سەردێڕ:

بۆ ڕێگری لە ۳۱ ئاب و ھاوشێوەکانی

8/31/2019 11:18:38 PM
4815 جار خوێندراوەتەوە
شێرکۆ حەمەئەمین
+ -

مێژوی ململانێی چەکداری نێوان ھێزەکوردییەکان و پەنابردن بۆ دوژمنانی کورد لەپێناو یەکلاییکردنەوەی، بەقازانجی لایەک لاپەڕەی ھەرە ڕەشی مێژوی ئەم ھێزانەیە ھەر ئەم شەڕی چەکدارییە و پەنابردن بۆ دوژمنانی کورد ھۆکارێکی سەرەکی پاشەکۆیەتی ئەم ھێزانەبووە و زەبری کوشندەی لەھێنانەدی ئامانجەکانی میللەتەکەمان داوە و کوردی لەدۆخی پەرتەوازەییدا ھێشتووەتەوە، ۳۱ی ئاب یەکێکە لەو ساتانەی پارتی بۆ گرتنەوەی ھەولێر و وەک بارزانی وتی، ڕزگارکردنی وجودیان لەو پلانەی لەسەریان بوو کە ئەمەریکاش بەھانایان نەھات، پەنایان بۆ بەعس برد و ڕێککەوتنیان لەگەڵ کرد، ھەروەک چۆن یەکێتیش لەگەڵ ئێرانی کردبوو، بەبڕوای بەندە ھیچ شتێک پاساوی ھێنانی بەعس و ئێران نەبوو، ھەروەک چۆن لەھیچ کاتێکدا نابێت بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێی حزبی پەنا بۆ دوژمنانی کورد ببرێت، ئەمە خیانەتە ھەرھێزێکی کوردی بیکات دەبێت ڕووبەڕوی سزای یاسایی و میللی ببێتەوە.

یەکێک لەھۆکارەکانی شەڕی ھێزەکان و ململانێی چەکداریی کە زیاتر لەسەر دەسەڵات و پارەبووە بەتایبەتی لەنێوان پارتی و یەکێتی، بوونی ھێزی چەکداریی حزبی ھەردوولایەنە، ھەرچەندە لەیاسای ژمارە ۱۷ ساڵی ۱۹۹۳ یاسای حزبە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە، حزب نابێت لەناو ھێزی چەکداردا ڕێکخستنی ھەبێت،واتە حزب نابێت ھێزی چەکداریی ھەبێت، بەڵام ئەم یاسایەش وەک زۆربەی یاساکانی تر جێبەجێ ناکرێت و پارتی و یەکێتی و سۆسیالست ھێزی چەکداری حیزبیان ھەیە، تا ئەم ھێزە حیزبییانەش ھەبن، ھەمیشە ئەگەر شەڕی چەکداریی ئامادەیە، ھەر ئەمەش وایکردووە ئینتیمایان بۆ حزب و فەرماندەکانیان لەسەرو ھەموو شتێکەوەبێت، لەم ڕوانگەوە تائێستا وەک سوپا ھەڵسوکەوت ناکەن و لە ھیچ قۆناغێکدا نەیانتوانیوە سنور بۆ سەرکردە سیاسییەکان دابنێن و لە ھەڵوێستێک پەشیمانیان بکەنەوە یان ئامادە نەبن فەرمانێکی سەرکردەکان جێبەجێ بکەن؟! تەنانەت لە ۳۱ ئاب و ۱٦ ئۆکتۆبەریش و بەکارھێنانی ھێز لە سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی خەڵکدا، یەک فەرماندە و پلەداری ئەم ھێزانە نابینیت ڕیزەکانیان جێ بھێڵن و فەرمانی سەروخۆیان جێبەجێ نەکەن، واتە ھەڵگەڕانەوە نابینیت، بۆیە تائەم ساتەش پارتی و یەکێتی ئامادەنین دەستبەرداری ھێزی حزبی خۆیان ببن، ئێستا لە ھەندێ حاڵەتدا بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێی ناوخۆی خۆشیان بەکاریان دێنن و دەیاننێرنە سەر ھێزەکانی تریش.

ساڵی ۲٠۱٤ بڕیاری ژمارە ۱۹ لەپەرلەمانی کوردستان دەرچوو کە دەبێت لە ماوەی ٦ مانگدا ھێزەکانی پێشمەرگە بەتایبەتی، یەکەکانی ۷٠ و ۸٠ یەکبخرێن و لەژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەدابن، بەڵام تائێستا ئەم بڕیارەش جێبەجێنەکراوە، بەبڕوای من بۆ ڕێگریی لە ئەگەری ۳۱ ئاب و ھاوشێوەکانی لە ئێستاو ئایندەدا، نەمانی ھێزی حیزبییە، ھاوکات دەبێت رای گشتی و خەڵک بەجۆرێک کاریگەریی لەسەر ھێزەکان دابنێن کە ھیچیان بوێری ئەوە نەکەن بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێی ناوخۆیی، پەنا بۆ دوژمنانی کورد ببەن،ناشکرێت تاسەر ئەم ھێزە حزبییانە بەردەوام بن، بۆنموونە بەپێی ئاماری نافەرمی ۱٥ پارێزگای عێراق نزیکەی ٥٠٠ ھەزار ھێزی چەکداری ھەبێت، بەڵام ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٤۳۷ ھەزار ھێزی چەکداری ھەبێت.

‌بەپەلە