سەردێڕ:

حکومەت لە نێوان ئەرک و ھەڕەشەدا

7/22/2019 11:10:45 PM
4388 جار خوێندراوەتەوە
شێرکۆ حەمەئەمین
+ -

کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەرەتاکەی بەھەڕەشە دەستیپێکرد، تەنیا لایەنی ڕاپەڕاندنی ئەرکی موچەخۆران دەبینێت، بەبێ ئەوەی دیوی دووەمی وێنەکە ببینێت و دەستبەری بکات، کە مافی موچەخۆرانە، ئەم حکومەتە و سەرۆک وەزیرانەکەی لایان وایە ئەمەی ئێستا بۆ موچەخۆران ھەیە زۆرە و پێویستە بەپێیی ستانداردی وڵاتان دەوام بکرێت.

لە ھەموو جیھاندا ئەرک و ماف ھەیە، تۆ کە مافت نەداوەو دەستەبەرت نەکردووە، نالۆژیکییە داوای ئەرکی ستاندارد بکەیت؟!

ئەمە جگە لە قەرزی ساڵانی ڕابوردووی موچەخۆران، کە مافی خۆیانە و موچەکانیانە، کە لە ئەنجامی سیاسەتی برسیکردن و بڕیاری نایاسایی ژمارە ٦٤ساڵی ۲٠۱٦ ی پاشەکەوتی موچەدا، کەوتوەتە لای حکومەت و ھیچ ئاسۆیەکی دانەوەشی دیارنیە، لە کاتێکدا کۆی لیستەکان و سێ کوچکەی دەسەڵاتیش چ لە بانگەشەی ھەڵبژاردنی ئایاری ۲٠۱۸ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و چ کاتی ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردنی ۲٠۱۹/۹/۳٠ پەرلەمانی کوردستان، بانگەشەی گێڕانەوەی پاشەکەت کراوە، بەڵام سەرۆکی حکومەت لە کارنامەکەیدا ھیچ ئاماژەیەکی پێنەکرد، کە کارنامەکە لیژنەیەکی سێ کوچکەی دەسەڵات نوسیبویان، جگە لەوە لە حاڵی ئێستا کۆتایی مانگی حەوتی ۲٠۱۹یە، ھێشتا موچەی مانگی چواری ۲٠۱۹ی کۆی وەزارەتەکان دابەشنەکراوە! کەچی حکومەت ھەڕەشە دەکات و بڕیاری دەوام و بڕیارگەلی تر دەردەکات، کە زیاتر بە ئاڕاستەی شاردنەوەی زانیارییەکان و ئەرکی موچەخۆراندا دەڕوات، ئەمەش ئاماژەیەکی سەرەتایی کاری کابینەی نۆیەمە، کە ھەڕەشە و ئەرکە، بێ ئەوەی مافی تەواوی دابین کردبێت، کەھاوکێشەیەکەلاسەنگ دەکات.

ئەمە لەکاتێکدا ھەڵمەتێکی میدیایی، میدیای فەرمی و سێبەری سێ کوچکەی دەسەڵات، لەسەرەتای ڕاسپاردنی مەسروربارزانیەوە بەڕێخراوە و ئێستاش بەردەوامە، کە ئەم کابینەیە جیاوازدەبێت و سەرۆک وەزیرانەکەی جیاوازە و ئەزمونی ئەمنی ھەیە، ئەمەش وادەکات، کابینەکە سەرکەوتوبێت.بەڵام ئەوەتا لەسەرەتای ھەنگاوەکانیدا نەتوانرا ئەو خشتەیە جێبەجێ بکرێت، کە بۆ دابەشکردنی موچەی مانگی چوار ڕاگەیەنرابو،کە ۷/۲۳ دابەشکردنی موچەکۆتایی دەھات، لەبەرانبەرداھەمان قسەی ڕابوردوش کرایەوە، ( ھۆی دواکەتنی موچە نەگەشتنی پارەکەی بەغدایە،کەی پارەکەلە بەغداوەگەشت موچەدابەش دەکەین) .

حکومەت و وەزارەتێکی دارایی پارەی یەدەگی یەک دو وەزارەتی نەبێت، کە ھەندێکیان چەند ملیار دینارێکن،چۆن دەتوانرێت،پێی بوترێت حکومەت؟!

ھەرچەندە ھێشتا سەرەتایە و زوە ، تا حوکم، لەسەرئەم کابینەیە بدرێت، بەڵام ھەنگاوەکانی سەرەتای، بۆ موچەخۆران دڵخۆشکەرنین.

ئەوەی گرنگە، وەک چۆن ھەڵمەتێکی میدیایی سێ کوچکەی دەسەڵات و میدیای سێبەریان، بۆ جوانکردنی کابینەکەو ناساندنی ھەنگاوی سەرەتایی و ڕووکەش، بە چاکسازی و گۆڕینی شێوازی کارکردنی حکومەت ھەیە، وەک لە وتارەکەی سەرۆک وەزیرانیشدا ھاتبوو،ھەربەوجۆرەش پێویستە ھەڵمەتی میدیایی و چالاکی جۆراوجۆر، بۆ دەرخستنی تەواوی ڕاستیەکان و دیوی دووەمی وێنەکە ھەبێت، کە ئێستا تەواو سست و لاوازبووە، پێویستە ئەمە ببوژێنرێتەوە وچاودێری ورد دەست پێ بکاتەوە، کە لەبەرژەوەندی گشتی و لەخزمەتی ھاووڵاتیاندا دەبێت.