سەردێڕ:

لێدانێک لە دەرگای گۆڕانخوازان !

5/6/2019 12:23:57 PM
6199 جار خوێندراوەتەوە
عەبدوڵای مەلا نوری
+ -

ئەسڵ ئەوەیە دەست ڕۆیشتوانی گۆڕان کە رەخنەیان لێدەگیرێت خۆیان بێنە ناو کۆڕ و کۆبونەوە جەماوەریەکان و سەر شاشەکان، بە دۆکۆمێنت و گفتوگۆی عەقڵانی داکۆکی لە ھەڵوێست و کارەکانیان بکەن و وڵامی رەخنەکان بدەنەوە. وەلێ ئەمانە بە مەبەست دۆخێکیان دروست کردووە، ئەوەی رەخنەیان لێ بگرێ روبەروی شەپۆلێک لە ھێرش و تۆمەت و ناوزڕاندن دەبێتەوە. ئەوەی تا دوێنێ وەک ھەڵسوڕاوێکی پاک و پاڵەوان و دڵسۆز پێیداھەڵدەدرا لە شەو و رۆژێکدا وەک ناپاک و ئەھریمەن پیشان دەدرێ.

ئەم چەکە ژەھراویەی کە بۆ تەسفیەکردنی دەنگی ناڕازی و کپکردنی رخنە لە ناو گۆڕان لە چالاکیدایە، جگە لەوەی شوێن پێ ھەڵگرتنی چەپەڵترین و ئاست نزمترین کلتوری دەسەڵاتە، کە بەرامبەر بە دەنگی ئازاو جیاواز بە کاریان دەھێنا، ھاوکات بۆ دروستکردنی سەرلێشێوان و گومانە لە سەر ھەر بۆچون و پرس و بابەتێک، کە بیەوێت رێگا و روی راستی پێشھات و روداوەکان بۆ رای گشتی رون بکاتەوە. ئامانجی دوورتریشیان تۆراندن و بێھیواکردنی خەڵکە لە ھەموو دەنگ و رەنگێک.

لە پاڵ ئەو ھەوڵانەی بۆ بێ بایەخکردن و ناشرینکردنی خەڵکانی رەخنەگرو ناڕازی دەدرێت، دەنگێک ھەیە بە نیازپاکی بێت یان بە پێچەوانەوە، دەپرسێت: بۆ فڵان کەس تا لە ناو گۆڕاندا بوو، رازی بوو و رەخنەی نەبوو؟ بۆ تا بەرپرس بوو، یا نزیکی بەرپرسەکان بوو بێ دەنگی لە کێشەو کەموکورتیەکان کرد؟ ئەمە تا ئەو کاتەی پرسیاری چاودێران و ھاوڵاتیان و دەنگدەران بێت بێ چەندوچوون پەسەندە. بەڵام کاتێک پرسیاری ھەڵسوڕاوێکی گۆڕان بێت ئیدی دەبێ رونکردنەوەی لە بارەوە بدرێ.

لێرەدا قسەی من بۆ ھەڵسوڕاوانە. لە حیزبدا بەرنامەی سیاسی و دەستور (پەیڕەوی ناوخۆ) ھەیە، پابەندی و سنورو چوارچێوە ھەیە، ئەوەی پیی دەوترێت دسپلین. بۆ گەیاندنی ھەر بەڵگەو پێشنیازو پرۆژەو رەخنەیەک دەبێت لە رێگەی ئۆرگانەوە بێت. ئەرکی ئۆرگانی بەرپرسە بەدوداچونی ھەبێ وڵام بداتەوە. ئەگەر لادان و سەرپێچی و کەمترخەمی ھەبوو، دەبێ راستکردنەوە و سزادان ھەبێ. دسپلین ئەرکێکی پلەبەندی و بۆھەمووانە، چۆن کادرێکی خوارەوە دەبێت پابەندی ھەبێ، تا پۆست و بەرپرسیارێتی باڵاتربێت پابەندی زیاتر دەبێ. لە حیزبی کوردیدا پابەندی بۆ کادرانی خوارەوەیە، بەرپرسانی باڵا و دارودەستە و ناو بازنەی تەکتولەکانیان لە سەروی لێپرسینەوەن و حەسانەیان ھەیە.

لە گۆڕاندا لە رابردوودا تا دەگات بە ئێستا بە رێژە و ئاستی جیاجیا پێشێلکردنی دەستورو بەرنامەی سیاسی، پشتگوێ خستنی رۆڵی دامەزراوە، ھەڵگەڕانەوە، لادان، کەمتەرخەمی، تەکتول، درۆکردن لەگەڵ خەڵک، بەرپرسی گەندەڵ، نا شەفافی دارایی، خۆدەوڵەمەندکردن، کۆبونەوەی ژورە تاریکەکان ھەبووەو ھەیە. بۆ ھەریەک لەمانەش بەڵگەو نمونەی تەواو ھەن. لە ئاست ئەمانەدا لە ھەنگاوی یەکەمدا ئەرکی ھەڵسوڕاو ئەوەیە بە دسپلین سەرەتا لە ئۆرگانەکانەوە رەخنەو گلەییەکانی بە سەروی خۆی بگەینێت و ھەوڵ بدات بە بێ دەنگی لە ناوخۆی حیزبدا کێشەکان چارەسەر بکرێن.

لەم سۆنگەیەوە دەیان پرۆژە، پێشنیاز، بەڵگە، رەخنە لە سەر ھەریەک لە لادان و کێشەکانی ناو گۆڕان لە ھەندەرانەوە، لە ناوخۆی کوردستانەوە بە ئارامی، بە رێوشوێنی حزبی، بە تەلەفۆن، بە نوسین، بە قسە، لە کۆبونەوەی کراوە و داخراوەکاندا، لە شوێنە رەسمی و ناڕەسمیەکاندا خراوەتە بەردەم دەسەڵاتدارانی گۆڕان، بەڵام بۆ جارێکیش نەیانتوانی و نەیانویست دەست بۆ چارەسەری تاکە کێشەیەکی جدی ببەن (دەیان کۆنوس و نوسراوی واژۆکراو و تۆماری تر ھەن راستی ئەم قسانەم دەسەلمێنن)، چوون لە گۆڕانیشدا دەستڕۆیشتوان و دڵخوازەکانی ئەوانن، کە سەرکێشی و ھەرزانفرۆشیان بە پرۆژەی گۆڕانەوە کردووە و دەیکەن و خەریکی شتی تایبەتن.

لێرەدا پرسیار ئەوەیە؛ دوای سەدان ھەوڵی دڵسۆزانەی بێ ئەنجام، دەبێ چی بکرێت؟ ئایا کۆڵ بدەیت و خۆت رادەستی ئەمری واقیع بکەیت؟ یان بە بێ دەنگی بڕۆیتە ماڵەوە لێی دانیشی؟

حیزب دامەزراوەیەکی گشتیە، ھی تاقمێک نیە تا لێگەڕیی بە کەیفی خۆیان ئاڕاستەی بکەن. کاتێک سەدان ھەزار کەس بەشداربوون لە دروستکردنی گۆڕاندا، مافی خۆیانە لە وردو درشتی ژیانی ئەم حیزبە بپرسنەوە. بە تایبەت لە دۆخێکدا بە ئاقاری لادان و ھەڵگەڕنەوەدا ببرێت، ئا لەم ساتەدا ئەرکی ئەخلاقی ئەوەیە دەنگ ھەڵبڕی، رەخنە بگری، راستیەکان بە خەڵک بڵێی.

سەرنج لەم ھاوکێشەیە بدەن؛ پاش گوێ نەگرتن و چارەسەرنەکردنی کێشەیەکی ھەستیار لە رێگەی ئۆرگانەکانەوە، کە ئەم راستیە لە کات و ساتی خۆیدا دەخەیتە بەردەم دەنگدەران و ھەڵسوڕاوان و لە مەترسییەکان ئاگاداریان دەکەیتەوە ھەندێک دەڵێن: نەدەبوو لە میدیاکاندا ئەم قسانە بکەی! خۆ کاتێک درەنگ وەخت ئەم راستیە دەدرکێنی ھەندێکی تر دەڵێن: بۆ لە کاتی خۆیدا باست نەکرد؟!

لە سەر ئەو قسەوباسانەی سەرەوە دەمەوێ ئاماژە بە نمونەیەکی زیندو بکەم: ئەوەی لەم سەروەختەدا بە ناوی رێکەوتنی پارتی-گۆڕانەوە لە سەر پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم کراوە دەستبەرداربونی سیستمی پەرلەمانی ھاوشێوەی بەغدایە کە کرۆکی بەرنامەی سیاسی گۆڕان پێک دەھێنێت. ئەوەی دەکرێت سیستمی پەرلەمانی نیە، ئەسڵەن ھیچ جۆرە سیستمێک نیە، بەڵکو دەقیق جێبەجێکردنی ئەجێندای پارتی و ئاوا کردنی سیستمی دڵخوازو داھێنراوی بنەماڵەیە.

ئەوەی دەکرێت دەرئەنجامی سەرکەوتنی لۆبی پارتیە بە سەر لۆبی گۆڕاندا لە گردەکەی ‌قەڵای گۆڕانکاری، وەک چۆن ساڵانێکە لە ناو سەرکردایەتی یەکێتیدا ئەم دیاردە سەیرە دەبینین. ئەوەی دەسڕۆیشتوانی گۆڕان دەیکەن ھەمان رۆڵگێڕانی یەکێتیە لە ناو ئەجێنداو سیاسەت و سیناریۆی پارتیدا، بەڵام بە نرخێکی زۆر ھەرزانتر. ئەوەی لە رۆژانی داھاتودا بە ناوی کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی ھەرێمەوە لە پەرلەمان دەکرێت ٣٠ حوزیرانێکی ترە. ئەو پۆستانەی دەدرێن بە گۆڕان ھیچ نیە جگە لە بەرتیلێکی بێ بەھا لای پارتی لە بەرامبەر دەستبەرداربونی گۆڕان لە لوبی خەباتی گۆڕان و نەوشیروان مستەفا کە خۆی لە گۆڕینی سیستمدا دەبینییەوە.

لە ماوەی رابردودا بە بێ دەنگی و لە ناو ئۆرگانەکانەوە ھەوڵی زۆر درا تا رێگە بەم ھەرزانفرۆشیەی گۆڕان نەدەرێ، دوا جار لە ٢٦ی ٣ی ٢٠١٩ بە ناوی دەیان ھەڵسوڕاوی دیار و باڵاوە بە فەرمی بڕیار بەدەستانی گۆڕان لەوە ئاگادار کرانەوە، کە ئەوەی دەیکەن ھەڵگەڕانەوەیە لە گۆڕان، داوایان لێ کرا ھەنگاوەکانیان راگرن، بەڵام سودی نەبوو.

ئەمە تازەترین نمونە بوو بۆ ئەوانەی کە دەڵێن:"لە ناو ئۆرگانەکانەوە قسەکانتان بکەن"، ھەروەھا بۆ ئەوانەش کە دەڵێن: "بۆ لە کاتی خۆیدا قسەتان نەکرد؟".

وائێستا قسەمان کرد، با بزانین چی دەبێ، باقی قسەکان بۆ رۆژگارێکی تر...