سەردێڕ:

غالب و نێچیرڤان و عەلی وەردی!

5/27/2019 1:46:09 PM
12331 جار خوێندراوەتەوە
عەبدوڵای مەلا نوری
+ -

ھەفتەی رابردوو دکتۆر غالب محەمەد لە دەستپێشخەرییەکی ئازایانەدا، لە بەغدا سکاڵای یاسایی لە سەر حکومەتی ھەرێم بەرزکردەوە، لە سەر ئەوەی حکومەتی عێراق لەمساڵدا چوار موچەی بۆ موچەخۆرانی ھەرێم ناردووە، بەڵام حکومەتی ھەرێم تەنھا دوو موچەی داوە، دووەکەی تری دیزەبەدەرخۆنە کردوە!
ھاوڵاتی ئازیز، موچەخۆری بەڕێز؛ ئایا سەرنجت داوە ئەو کەسەی بەرپرسە لە فەوتاندنی ئەو دو موچەیەی تۆ ھەر ئەو نێچیرڤان بارزانیەیە کە بە وتەی ئومێد خۆشناو، سبەی بە ۹٠ دەنگ دەبێت بە سەرۆکی ھەرێم؟!(لێردا باسی ئەو ساڵانەی تری گەندەڵی و حکومڕانی خراپ ناکەم.)
ھاوڵاتی ئازیز؛ ئایا بە دیقەتەوە بیرت لەوە کردوەتەوە ئەوەی سبەی لە پەرلەمان دەکرێت متمانە پێدانە؟ متمانەش بە کەسێک دەدرێت دەستێکی ئەمین بێت! ئەی کە دادگاو داواکاری گشتی بەغدا بە چاوی خۆیان ببینن پەرلەمانی کوردستان بە دەنگدانی ئاشکرا متمانە بەو تۆمەتبارە دەدات کە سکاڵای لە سەر بەرز کراوەتەوە، ئایا ئەبێ چ پرسیار و چ شعورێکیان لا دروست ببێت؟!
گەر تۆ لە جێگای دادوەرەکەی بەغدا بیت چۆن حوکم دەدەی؟ ئایا لە خەیاڵی خۆت دا نوێنەرەکەی بەغدات بە راست دەزانی یان پەرلەمانی کوردستان؟!
ئایا تۆی دادوەر ئەو دوودڵی و پرسیارەت لا دروست نابێ، بە خۆت بڵێی: مادام پەرلەمانەکەی خۆیان باکی نیە بە مافی ھاوڵاتیان، ئەی من بۆ باکم ھەبێ؟!
سەیرە؛ خەڵکانێک کە دەستخۆشیان لە دکتۆر غالب کردووە و پشتیوانیان بۆ دەربڕیووە رەنگە ئێستا کە ئەم کورتە نوسینەی من دەخوێننەوە یەکسەر بڵێن: ئەی رێکەوتن کراوە بۆیە پەرلەمانتارە بەڕیزەکان ناچارن دەنگ بە نێچیرڤان بارزانی بدەن! یاخود رەنگە بڵێن ئیدی ئەمری واقع وایە ناچاری ھەڵسوکەوت لەگەڵ ئەم دۆخە بکەی!
بە ھەرحاڵ بەشبەحاڵی خۆم نەخۆشیەکە دەبینم، کە سەرچاوەکەی پاش خراپی دەسەڵات، خودی ھاوڵاتیان بەرپرسن.
دکتۆر عەلی وەردی کۆمەڵناسی عێراقی بە وردی باسی دوو روویی خەڵکی عێراق دەکات و وەک سەرچاوەی سەرەکی مەینەتیەکانی خودی خەڵکیش باسی دەکات!
ئێمەی ھاوڵاتی ئەگەر دوێنێ پشتیوانیمان لە سکاڵاکردنەکەی بەغدا کردبێ بەڵام بۆ سبەی پاکانە بۆ دەنگدان بە نێچیرڤان بارزانی بکەین، ئەوا دەبێ بزانین ئێمەش بەشدارین لە شەرعیەتدان بە ستەم و نادادی! ئەو کات دەبێ لە خۆمان بپرسین؛ ئایا ھەر بەراست شایستەی ژیانێکی لە ئێستا باشترین؟!
ساڵانێکە لە بازنەیەکی داخراودا دەخولێینەوە، بە دەستی خۆمان تەمەنی کێشەو مەینەتیەکان درێژ دەکەینەوە، چونکە بە راستەوخۆش نەبێ بە ناراستەوخۆ، لە کەناڵی ترەوە دەبینەوەو دەکرێنەوە بە بەشێک لەو سیستمە خراپە.
ئەم نوسینەم بۆ وروژاندنی پرسیارو دروستکردنی گومان بو لە ئاستی وردبینی و جدیەتی خۆمان لە بەرامبەر روداوەکان و مافەکانمان.