سەردێڕ:

ھێرش بۆ سەر مافی حزبایەتیی شاسوار عەبدولواحید ڕاگرن!

5/14/2019 1:55:41 PM
6466 جار خوێندراوەتەوە
سیروان عەبدول
+ -

چەند سەرنجێک لەسەر کەیسی نەوەی نوێ

بەشی یەکەم

(١):

ئەوەی کە لە کاتی سەرئاوکەوتنی کێشەی نێوان پەرلەمانتاران و سەرۆکی نەوەی نوێدا، ھەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی ژیانی شەخسیی وەک چەکێک بۆ پاشەکشەکردن بە پەرلەمانتاران بەکارھاتووە، ئەوە یاساشکێنییەکە کە دەبێت لەڕێگەی مولاحەقەی یاساییەوە کار بۆ سزادانی بکەرانی بکرێت بەو بڕە سزایەی کە یاسای سزادان بۆ ئەو جۆرە کردارەی داناوە.

(٢):

مولاحەقەی یاسایی بۆ ھەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی «ئینتیمەیت»، کارێکی گرنگە، بەتایبەت لە ئێستای گەشەی تەکنۆلۆجییدا کە سەدان کچ لە کچانی کوردستان و چەندین کچی ناسراوی ناو ناوەندی گشتیی و زۆرێک لە سیاسەتکاران ڕووبەڕووی ئەو جۆرە ھەڕەشەیە دەبنەوە، چونکە ئەو ھەڕەشەیە ھەم ڕێگرە لەبەردەم ژیانکردنی ئازادانەی کچاندا و، ھەمیش لەبەردەم سیاسەتکردن و بەشداریی کچان لە ژیانی کۆمەڵگەدا و، ھەمیش کەلتورێکی دیبەیت و مونافەسەی ناساغڵەم و زەرەرمەند بۆ دیموکراتییەتی لێ دەکەوێتەوە.

(٣):

ئەو بەناو مولاحەقە یاساییەی کە داواکاری گشتیی و دادگای لێکۆڵینەوە و دەزگای ئاسایش بۆ ئەو کەیسەی دەکەن، بە ئەندازەیەک پرۆسەیەکی نائوسوڵیی و گەندەڵانەیە کە خەتەرناکە خەڵک و ناوەندی سیاسیی و ڕۆشنبیریی و میدیایی وەک کاری ئوسوڵیی و ڕەوای دەزگای داواکاری گشتیی و دادگای لێکۆڵینەوە و دەزگای ئاسایش ڕەسمییەتی پێ بدەن.

ئەوەی کە ئەو دەزگایانە «ئیستینقائیی» کار دەکەن و باز بەسەر ھەزاران کەیسی لەو جۆرە ھەڕەشەی ناوزڕاندنە لە کوردستاندا دەدەن و، دێن شکاتی ئەندامێکی نەوەی نوێ بەو ھەموو جیدییەتە زۆرەوە وەردەگرن و ھەموو ئیمکاناتی تەکنیکیی لێکۆڵینەوەی بۆ مۆبیلیزە دەکەن، یان ئەو مافەی مرۆڤ پشتگوێدەخەن کە تۆمەتبار مافی ھەیە پارێزەرێکی ھەبێت و لە کاتی ئیفادەدا لەگەڵیدا بێت، نیشاندەری ئەوەیە کە کۆنتاکت و تەنسیق ھەیە لەنێوان ئەو دەزگایانە و دەسەڵاتی سیاسییدا، وە مولاحەقە یاساییەکە، چی لەڕێگەی گوشارەوە بێت یان لەڕێگەی ڕەفاقەت و کڵایەنتەلیزمەوە، لەلایەن دەسەڵاتدارانی سیاسییەوە ئۆردەر کراوە و داوای ئەولەوییەتی بۆ کراوە. کارێکی وا زۆر دەڵێت لەسەر ئەوەی کە ئەو دەزگایانە و فیگەرەکانی ناویان چی ئێتیکێکی پیشەیی لاواز و چی مۆڕاڵێکی شەخسیی خراپ و چی ئینتیگریتییەکی شلیان لەبەردەم دەسەڵاتدارانی سیاسییدا ھەیە. ئەولەوییەتدان بە کەیسێک و پشتگوێخستنی چەندینی تر، پێشێلکردنی پرەنسیپی ھاوڵاتیی یەکسانە لەلایەن کەسانێکەوە کە بڕیارە ئەرکی پاراستنی ئەو پرەنسیپەیان لە ھەر پێشێلکردنێک لە ئەستۆ بێت. بۆیە قایلبوون بەوەی کە متمانە و ڕەسمییەت بدەیتە ئەو جۆرە بەناو مولاحەقە یاساییەی کە دەزگای ئاسایش لەم کەیسەدا دەیگرێتە بەر، پاڵپشتییەکی کوشندەیە بۆ پشتگوێخستنی حوکمی یاسا و بنکۆڵکردنی دەسەڵاتی دادوەریی لە ھەرێمی کوردستاندا.

(٤):

دەزگای ئاسایش لەڕووی یاساییەوە مافی ئەوەی نییە ئەو جۆرە لە ڤیدیۆ بڵاوبکاتەوە کە لە کوردستاندا دەسەڵاتداران ماوەیەکە دەستی بۆ دەبەن و ناوی «ڤیدیۆی دانپیانان»ی لێ دەنێن. بۆیە ئەگەر کەسانێک ھەبن لەم نێوەندەدا کە یاساشکێنیی خەتەرناکیان ئەنجامدابێت و شایان بە سزای یاسایی بن، ئەوا بەر لەو یانزە تۆمەتبارەی نەوەی نوێ کە دەستگیر کراون، ئەو بەرپرسانەی ئاسایش و پیاوە حزبییەکانی پشتیانن کە شایان بە سزادانن. ئەوەی کە ئاسایش پلاکاتێکی گەورەی سەر دیواری بۆ پۆستەکانی فەیسبوک دروست کردووە و، یەک بە یەک بە لایتی لیزەر فەرمان بە تۆمەتبارەکان دەکات باسی کامیان بکەن، ئەوە پیشانی دەدات کە ئاسایش لەڕێگەی زەلیلکردنی دەستگیرکراوەکانەوە، زیاتر کاری بۆ دروستکردنی سکانداڵ کردووە تا لێکۆڵینەوەی بێلایەنانە.

(٥):

لە کاتێکدا ئاسایش مافی نییە ڤیدیۆ دروستبکات و بڵاویبکاتەوە، لەبەرامبەردا فەرزە لەسەری لە قۆناغێکی لێکۆڵینەوەدا کە ئیتر خەتەری لەناوچوونی بەڵگە نامێنێت و بە بڵاوبوونەوەی داتاکان ئەمنییەتی کۆمەڵگا و تەندروستیی لە خەتەردا نابن، زانیارییەکانی ناو پەروەندەکە، لەوانە دەنگی تۆمارکراوی ئیفادەوەرگرتنی فیعلیی کە ئەگەر ھەبێت لە دادگا وەک بەڵگە بەکار دێت، بۆ ڕای گشتیی و میدیاکان بەردەست بکات. ئەمە یەکێکە لە تەبەعاتەکانی یاسای مافی بەدەستھێنانی زانیاریی. بۆیە دروست نییە بوترێت یاسا ڕێگە نادات ئیفادەی تۆمەتباران و زانیارییەکانی ناو پەروەردەکانیان بگاتە دەست خەڵک. ئەو شەفافییەتەیە زەمانەتی ئەوە دەکات خەڵک ببێت بە ڕەقیب بەسەر دادگاوە و نەھێڵێت ببێتە دەزگایەکی نادادپەروەر و چەکی دەستی دەسەڵاتی سیاسیی.

(٦):

ھەر دەزگایەکی ڕاگەیاندن کە ئێتیکی ڕۆژنامەوانیی و ئەرکی میدیا تێگەیشتبێت و ھەست بە کەمترین بەرپرسیارێتیی بکات لەئاست دادپەروەریی بۆ ھاوڵاتییان و پارێزراویی کەرامەتی خەڵک و ئیحتیمالی ھەبوونی ئەشکەنجەدان لە کاتی لێکۆڵینەوەدا و ھەبوونی پڕوپاگەندەی سیاسیی لە فۆرمی دۆکیۆمێنتی حقوقییدا، ناتوانێت ئەو فیلمی پروپاگەندە مۆنتاژکراو و ئیخراجکراوانە وەک ھەواڵی تازە بۆ دەزگای ئاسایش بڵاوبکاتەوە. ئەوەی ئاسایش دەیکات زانیاریی نییە تا میدیا ئەرکی بێت بڵاویبکاتەوە، ھەوڵی شاردنەوەی زانیارییە. ئەوە دۆکیومێنتێکە کە ئاشکرا دیارە دەستکاریی کراوە و جێگەی ھیچ متمانەیەک نییە. میدیاکان ئەرکیانە ڕەخنەییانە سەیری سەرچاوەی ھەواڵ بکەن و ھەموو شتێک بڵاونەکەنەوە یان لەگەڵ بڵاوکردنەوەیدا بە ھەموو گومانەکانی خۆیان و خەڵک کارکردی نێگەتیڤانەی ڤیدیۆکە لەسەر حەقیقەت باڵانس بدەنەوە. میدیاکان لەم کەیسە و چەندین کەیسی تردا وەک ئەحمەقێکی بەسوود دەزگای ئاسایش بەکاریان دەھێنێت بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاریی جێگەی گومانی ڕەوا. ئەو ڤیدیۆیەی ئاسایش ھەوڵی مانیپۆلکردنی ڕای گشتییە بۆ قایلبوون بە ئەنجامگیریی لێکۆڵینەوەیەکی جینائیی کە تەواو نائوسوڵیی و گەندەڵ و تەجاوزکارانەیە. نمونەیەکی ئەم تەجاوزەی دەزگای ئاسایش لە مێژوودا، ئەو ڤیدیۆی دانپیانانە بوو کە پیاوە بچووکەکانی ناو لیژنەکانی مەسعود بارزانیی لە کەیسی سەردەشت عوسماندا ئیخراجیان کرد و دایانە دەرەوە، کە بێگومان بۆ دەیان ساڵی داھاتووی ناو مێژووی کوردستان، وەک سکانداڵێکی بارزانیی ھەر دەمێنێتەوە.

(٧):

ئەو خراپبەکارھێنانەی دەسەڵاتدارێتییە لەلایەن ئاسایشەوە لە بارودۆخی ئاسایی حوکمی یاسادا بکەرانی شایەن بە سزای زۆر توند دەکات. ئەمە جگە لەوەی کە جێگەی نکۆڵیی نییە کە دەزگاکانی ئاسایشی ینک و پدک دوو دەزگای سەرکوتگەرن کە تیایاندا بە مەدایەکی بەرفراوان تاوانی ئەشکەنجەدان، ھەڕەشەی ئیغتیساب، سوکایەتیپێکردن و ترساندنی تۆمەتبار لە کاتی لێکۆڵینەوەدا ئەنجامدەدرێت. ناڕەوا نییە کەسێک گومانی ئەوە بکات کە ھەموو ئەو زیادەڕۆییانە پێشتر بەرامبەر ئەو تۆماتبارانە کرابێت کە لەو ڤیدیۆیەدا پیشان دەدرێن. بڵاوکردنەوەی دانپیانانی مۆنتاژکراو، تەجاوز و تاوانی ناوزڕاندێکی ترە لەلایەن بەرپرسانی ئاسایشەوە کە لە گەورەییدا بەراورد ناکرێت بەو یاساشکێنییەی ئەو تۆمەتبارانەی لەسەر گیراوە. ناچارکردنی تۆمەتبار بە قسەکردن لەبەردەم کامێرادا تەجاوزکردنە سەر کەرامەت و ئینتیگریتیی زیندانکراوە کە دەستوری عێراقیی لە ماددەی (٣٧) بڕگەی یەکەمدا قەدەغە و سزاداری کردووە ئەگەر ھەر دەزگایەکی یان کەرمەندێکی دەسەڵاتی تەحقیقیی دەستی بۆ ببات، وە بڕگەی حەوتی پەیماننامەی مافە مەدەنییەکانی نەتەوەیەگکرتووەکان، کە عێراقیش ئیمزای کردووە و مولزەمە پێی، وەک پێشێلکردنێکی خەتەرناکی مافی مرۆڤ پێناسەی کردووە.

(٨):

ئەوەی کە ئەو تۆمەتبارانە لای دادگای لێکۆڵینەوە ناوی شاسوار عەبدلواحید ناھێنن وەک بەشداربوویەک لە تاوانی وێنەگرتنەکەدا یان ناردنی ھەڕەشەکەدا، بەڵام لای ئاسایش گوایە لە ئیفادەدا وتوویانە ئەو کەسە لە ھەردوو تاوانەکەدا بەشدار بووە، ئەو ئیفادەیە لەڕووی یاسایی و سەڵاحییەتی موحەقیقەوە کافیی نییە بۆ تۆمەتبارکردنی شاسوار عەبدلواحید و ئیحالەکردنی بۆ دادگا. دەڵێم لەڕووی یاساییەوە، چونکە نەبوونی بەڵگەی سەلمێنەر کە شاسوار عەبدلواحید ببەستێت بە یەکێک یان بەھەردوو ئەو تاوانەوە، قەت مانای ئەوە نییە کە ئەو کەسە لە واقیعدا دەستی لە یەکێک یان لە ھەردوو تاوانەکەدا نییە. لە ناوەندی یاساییدا دەوترێت «نەبوونی بەڵگە، بەڵگەی نەبوون نییە». واتە ئەگەر بەڵگەی سەلمێنەر لەبەردەستدا نییە کە بیسەلمێنێت کەسێک لە تاوانێکی دیاریکراودا دەستی ھەیە، ئەوە قەت بەڵگەی سەلمێنەری ئەوە نییە کە ئەو کەسە دەستی لەو تاوانەدا نییە. بەڵام لە یاسادا وایە کە ئەگەر بەڵگەکان کافیی نەبوون، نە پۆلیس مافی ھەیە کەسەکە ئیحالەی دادگا بکات، وە نە دادگا مافی ھەیە سزای بدات.