سەردێڕ:

ئایدۆلۆژیای "ئەزبەنی" و وەھمی نوێکردنەوە

9/29/2019 4:35:37 PM
13100 جار خوێندراوەتەوە
ئومێد حەمەعەلی
+ -

 زۆر سەیرە! پەیوەندی مرۆڤ و وەھم ھێندە تۆکمە و تولا نییە وەھا بە مێشکا دێ، کە دەردێکی ئەبەدی بێ و ھێزی خۆڕاپسکان لێی و خۆ ڕزگارکردن ئاستەم و نەکردەبێ. دەردێکە ھەزار ڕێگا و بیانوو، ھەزار دەموچاو و ناونیشان قەرزدەکا بۆ ئەوەی ھەژمونی خۆی تا ئاستی پوچکردنەوەی ئەقڵ و ئەخلاق ببات. وەھم دەبێتە ئایدۆلۆژیا و ھەموو پێناسەیەکی حەقیقەت بۆ خۆی قۆرخدەکات و ھەزاران ئایدۆلۆژیست و شوێنکەوتووی گوێڕایەڵ بەرھەمدێنێت. وەھم بووەتە گەورەترین پیشەسازیی سیاسی و سەرزەمینی لەدایکبوونی دەیەھا چەشنی بونەوەری داخراو بەسەر خۆیدا و ئامادە بۆ قبوڵکردنی ھەر شتێک کە گوزارشت لە ئیرادەی ئەو وەھمە بکات. 

لە رابردووی دووردا وەھمەکان لە فەرمانڕەواییدا، لە بواری کۆمەڵایەتی و کەلتوریدا و لە تێکڕای پەیوەندییەکاندا بە روونتر لە ئێستا رۆڵیان و کاریگەرییان دیاربووە و بەوپەڕی ڕەزامەندییەوە بەرزنرخێندراون تا ئاستی پەرستنیان. ئەمە شێوازێکی پەیوەندی راستگۆیانەتر و ئەخلاقیترە لەو جۆرە پەیوەندییەی ئینسانی مۆدێرن لەژێر پەردەی زانست و ئەقلانییەتدا، لەژێر پەردەی دژایەتیکردنی وەھم و خورافەتدا  پەرەیانداوە بە فۆرمگەلێکی تر لە وەھمگەرایی و خورافەتپەرستی.  ئەم کێشەیە لەئاستێکی فراواندا دەرگیری کۆمەڵگە جیاجیاکان بووە و کۆمەڵگە خۆرھەڵاتییەکان لەو نێوەدا قووڵتر چەسپیون بە وەھمەکانەوە، بەتایبەت وەھمە سیاسییەکانیان، وەھمی سەرۆک، وەھمی کارێزماکان و وەھمی شۆڕش و گۆڕان، وەھمی نوێکردنەوە و خۆتازەکردنەوە، بەبێ ئەوەی لەواقیعی مێژوودا ئەم چەمک و واتایانە بوونیان ببێت.بەڵام ئەوەی کۆمیدییە موریدانی ئەم وەھمانە وەک راستەقینە تەعامول لەگەڵ وەھمەکاندا ئەکەن. 

کێشەی ئەم کۆمەڵگە سیاسییەی ئێمە غیابی بیرکردنەوە و ھزری ڕاستەقینەیە، کە بیتوانیایە ھەمیشە بە وریایی و ھەستیاریی تیژەوە لەھەموو نیاز و کردەوەیەکی سیاسی بڕوانێ و ھەڵوێست وەربگرێت. نەبوونی وەھا بیرکردنەوەیەکی تیژ بووەتە ھۆیەکی بەپیت بۆ بەرھەمھێنانەوەی ڕابردوو بە ناوی ژیانی تازەوە. یەکێک لەو چەمکانەی لە دونیای سیاسی ئێمەدا بەکارھێنانێکی زۆری ھەیە و لەڕێگەی بانگەشەی خۆنوێکردنەوە و نوێکردنەوەوە ھەمان دۆخ و ئەقڵییەت کە پێویستی بەتێپەڕاندنە، دەپارێزرێ و بەھێزدەکرێتەوە. 

کوردستان ئێستا کۆمەڵێک خێزانی سیاسی بەڕێوەی دەبەن، کە ھەریەکەیان لەباوانە سیاسییەکانیانەوە، موڵک و ماڵ و سەروەتێکی چەند ملیار دۆلارییان بۆ ماوەتەوە و خاوەندارێتی کۆمپانیا و وزە دەکەن. لەسەر ئەم ئەساسە خاوەنی حزب و بریارە سیاسییەکانن. بۆ مانەوەی ئەم رەوشە و رووکەشکردنی، ھەرچی ھێزی چەواشەکردن و میدیایی خۆیانە بەکاریدەھێنن بۆ بەخشینی ڕۆڵی چاکەخواز و نوێکەرەوە و بەکاریزماکردنیان، ئەمەش ئەو پیشەسازیی وەھمەیە کە ئیش لەسەر ئەوە دەکات لە ڕەگەزی ڕزیو و ھیچ لەبارانەبووی نەوەی خێزانە سیاسییە قۆرخکارەکانەوە بوونێکی پێویست و ئاڵتونی پیشانبدات.  ئەفسوس، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر ھەن، کە بەرئەنجامی ھەژاریی ئەقڵیی و فیکریی، یان بەخاتری بەرژەوەندی باوەڕ بەم وەھمانە ئەکەن و بوونەتە ئامڕازێکی بێ ڕۆح و کۆنتڕۆڵکراوی ئەم ئایدۆلۆژیای ئەزبەنییە. 

ئایدۆلۆژیای ئەزبەنی ھەنوکە بە قووڵاییەکی تردا دەڕوات و باڵکێشی بەسەر زۆربەی ھێز و جوڵانەوە سیاسییەکانی ئێمەدا ھەیە و خەریکە پەسەندییەکی ئاشکرا و بێ پەردەی ناوخۆیی ھەموو ھێزەکان وەردەگرێ، بەھەموو ئەو ھێزانەوەش کە بۆ ماوەیەک رووکەشییانە و پەرچەکردارییانە وەک نەیاری ئایدۆلۆژیای ئەزبەنی دەرکەوتوون. ئایدۆلۆژیای ئەزبەنی ئەو فۆرمە لە بیرکردنەوە و ئەخلاقە کە ڕەوایەتی بە دەسەڵاتی بنەماڵەیی دەدات و حوکمی پشتاوپشتی نەوە و مناڵی سەرۆکەکان و خێزانە سیاسییەکانی قبوڵە و  خزمەتی پێدەکات.

ئایدۆلۆژیا سیفەتێکی سەرسوڕھێنەری ھەیە لە دۆزینەوەی ڕەوایەتی و خافاندنی ئینساندا، بەشێوەیەک زۆرجار دەرگیری ئەو مرۆڤ و ھێزانەش دەبین، کە بەبانگەشەی شۆڕشگێڕانە و گۆڕانخوازیی دیموکراتییانەوە دەرکەوتوون، بەڵام نەیانتوانیوە ئەقڵ و ھێزی ڕزگاربونیان لەم ئایدۆلۆژیایە ھەبێ و کۆتاییەکی تراژیدییان بۆ خۆیان ھەڵبژاردووە و لە مەعبەدی ئایدۆلۆژیای ئەزبەنیدا خۆکوژیی سیاسی و ھزریی و ئەخلاقییان ئەنجامداوە.

" ئەوەی بە پلەی یەک بۆ ھەر ئینسانێکی ئێمە گرنگە خۆڕزگارکردنێکی ھزریی و ئەخلاقی ڕاستەقینەیە لە ھەژمونی ئایدۆلۆژیای ئەزبەنی و ناونیشانە جیاوازەکانی".