپترین ڕێگاوبانەکانی سەر ئاستی کوردستانن بە بێ منافەسە.

تەنانەت ڕێگای دەشتی کۆیە تاڕادەیەکی زۆر ھاتوچۆتێیدا وەستاوە و کۆتایی پێھاتووە. نزیکەی دو مانگ پێش ئەمڕۆ، شاسوار گوتی من دەست بە قیرتاو دەکەم، ئیتر ھەر بە زویی جێگری سەرۆک وەزیران، ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە، پارێزگاری ھەولێر، قایمقامییەتی کۆیە،  قایمقامییەتی دوکان، نوسراوی پارەکەیان بڵاوکردەوە.

بە گوێرەی نوسراوەکەی ئەوان ئەم ڕێگایە پارەی بۆ دەرچوبوو، ئەوان چاوەڕێی وەستانی بارانیان دەکرد تا چاکی بکەنەوە!

بەڵام گەرما ھات و قیرەکەی حکومەت نەھات! بەھیممەتی ڕێکخراوی زاوایانی کوردستان موبەڕیدەی ماڵە خەزورانیش ھەمویان دانران، کەچی نە پارە دەرکەوت و نە جادەکان چاککران.

تۆ بڵێی گرتنی شاسوار ھەمان تەکنیکی لابردنی تابلۆکەی شەقامی سەرۆک کۆمار نەبێت؟! کاتێک نوسیمان شەقامی مام جەلال لە کۆیە بەس قیری پێوە نەماوە و چاڵی مەتر و دوو مەتری تێدایە، خێرا چارەسەریان کرد! چۆن چارەسەرێک! دەسەڵاتداران چون تابلۆکانی (شەقامی مام جەلال)یان لەسەر شەقامەکە داگرت، ئیتر مادام شەقام بە ناوی (مام جەلال)ەوە نەبێ، خوای دەکرد وێران دەبو! ئێستاش مادام شاسوار ناڵێ ھاتم بۆ پرد و جادە چاککردنەوە، خوای دەکرد کوردستان کاول دەبوو...