سەردێڕ:

ڕۆژنامەی "کوردستان" لە ٢٢ی نیسانی ١٨٩٨ دەرنەچووە

4/23/2019 2:17:32 PM
3965 جار خوێندراوەتەوە
مەغدید سەپان
+ -

بەگوێرەی سەرچاوەکانی بەردەست، د. مارف خەزنەدار یەکەم کوردە، ڕۆژی دەرچوونی ژمارە یەکی رۆژنامەی "کوردستان"ی بە ٢٢ی نیسان داناوە. ئەوەشی بە گوتارێک لە رۆژنامەی (برایی - التآخی) لە ژمارەی ٢٢ی نیسانی ١٩٦٨ بڵاوکردوە. لە ھەمان ساڵ د. کەمال فواد لە کتێبخانەی ماربوورگ لە ئەڵمانیا زۆربەی ژمارەکانی ڕۆژنامەی "کوردستان"ی دۆزیبۆوە و بە گوتارێک لە ژمارە یەکی گۆڤاری "ڕووناکی" ، کە لە ٢٣ی مایسی ١٩٦٩ دەرچوو، ئەم دۆزینەوە تازە و گرنگەی بۆ خوێنەرانی کورد ئاشکرا کرد. دواتر ھەر د. کەمال فواد تەواوی ژمارەکانی بەردەستی لە ڕۆژنامەی "کوردستان" لە بەرگی کتێبێک بەناوی: ("کوردستان" یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی) لە ساڵی ١٩٧١ لە بەغدا چاپکرد.

د. کەمال فواد لە پێشەکی کتێبەکەی بەمجۆرەی خوارەوەی لەسەر ڕۆژنامەی "کوردستان" نووسییە: یەکەم ژمارەی رۆژنامەی (کوردستان) لە ٣٠ ژوالعقدەی ١٣١٥ (١٩ی نیسانی ١٣١٤ی ڕۆمی) بەرامبەری ٢٢ی نیسانی ١٨٩٨ لە قاھیرە دەرچوو... بە دوو ھەفتە جارێک لە چوار لاپەڕەی (٢٥،٥ x ٣٢،٥ سم دەردەچوو).

نزیکەی چل ساڵ بەسەر بڵاوکردنەوەی یەکەم گوتاری د. کەمال فواد لە گۆڤاری "ڕووناکی" ڕەتبووە و ٣٨ ساڵیش بەسەر کۆکردنەوە و چاپکردنەوەی لە بەرگی کتێبێک، کە لەو کات ٧٣ ساڵ بەسەر دەرچوونی ژمارەی یەکەم ڕەتبووبوو، ھەروەھا ئەمساڵیش، کە یادی ١٢١ ساڵەی ڕۆژنامەی "کوردستان" دەکرێتەوە، نووسەر و ڕۆژنامەنووس و توێژەرانی کورد لە ھەموو ئەو ماوەیەدا قەت ھیچ گومانێکیان لە ڕۆژی دەرچوون نەبووە و تێڕوانینی ھەردووک دۆکتۆر (٢٢ی نیسان) لە رۆژنامەگەری کوردی چەسپاوە و جێگیرە.

لەڕاستیدا، منیش بەچاولێکردنەوە، ھەمان ڕای ھەموو نووسەر و ڕۆژنامەنووس و توێژەرانی کوردم ھەبووە، لەھەمان کات دەمێکە ئارەزووم بوو، بەرھەمێکی تێر و پڕ لەسەر ڕۆژنامەی "کوردستان" بنووسم، تێیدا ناوەڕۆکی ھەڵبسەنگێنم، باس لە نەخشەسازی بکەم و لەگەڵ رۆژنامە و بڵاوکراوەکانی ئەوکاتی عەرەبی، تورکی، فارسی و ھەندێک لە وڵاتانی ئەوڕوپی بەراوردی بکەم.

بۆئەوەی ئەم توێژینەوەیەم سەربگرێ و بە تێری لەسەری بنووسم، دەبوایە سەردانی کتێبخانەی مەلەکی سوید لە ستۆکھۆڵم بکەم، سەردانی دیاربەکر و تورکیا و ئەرشیڤی عوسمانلی لە ئیستانبۆل بکەم، ھەروەھا سەردانی وڵاتی میسر و چاپخانەی ھیلال، ڕۆژنامەی الاھرام و کتێبخانەی ئەسکەندەرییە بکەم. ئەو ھەموو سەفەرانە خەرجی زۆری دەویست، بۆیە وەک پڕۆژە بۆ چەند دەزگا و بەرپرسێکی حکومیم نارد، ھیچ وەڵامم وەرنەگرت.

پڕۆژەی رۆژنامەی "کوردستان" بۆمن بە ئەندازەیەک گەورە و گرنگ بوو، لەو بڕوایەدابووم، ئەگەر من نەینووسم، کەس ناینووسێ یان کەس وەک من ناینووسێ، لەوکات خوێنەری کورد لە بەرھەمێکی زۆر گرنگ بێبەش دەبی، چونکە خۆم بۆ ماوەی دە ساڵ وەک کرێکار و چاپچی لە چاپخانە لە کوردستان و لە سوید کارم کردووە، چەند ساڵێک وانەی دیزاین، ژانرەکانی ڕۆژنامەوانی، ئێتیکی ڕاگەیاندن، ئەرشیڤ و زۆر بابەتی دیکەشم لە بەشەکانی راگەیاندن لە زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستان گوتۆتەوە و ئەزموونی زۆرم لەم بوارە پەیدا کردووە، بۆیە دەستپێکردن بەو پڕۆژەیە، بۆمن لە خەونێکی گەورە و زۆر جوانی دەکرد، بەڵام بێپشتیوانی ماددی ھیچ نەدەکرا.

لە نۆڤێمبەری ٢٠١٨ لەگەڵ کاک بەرزۆ ئیسماعیل سەردانی برادەرێکی بازرگانی خوێندەوار و خوێنەر و ئاشقی کتێب و فەرھەنگم لە سولەیمانی کرد، لەناو قسەکان باسی ئەو خەونەی منیش کرا، بێئەوەی چاوەڕێی ھیچ لەو بازرگانە بەڕێز و خەمخۆرە بکەم، بێئەوەی بەنامە وەک پڕۆژە بۆی بنووسم یان ھیچ بیرۆکەیەکم بۆ وەرگرتنی یارمەتی بۆ چاپکردنی کتێبێک لەمێشک بووبێ، ئەو پشتگیری تەواوی لەم پڕۆژەیە کرد و ھەموو خەرجییەکەشی خستە ئەستۆی خۆی.

لە ڕۆژی دووشەممە (٧ی کانونی دووی ٢٠١٩) سەردانی کتێبخانەی مەلەکی ستۆکھۆڵمم بۆ وەرگرتنی کۆپی دوو ژمارەی دوو رۆژنامەی ڕۆژانەی بەناوبانگی سویدی (Aftonbladet – Dagens nyheter)ی (٢٢ی نیسانی ١٨٩٨) کرد، بۆئەوەی لە داھاتوو لەگەڵ رۆژنامەی "کوردستان" بەراوردیان بکەم... من بینیم لەسەر ھەردووک ڕۆژنامە: "ئەفتۆنبلادێت، داگینس نیھێتەر" رۆژی ھەینی نووسراوە، من یەکسەر گومانم لاپەیدابوو، کە رۆژی ھەینی پێش ١٢١ ساڵ لە میسر باوەڕناکرێ، خەریکی دەرکردنی رۆژنامە بووبن، چونکە لە جیھانی ئیسلامی ئەم ڕۆژە پشووە... من گومانم بۆ دروستبوو و تێگەیشتم، لەوانەیە رۆژی ٢٢ی نیسان ھەڵەبێت و ڕۆژی دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی "کوردستان" نەبی، بۆیە بڕیارمدا بەدواداچوونی زیاتری لەسەر بکەم. 

ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی کانونی دووی ٢٠١٩ لە ھەولێر سەیری ژمارە یەکی رۆژنامەی "کوردستان"م کرد، ڕۆژی پێنجشەممەی لەسەر نووسرابوو، زوو تێگەیشتم ٢٢ی نیسان ھەڵەیە، چونکە ڕۆژەکان وەک مامۆستا فەرھاد شاکەلی لە گوتارەکەی ڕۆژنامەی "ئاسۆ" دەنووسێ، لە سەردەمی سۆمەری و بابلییەکانەوە تا ئێستا بە سیستێمێکی ڕێکوپێک و بێ ھەڵە بەکارھاتوون.

من پێشتر زانیبووم مامۆستا فەرھاد شاکەلی گوتارێکی لەسەر دەرچوونی یەکەم ژمارەی "کوردستان" نووسیبوو و تێیدا سەلماندبووی، کە ڕۆژی ٢٢ی نیسان ڕۆژی دەرچوونی یەکەم ژمارەی کوردستان نییە، بەڵام لەبەر ئەوەی من گوتارەکەی ئەوم نەخوێندبۆوە، نەمدەزانی مامۆستا فەرھاد شاکەلی چ ڕۆژێکی بەلاوە دروستە. بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارەم دەست بکەوێ، لە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٤ی ئازاری ٢٠١٩ لەگەڵ مامۆستا فەرھاد شاکەلی لە شاری ئوپسالا لە سوید یەکترمان بینی و لەم دانیشتنە، من بە کورتی باسم لەو پڕۆژە جوانەی خۆم کرد، ھەروەھا باسم لە ڕۆژی دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی "کوردستان" کرد، کە ٢٢ی نیسان ھەڵەیە و ٢١ ی نیسان دروستە، ھەر لەو دانیشتنە، مامۆستا فەرھاد شاکەلی گوتارێکی خۆی بۆ ھێنابووم، کە پێشتر لە ڕۆژنامەی ئاسۆ لە ژمارە (٤١٣)ی ڕۆژی یەکشەم، ڕێکەوتی ٢٢ی نیسانی ٢٠٠٧ بڵاوکرابۆوە، تێیدا ٢١ی نیسانی بە ڕۆژی دەرچوونی ژمارە یەکی ڕۆژنامەی "کوردستان" دانابوو. دەبی بنووسم، من زۆر دڵخۆشبووم، ھەردووکمان لە دوو کاتی جیا، بێئاگاداری یەکتر ھەمان ئەنجاممان دەستکەوت.

ھەر لەم گوتارە، مامۆستا فەرھاد شاکەلی جگە لەوەی رۆژی ٢١ی نیسان بە ڕۆژی دەرچوونی ژمارە یەکی ڕۆژنامەی "کوردستان" دادەنێ، بەڵکو ھەڵەیەکیش لە دانانی ڕۆژەکانی سەر ژمارە و لاپەڕەی یەکی ڕۆژنامەی "کوردستان" دەدۆزێتەوە، کە بە پێی تەقویمی کۆچی دەبوایە ٢٩ی مانگی زولعەقدە لە لاپەڕەی یەکی ڕۆژنامەی "کوردستان" بنووسرابا نەک وەک ئێستا ٣٠ زولعەقدە، ھەروەھا بەپێی تەقویمی ڕۆمی پێنجشەممە ٩ی نیسانی ١٣١٤ ئەگەر بۆ ساڵی زایینی بگۆڕین دەکاتە ٢١ی نیسانی ١٨٩٨، بەمجۆرە دەسەلەمێندرێ، کە رۆژی ٢٢ی نیسان ھەڵەیە و ڕۆژی ٢١ی نیسان دروستە.

لە ئەنجامی ئەو بەدواداچوونەی من و مامۆستا فەرھاد شاکەلی دەردەکەوێ، کە مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردی یەک ڕۆژ زووتر دەستیپێکردووە، لەوەی تا ئێستا نووسراوە و باسی لێوەدەکرێ، ھەرچەندە یەک ڕۆژ بۆ مێژووی ١٢١ ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی لەوانەیە زۆر نەبێت، بەڵام ئەگەر ئاشکرابوو و ئەو ئەنجامە ڕاست و دروستە دەستکەوت، دەبێ ئەو ھەقیقەتە بۆ خەڵک باسبکرێ.