سەردێڕ:

بەعسییە رەفتار فاشییەکانی ناو یەکێتیی

5/11/2019 8:09:37 PM
6546 جار خوێندراوەتەوە
کامیار سابیر
+ -

نەمدەویست سەیری ئەو ڤیدیۆیە بکەم کە کۆمەڵێک گەنج بە زەبری تێڵاو ئەشکەنجە، دان بەھەندێک شتدا دەنێن، بەڵام ئەوەندەیان نارد بۆم، ناچار بووم سەیری بکەم. ئەم رەفتارەی ئاساییشی یەکێتی، ھەر سیاسییەکی ئەو حزبەی لە پشتەوە بێت، بۆ خۆخۆشەویستکردنە لای ئاغەکەیان( پارتیی) و تێکەڵاوکردنی ئەو ھەموو خەڵکەش کە سوکایەتییان پێکراوە، بۆ ئەوەیە کە رای گشتیی خەڵک و حزبەکانی تر، بە قازانجی خۆیان بجوڵێنن! 

سەدام، دەیوت، قانون لاستیکە و بەئارەزووی خۆمان، کورت و درێژی دەکەینەوە، ئاساییشەکەی یەکێتییش، بێ لەبەرچاوگرتنی ھەیبەتی دادگا، دوور لە کەناڵە قانونییەکان، بەچاوپۆشیین لە سەدان پەیجی حزبەکەی خۆیان و حزبەکانی تر کە ھەموویان کاریان ناوزڕاندن و سوکایەتیکردنە، رۆڵی بەعسییە رەفتار فاشییەکان، نۆژەندەکاتەوە و تۆمەتبار بە تاوانبار دەناسێنێت.

ئەم رەفتارە، ھەمان ئەو قسەیەی تاڵەبانیی دێنێتەوە یاد، بە بەعسییەکانی نەدەوت، فاشییەکان، بەڵکو پێیانی دەوت رەفتار فاشیی، ئەم رەفتارەی ئاساییشی یەکێتیی، دوور لە رێکارە قانونییەکان و دوور لە پرەنسیپەکانی دادگا و لەناو دەزگا داپڵۆسێنەرەکانیدا، ئەو حەقیقەتە دەردەخات کە ئەم کێشانە، کێشەی بیزنسی نێوان چەند بیزنسمانێکی سیاسییە و لە دوور و نزیکەوە، پەیوەندیی بە بەرژەوەندیی گشتیی و خەڵکەوە نییە. ئەو گەنجانەی قسە دەکەن و ئەو کەسانەی کە تۆمەتی ئەوەیان دەدرێتە پاڵ کە فیلمی سێکسییان ھەیە، ھەموویان قوربانیی ئەو شەڕە قێزەونەن کە بیزنسمانە سیاسییەکانی کورد، بۆ کەڵەکەکردنی پارە و سەرمایەی زیاتر لەناو ئەم سیستمە رەیعییە چەتەگەرییەدا، ئامادەن ھەموو رەفتارێکی فاشییانە بکەن.