سەردێڕ:

نێچیرڤان بارزانی سەرکەوتوو بووە؟

6/7/2019 4:03:48 PM
6527 جار خوێندراوەتەوە
محەمەد عەلى
+ -

لەسەروبەندی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ھەرێمدا، گروپێکی تێکەڵ لەکوتلەی حزب و وەزیری موستەفید و میدیای (یەکەمی بێڕکابەر)، خەریکی تەرویجدانن بەو بیرۆکەیە کە گوایە نێچیرڤان بارزانی لە ڕابردوودا، سەرۆک وەزیرانێکی سەرکەوتوو بووە و دەتوانێت لەپۆستی داھاتووشیدا، پۆستی سەرۆکی ھەرێم، سەرکەوتوبێت. بەڵام: 

یەکەم: ئەگەر قسەکە لەسەر سەرکەوتن بێت، دەکرێت بڵێین نێچیرڤان بارزانی لە ڕواڵەتدا سەرکەوتوو بووە، توانییویەتی خۆی وەک کەسێکی سەردەمییانە نمایش بکات، کە شانبەشانی شیکپۆشی و ڕەفاھیەت و خۆشگوزەرانیەکانی سیاسییە میدیاییەکانی دونیای ھاوچەرخ ھەنگاودەنێت. بەشێوەیەک ئەم پیاوە زیاتر وەک نمایشکارێکی جوانپۆش دەربکەوێت تا ئەوەی سەرۆکی میلەتێکی چەوساوە و سەرۆکی وڵاتێکی نەوتی کە توانیبێتی لانیکەم لە چلەی زستاندا تەنەکەیەک نەوت بۆ ئەو خەڵکەی حوکمیان دەکات دابین بکات. 

لەبوارێکی ترشیدا دەکرێت بە دەستکەوت و سەرکەوتن بۆی حسابکرێت: بواری دەستبڵاوی و ھەڵڕشتنی پارەیەکی بێشومار بۆ زۆرێک لە وەزیر و بەرپرسەکانی کابینە یەک لەدوای یەکەکانی، تا ئاستی چاو بەرەوژێر پێکردنیان و کڕین و گۆرینی ئینتمای سیاسیان، ئەمەش لەبەرژوەندی خۆی و حزبەکەی. ھاوکات لەوەشدا سەرکەوتوبووە کە میدیایەکی موسریف و زەبەلاح بۆ ئارایشت و جوانکردنی خۆی دابمەزرێنێت بەپارەی سەرەونوگمکراوی خەڵک، بەشێوەیەک ئەم میدیایە ڕەشی بۆ بکات بەسپی و سپی بۆ بکات ڕەش. بە کورتی ناوبراو وەک پیاوێکی جوان پۆش و موسریف و وەک کەسێک ھەندێک لە وەزیری حزبەکانی تر بکڕێت، کەسێکی سەرکەوتوو بووە. 

دووەم: خۆ ئەگەر قسە لە دەوڵەتداریی بێت، ئەوا شکست و سەرکەوتن پێوەری خۆی ھەیە. ھەموو کارێکیش بە ئەنجامەکەیدا ھەڵسەگاندنی بۆ دەکرێت. دوای نزیکەی بیست ساڵ نێچیرڤان بارزانی حکومەتێکی قەرزار و قاسەیەکی بەتاڵ و ئابورییەکی داتەپیو و ناڕوونیەکی گەورە لە داھاتی گشتی جێدەھێڵێت. چەند ساڵێکە حکومەتی ھەرێم بودجەی گشتی نیە و ئەگەر بەغداد نەبێت توانای دابینکردنی نیو مووچەشی نیە بۆ فەرمانبەرەکانی. ھیچ دەزگایەکی چاودێریش نییە لە داھات و خەرجی بپرسێتەوە. حکومەتێک خاوەنی ھیچ پڕۆژەیەکی ستراتیجی و تەنانەت خزمەتگوزرای گشتی ئەوتۆش نیە. بەو شێوەیەش باس لە کەوتنەژێر قەرزێک دەکرێت کە بەبیست ملیارد دۆلار دەخەمڵێنرێت. ئەمە لەکاتێکدا ڕۆژانە دەیان ھەزار بەرمیل نەوت ڕەوانەی بازاڕەکانی جیھان دەکات، تائێستاش نەمانزانی ئەم (دەوڵەتمەدارە) چەند ساڵە لەگەڵ ئاشتی ھەورامی نەوت دەکڕێت یان دەیفرۆشێت؟!

سێیەم: سیاسەتی ئابوریی سەربەخۆ دەکرێت وەک کارەساتاویترین پڕۆژەی نێچیرڤان بارزانی و حوکمڕانییەکەی تەماشابکرێت کە تا دەیان ساڵی تریش خەڵکی کوردستان لە ژێر بار و لێکەوتە خراپەکانی دەرناچن. بەھەموو پێوەرێک ئەم شکستە چارەکە سەدەیەک خەڵکی گەڕاندەوە دواە. ئەگەر کوردستان نەبووایە، ئەوا نێچیرڤان و حکومەتەکەی نەک ھەر لەکار دەخران، بەڵکو وەک بەڵایەکی نیشتمانییش دەخرانە ناو قەفەزی دادگاوە.

چوارەم: گەندەڵی، بەھەدەردانی ماڵی گشتی، بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان، ململانێی بەردەوامی ھەرێم و بەغداد لەسەر نەوت و سەرەنجامیش سزادانی خەڵکی کوردستان، بڕیاری چارەکە موچە و مامەڵەکردنێکی نامەدەنیانە لەگەڵ خۆپیشاندەران و مامۆستایان لە ھەرە سیما دیارەکانی حوکمڕانی نێچیرڤان بارزانییە. وێڕای ئەوە بەھایەکی بۆ پەرلەمان و دەسەڵاتی چاودێریکردن و داداگاکان و داواکاری گشتی نەھێشتەوە. نەک خۆی، بەڵکو ڕێگەی نەدا وەزیرەکانیشی بۆ لێپێچینەوە بچنە پەرلەمان، بەوەش گلۆپی سەوزی بۆ ھەڵکردن بۆ برەودان بەگەندەڵی و سەرپێچیکردنی یاسا. 

پێنجەم: یەکێک لەگەورەترین ئابڕوبەرییەکانی سەردەمی حوکمڕانی نێچیرڤان بارزانی، ڕازیبوونی بوو بەدەرکردنی وەزیرەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لە کابینەی ھەشتەم و بەئاشکرا بوو بە بەشێک لە پرۆسەی بێڕێزیکردن بەرامبەر بەدامەزراوەی پەرلەمان و سەروەری یاسا لە کوردستان. وێڕای کشانەوەی وەزیرەکانی کۆمەڵ و یەکگرتووش لە حکومەت، لەکۆی پێنچ ھێزی سیاسیی تەنھا پارتی و یەکێتی مانەوە. بەڵام بۆ درێژەدان بە حکومەتە فاشیلەکەی، زۆرینەی وەزارەتەکانی بەوەکالەت بەڕێوەبرد. 

شەشەم: ڕوون و ئاشکرایە پەیوەندی خوێن و خێزان و بنەماڵە (تەوریسی سیاسی)، ڕۆڵی سەرەکیان ھەبووە لە ھاتنەپێشەوەی نێچیرڤان بارزانی و سەرجەم دەرگاکانی بەڕوودا کراوەتەوە. توانیویەتی لەو ڕێیەوە دەستبەسەر سەرچاوەکانی داھاتدا بگرێت و زۆرێک لەکایەکانی تریشی بۆ مسۆگەر کردووە. وێڕای ئەم دەستکراوەییە و ئەو ماوە زۆرەی لەبەردەمیدا بوو، ناوبراو کە جێگری سەرۆکی پارتیش بووە، بەڵام شکستی خوارد بە ھەموو پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی حکومڕانیی باش (شەفافیەت، سەروەری یاسا، کۆنترۆڵکردنی گەندەڵی، لێپرسینەوە، عەدالەت و حکومەتی ھاوڵاتیی، حکومەتی وەڵامدەرەوە، بەشداری پێکردن، لێوەشایی لە بڕیارو کرداردا.)

حەوتەم: لە ھەمووی کارەساتتر، لەبری خەڵک و چین و توێژە جیاوازەکان ھەڵسەنگاندن بۆ سەردەمی حوکمڕانی نێچیرڤان بارزانی بکەن، بەوپێەی ھەموو ھەنگاو و بڕیارەکانی نێچیرڤان بارزانی لە ژیان و گوزەرانی ئەواندا ڕەنگیداوەتەوە، کەچی کۆمەڵێک وەزیری موستەفید ئەو ئەرکەیان داوە بە سەرشانی خۆیاندا و کەوتوونەتە شایەتیدانی ناھەقی. ئەمە جگە لە کەناڵە (یەکەمە بێ ڕکابەرەکەی ) خۆیشی.

ھەشتەم: مەولود باوەموراد و ڕێباز حەملان دەڵێن، نێچیرڤان بارزانی لە حکومەتدا دەوڵەتداریی دەکات نەک حزبایەتی. زەحمەت نەبێت دەرکردنی چوار وەزیر و سەرۆکی دەستەیەک و چەندین ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری گشتیی لەسەر دەستی نێچیرڤان بارزانی، دەوڵەتداریی بوو یان حزبایەتی؟

نۆیەم: ئەم سەرۆکە نوێیە لە ماوەی تەمەنی حوکمڕانیی دوورودرێژی خۆیدا جگە لە شکست و جێبەجێنەکردنی پەیمانەکانی شتێکی تری لە کەلتوری سیاسیی ھەرێمی کوردستاندا بەجێنەھێشتووە. باڵاترین نموونەش ئەو پەیمانە بوو کە لە دەورەی پێشووی ھەڵبژاردندا بە خەڵکی دا، کە گوایە کۆمپانیایەک دروستدەکات و ھەموو ھاوڵاتیانی ھەرێم لەو کۆمپانیایەدا پشکیان لە فرۆشی نەوتی ھەرێمدا دەبێت. دەرئەنجامی ئەم مژدە و پەیمانە ناڕاستانەش لەمڕۆدا بەڕوونی دیارە، چونکە ھاوڵاتییانی ھەرێم بە چەشنێک بێڕێزکراون وەک منەتکردن بەسەریاندا، چاوەڕوانی مووچەکانی خۆیانن. 

دەیەم: دەشێت چەند ڕۆژێکی تر لە مەراسیمێکی شاھانە و گرانبەھادا، کەسایەتییە سیاسیی و دیپلۆماسییەکانی دونیا داوەتدەکرێن و تاجی سەرۆکایەتی بخرێتە سەرت، بەڵام ئەوەت بیرنەچێت بە دەنگی چەند ھێزی سیاسیی کرایت بە سەرۆکی ھەرێم؟ جەنابتان لە ڕۆژی ٢٨/٥/٢٠١٩، بەدەنگی ٦٨ ئەندام پەرلەمان بویت بەسەرۆکی ھەرێم، ئەرێ بەڕاست کاردانەوەی ڕای گشتی کوردستان (جگە لەکادیرەکانی حزبەکەت، ئەوانیش ھەموویان نا!)، ئیجابی بو؟! یاخود ھەستت کرد ھاوڵاتیان بەگشتی دڵخۆشن؟ بەلایەنی کەمەوە دەبێت دڵخۆشییەکە لە دەنگدەرانی ئەو ٦٨ ئەندام پەرلەمانەدا ڕەنگبداتەوە!