سەردێڕ:

کێ تاوانباری سەرەکییە؟

7/1/2019 6:40:27 PM
6278 جار خوێندراوەتەوە
کامیار سابیر
+ -

پەکەکە، یان فاشیزمە( نەژادیی و طائیفیی) ەکەی ئەردۆغان!

لە ماوەی ١٥ ساڵی رابردوودا، دەیان نووسەر( منیش یەکێک بوومە) جەختیان لەوە کردووەتەوە کە پەکەکە دەبێ بییر لەوە بکاتەوە خەباتی چەکداریی بۆ دۆخی کوردستانی تورکیا و ناوچەکە گونجاو نییە و بە زیانی کێشەی سیاسیی کورد دەشکێتەوە. هاوکات، چەک بۆ پەکەکە پێویستە بۆ ئەوەی بنکە عەسکەریی و سیاسییەکانی بپارێزێ، نەک بچێت لە تورکیا، چەند سەربازێکی تورکیا یان چەند قوروجییەک بکوژێ. هاوکات وەکو گەرانتۆری سەرکەوتنە عەسکەرییەکانی کوردەکانی سوریا، پێویستە دەست بە چەکەوە بگرێت، تا ئەو کانتۆنانەی کوردستانی سوریا، لە رەهەندە سیاسیی و ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییەکاندا، جێکەوت دەکرێن.

ئەم هێرشە بەربڵاوانەی دەوڵەتی تورکیا، بە هەموو مەغزا سیاسیی، جیۆگرافیی و هاوکێشە ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییەکان، سەروەریی وڵاتێکی تر پێشێل دەکات و دەچێتە خانەی داگییرکارییەوە. گومانی تێدا نییە دەوڵەتی تورکیا بەبێ پشتییوانیی هێزە میلیشیاییەکانی پارتیی (پێشمەرگە و زێڕەڤانیی)، هەروەها بەبێ تەنسیق لەگەڵ ماڵی بارزانیی و پارتییدا، بەشەخصییش لەگەڵ ( سەرۆکی پارتیی و سەرۆکی هەرێم) توانای ئەوەی نییە ئیدامە بەم لەشکرکێشییانە، لە قوڵایی خاکی کوردستانی عێراقدا بدات.

ئەمەی ماڵی بارزانیی بۆ تورکیا و ئەردۆغانی دەکەن، بە هەموو مانایەک عەمالەتێکی ئیقلیمییە و رێک رۆڵی سوارەی ئەردۆغانیی( نیسبەت بۆ سوارەی حەمیدییە) و رۆڵی مورتەزیقە( mercenary = المرتزقة) دەبیینن. بێدەنگیی زۆریینەی حیزبەکانی کوردستانی (ئێران و عێراق)، بێدەنگیی ئەو هەموو جەڵەبە ئەدکادیمییەی زانکۆ بێ مەعریفەکانی کوردستان و ناسیۆنالیزمی تاراوگە، هەروەها خامۆشیی ئەو هەموو نوخبە رانتخۆرانەی کوردستان، راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، خزمەت بەم عەمالەتە ئیقلیمییەی ماڵی بارزانیی و پارتیی دەکەن.

بە دڵنیاییەوە، شەهیدکردنی هاووڵاتییانی مەدەنیی کوردستانی عێراق، سوتانی پووش، پاوەن، رەز و باغەکان، بە پلەی یەکەم ئەو فاشیزمەی ئەردۆغان و حیزبە طائیفیی و نەژادپەرستییە تورکییەی ئەو، لێی بەرپرسیارە.

ئەردۆغان لەسەردەمێکدا دژایەتیی مافە سیاسیی و کولتوورییەکانی لای کەم ٢٠ میلیۆن کورد لە تورکیا دەکات، فاشیزمەکەی کەمال ئەتاتۆرکیش، ئەو چاووڕووە پڕ لە فاشیزم و راسیزمەی نەبووە کە صەد ساڵ لەمەوبەر بیکات. بە واتایەکی تر، ئەگەر کەمالیزم، باوکی رۆحیی فاشیزمی تورکیی بێت، ئەوە ئەردۆغانیزم، وێڕای ئەوەی فاشیزمی تورکیی نۆژەن و مۆدێرنایز کردووەتەوە، ماستەرمایندی فاشیزمی نەژادیی و طائیفییشە، تێکەڵەیەکە لە ناسیۆنالیزمی دیینیی و فاشیزمی دەوڵەتیی، دەیەوێ کەمالیزم، بەسەر کوردستانی سوریا و کوردستانی عێراقیشدا، جێکەوت بکات.